مەسرور بارزانی: کیمیابارانی هەڵەبجەهێمایەکی دیار و روونی ئەو ستەمکاریی و زۆرداریەیە کە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام درا

-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ 16ی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “لە (38)مین ساڵڤەگەڕی کیمیاباران و کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجەدا، بەڕێز و شکۆوە یادی شەهیدە بێتاوانەکانی ئەم کارەساتە گەورەیە دەکەینەوە کە بەرانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجام درا و ئامانجیان قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو”.
ئاماژەی بەوەکرد، “کیمیابارانی هەڵەبجە هەمیشە زامێکی قووڵە لە مێژووی ئێمەدا و هێمایەکی دیار و ڕوونی ئەو ستەمکاریی و زۆرداریەیە کە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام درا”.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، “نابێت ئەم تاوانە هۆڤانەیە، هەرگیز لە یاد و یادەوەریی خەڵکی کوردستان و مرۆڤایەتیدا بچێتەوە و پێویستە خەڵکی کوردستان، لە یادی نەچێت کە ئەم دەسکەوتانەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان بەدەستهاتوون، بەرهەمی خوێنی شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستانن و دەبێت بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ بکەین”.
وتیشی، “لەم یادە خەمگینەدا، جارێکی دیکەش بە بیر حکومەتی فیدراڵ دەهێنینەوە کە پێویستە لە ئاست بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووریی خۆیدا بێت و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری سەربڵندی شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالکراوان و سەرجەم قوربانیانی ديكەی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە”.
مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، “سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان”.















Post Comment