مەترسی لەناوچوونی هەرێمی کوردستان !!
مرۆڤ جاری واهەیە خەونێکی ئەوەندە ناخۆش دەبینێت ، کە هەڵدەستیتەوە وەک کابوسێک لەناو سەریدا دمینێت و تا چەند خولەکێک دەتاسێت ، کە سەیری ئایندەی دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەیت هەر دەڵێی تاسانی کابوسی ئەو خەونەیە کە دەیبینی ، ئەوە لەبەرچاوانە وا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت و ناوچەکە لە لێواری داڕماندایە و ، پڕۆسەی داڕمانەکە دەستیپێکردوە و سەرلەنوێ بونیاتیدەنێنەوە و ، کەچی وادەبینین ئەو هەرێمی کوردوستانە ڕۆژ دوای ڕۆژ لاواز دەبێت و متمانە لەناوخۆ و دەرەوە لەدەست دەدات و هەردەڵێی هیچ لەگۆڕی نییە و نە با-ی دێت نە باران !! ئەوەتا لەژێرەوە ناحەزانی کورد و لەناوەوەش ناوخۆی نالەباری خۆمان کوردستان دادەخورێنن ، کە خۆی لە پەرتەوازەیی و یەکێتیە پارچەپارچەکەی و دابەشبوونەکەی کە بۆتە واقیع دەبینێتەوە ، ئێوە لە کوێین ئەی عاقلمەندانی کوردوستان ؟! بەدەرکەون بە هەر ڕێگایەک بێت ئەو دەرگایە بکەنەوە و ببنە فریادڕس بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە شەپڕێوەی کە خەریکە ماڵی هەمووان وێران دەکات!! ، ئەوە زانراوە کە هیچ نیشتیمانێک لە هیکڕان ووننابێت و لەیەک شەویشدا لە نەخشەدا ناسڕێتەوە ، بەڵکو زۆر بە هێمنی و هێواشی کۆتاییان دێت ، ڕاستیەکی مێژووییش هەیە کە دەڵێت : کاتێک وڵاتان هۆشیاریەکەی شکست دێنێت و بڕیارەکانی پەرشوبڵاو دەبن ، ئەو وڵاتە شکست دەهێنێت بێئەوەی سوپاکەی تووشی نوشوست بێنێت ، هەرێمی کوردوستانیش والێهاتووە کە لەوکاتەی ئێستایدا درک بە مەترسی کەوتنی ناکات ، ئەوەتا لەناوخۆدا دۆستانی بەرگریکار لێی غائیبە چونکە بەگوێمان نەکردن و زەمانەتی ناکەن کە پێویستیەتی ، ئەوەش دەبینین کە عێراق بەو دۆخەی خۆی ، بەنەرمی و لە ڕێگەی پڕۆسەی بەناو دیموکراسیەت لەهەموو لاوە هەرێمە لاوازەکەی لاوازتر کردووە و دەیەوێت لە زەوی بدات و نەیهێڵیت ، من بەخۆم بڕوام بە دیموکراسیەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردوستانیشەوە نیە ، ( جان جاک ڕۆسۆ ، 1712 -1778 ) دەڵێت : « ڕەسید و پێوەری ڕاستەقینەی دیموکراسیی ، لە سندوقەکانی دەنگدان نیە و ، بەڵکو لە هۆشیاری خەڵکەکەیە » ئەوە کەی دیموکراسیەتە کە بەناوی زۆرینە غەدر لە کەمینە بکرێت و سەرکوتی بکەیت و لە قالبی بدەیت و ، دواجار هەوڵی دەستکاریکردن و هەموارکردنی دەستوور بدەیت !! ، لەو وڵاتانەی فرە نەتەوەن دیموکراسیەتی تەوافقی هەیە ، کە بە چەمکی سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی بەڕێوەدەچێت ، بەڵام ئەوەتا عێڕاق لاوازی هەرێمی کوردوستان و ناکۆکی و لێکترازانی ناوەخۆی قۆزتۆتەوە و دەیەوێت بەناوی زۆرینە نەیهێڵێت ، کەوتنی وڵاتان و قەوارەکان شتێکی دەگمەن نیە بەڵکو دیاردەیە ، بەریتانیا بەهێزی سەربازی و سیاسی هەر دوای لکاندنی