ته‌مموز 21, 2025

نرخی شیشی بیناسازی بەرز دەبێتەوە

جار بینراوە: (6.7K)

دوای جێبەجێکردنی بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ قەدەخەکردنی هاوردەکردنی شیشی بیناسازی، نرخی ئەو مادە سەرەکییە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازرگانان و کەرتی بیناسازی دروستکردووە. هاوکات نرخی (ئاسنی سکراب)یش بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بڕیارەکە قەدەخەی هاوردەکردنی شیشی قەبارە 8 ملم تاوەکو 32 ملم لەخۆدەگرێت و بڕی 130 دۆلار گومرگی خستووەتە سەر هاوردەکردنی شیشی قەبارە گەورەتر.

بێستوون ئیسماعیل، بازرگانێکی شیشە ووتی: “لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەکردنی شیش، نرخی هەر تۆنێک شیش نزیکەی 100 دۆلار گران بوو. ئێستا تۆنێک شیشی خۆماڵی بە 625 دۆلارە و هی ئێرانیش (ئەوانەی پێشتر هاوردەکراون) بە 615 دۆلار دەفرۆشرێن، لە کاتێکدا پێشتر نرخەکانیان لەنێوان 510 بۆ 515 دۆلار بوو.”

گرانبوونی شیش راستەوخۆ نرخی ئاسنی سکرابیشی بەرزکردووەتەوە، کە کەرەستەی خاوی سەرەکیی کارگەکانی ناوخۆیە. عیماد بێستوون، بازرگانێکی دیکەیە و دەڵێت: “نرخی سکراب نزیکەی 50 دۆلار بۆ هەر تۆنێک چووەتە سەر. پێشتر تۆنێکمان بە 310 هەزار دینار دەکڕی، بەڵام ئێستا بە 410 هەزار دینار وەریدەگرین.”

بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دەرچووە و ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆییە. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 15 کارگەی بەرهەمهێنانی شیش هەن، کە توانای بەرهەمهێنانی مانگانەیان دەگاتە نزیکەی 350 هەزار تۆن.

خاوەن کارگەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە توانای بەرهەمهێنانیان لە پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ زیاترە. ئومێد محەممەد، خاوەنی یەکێک لە کارگەکان، باس لەوە دەکات: “بە دڵنیاییەوە ئێستا بەرهەمی کارگەکانمان لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە و ئەگەر رەوانەی باشووری عێراقی نەکەین، کەڵەکە دەبێت. چونکە ئێستا کەمترین بەرهەمی کارگەیەکی بچووک رۆژانە 200 تۆنە و هەشمانە رۆژانە زیاتر لە 700 تۆن بەرهەمی هەیە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas