مەسعود بارزانی: دان بەخۆدا گرتن سنووری هەیە و پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە

-
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکان و بۆردوومانەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “بە درێژاییی مێژوو گەلی كوردستان هیچ كات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەكانی كردووە، ئەوە بنەمایەكی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت”.
ئاماژەی بەوەکرد، “جێگەی داخێكی زۆرە ئێستا شەڕ و گرژییەكی زۆر لە ناوچەكەماندا هەیە، ئێستا و پێشتریش هەردەم هیوامان ئەوە بووە كە هەرچی گرفت و كێشە هەیە لە ڕێگەی ئاشتیانەوە چارەسەر بكرێت، چونكە هەمیشە شەڕ مایەی كاولكاری و ماڵوێرانییه”.
مەسعود بارزانی وتی، “لەو میانەدا جێگەی سەرسوڕمانێكی زۆرە هەندێ گرووپ و لایەن لەژێر ناوی موقاوەمە و بە بیانوو و دروشمی بێ بنەما؛ ڕێگە بە خۆیان دەدەن پەلاماری شوێنی سڤیل و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگە دەدەن. ئەمە شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر مافی هاووڵاتیان و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان”.
وتیشی، “لێرەدا دەبێ هەموو لایەك باش بزانن که دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە. پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێك قبووڵ نەكردووە، ناكرێ و نابێ ئەو شەڕفرۆشتنە و تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هاووڵاتیان لەلایەن ئەو گرووپانەوه بەردەوام بێت، بۆ ئەو مەبەستە داوا لە حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین كە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن، چونكە بەردەوامبوونی ئەو شەڕپێفرۆشتنە دەرئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، “وێڕای دەربڕینی هاوخەمیم بۆ خانەوادە و كەسوكاری ئەو ئازیزانەی لە ئەنجامی ئەو پەلامارە ناڕەوایانەدا شەهید بوونە، خەڵكی خۆشەویستی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك بەردەوام دەبین بۆ ئهوهی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵك پارێزراو بێت و سەركەوتن هەر بۆ گەلی كوردستان دەبێت”.















Post Comment