کوردوستان بە عێراق لە ساڵی 1922 ، هەڵسا بە لکاندنی بەتۆبزی هەرێمی عەرەبستانی «8 » ملیۆن کەسی زۆرینەی عەرەب کە ناوی خۆزستان یان ئەحواز بوو بە دەوڵەتی ئێران کە جۆرە سەربەخۆییەکیان وەکو ئێمە هەبوو ، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ، ئەو هەرێمە نەما و کەس داکۆکیشی لێنەکرد ، شارستانیەتی ئیسلام بە کەوتنی ئەندەلوس بە یەک لێدان نەکەوت ، بەڵکە لەمیانی سەدەکاندا و بەهۆی دابەشبوونی ناوخۆی خۆی ، مەملەکەتی غەڕناتە بە ڕێکەوتن و تەسلیمبوون ئەو قەوارە سیاسیە کۆتایی هات ، نموونەی تر ، یەکێتی سۆڤیەت کە هێزێکی مەزنی ئەتۆمی بوو لە ساڵی « 1992 » لەناوخۆ بێ جەنگی دەرەکی داڕما و بووە « 15 » وڵات ، هەروەها تشیکۆسلوڤاکیا و دەیان وڵات و قەوارەی تریش ، بە کورتیەکەی کاتێک هەرتەنها دوژمن هێرشدەکات ، نیشتیمان و قەوارەکان لە هیکڕان ناڕفێنرێن و لەدەست ناچن ، بەڵکو کاتێک خەڵکەکەی لە تەرحکردنی پرسیاری ڕاست لەکاتی ڕاستدا دەوەستن ، بۆیە پرسیارێک لە ڕوانگەی ڕەشبینانەوە ناخەینەڕوو ، بەڵکو لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی مێژووییەوە تەرح دەکرێت : چۆن ئەوەی هەزاران ساڵە خۆیڕاگرتووە بیپارێزین ، نەک بۆئەوەی بمینێت ، بەڵکو بۆ ئەوەی بژیت و پێشبکەوێت ؟ ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی – سەرەڕای گەندەڵی و حەتمیەتی ڕووخانی – بەهۆی گەمارۆی سەربازی یان داگیرکردنی دەڤەرەکانی ئیمپڕاتۆریەتەکە نەکەوت ، بەڵکو لە لایەن بانکەکانەوە گەمارۆدرا و .. بڕیارەکانی پێش داگیرکردنی دەڤەرەکانی دەستی بەسەرداگیرا ، دەبێت سیاسیەکانمان بزانن کە نابێت لە زمانی میکاڤیللیەوە زمانی هێز و فێڵکردن و مانۆڕکردن و خۆبەگەورەزانی فێربن ، بەڵکو لە زمانی گاندی-وە زمانی حیوار و لێکتێگەیشتن و ناتوندووتیژی و خەباتی ئاشتیانە و هێزی نەرم فێربن و ، ئەوەش بزانن کە دەسەڵاتداران دەڕۆن ، بەڵام بیرۆکەی نیشتیمان و دەوڵەت لە کۆهۆشیاری بە نیشتیمان و دەوڵەت دەمێنێت ، کە بەداخەوە دابەشبوون و هەستی گشتی بەوەی کە نیشتیمان بێبەهاکراوە و دابەشبووە ، بیرۆکەکە ووندەکات ، کوردوستان پێویستی بە قسەی گەورە و ئەو دروشمانە نیە کە دڵنەواییمان پێبدات ، بەڵکو پێویستی بە عەقلێکە مێژوو بخوێنێتەوە و ، بوێری پێداچوونەوەی ڕێڕەوەکەی هەبێت و ، حیکمەتی تێگەیشتنی ئەوەی هەبێت کە ئەوەی سەد ساڵە لە چاوەڕوانیداین نابێت بەفیڕۆ بدەرێت لەسەر حسابی دەستکەوتی تەسک و کاتیی کەسیی و حزبی و کورسی و سامان ، لەو چرکەساتە جیاکراوەیەدا ، کە هەندێک گەل دەمرن و هەندێکی تر دەژین و ، ئەمەیە جیاوازی لەنێوان حیکمەت و سەرپێی گوتن و غیابی بەرپرسیارێتی ، هیچ شتێک جەستەی نیشتیمانەکەمان لە پێشێلکردن ناپارێزێت ، مەگەر کەسان و سەرکردە شایستەکان بە لێهاتوویی و توانا و خەیالی بێسنوور هەنگاو نەنێن بۆ دەربازکردنی .















Post Comment