لەکەی کورد!

لەکەی کورد!

جار بینراوە: (1.6K)

(١)

لەکەیەکیت بە نێوچەوانی دنیا و مرۆڤایەتییەوە!

کوردۆۆۆ، وێناچێت بۆ هەرگیز، دنیا چارەتی بوێ و مرۆڤایەتی دڵی بە هەبوونت خۆش بێت، ئەوە نییە نە دان بوونتدا دەنێن و نە دەهێڵن هەبیت!

وەک ئەوەی نەفرەتێک بیت، هەمووان دەتبێزێنن.. هەمووان تامەزرۆی گلان و کەوتنتن.. هەمووان تاسەی دۆڕان و شکستت دەیانخواتەوە.. هەمووان تینووی خوێن و سەرتن. دوژمنانت لەناو خوێنی ئاڵی خۆت و بەناو دۆستەکانیشت، لەناو تۆزی درۆ و دەلەسەکانی خۆیاندا دەتگەوزێنن.

لەوەتەی هەیت، لە مەرگێکەوە دەتدەنە دەستی مردنێکی تر.. لە ئازارێکەوە ڕادەستی ژانێکی ترت دەکەن.. لە کۆچێکەوە بە کۆڕەوێکی دیکەت دەسپێرن.. لە ئاوارییێکەوە سواری پشتی پەنابەرییەکی ترت دەکەن!

بوونت کراوەتە تاوانێک کە لێخۆشبوونی بۆ نییە و لە لەدایکبوونتەوە و تا قامی قیامەت، مەحکوومیت بە سزادان.. بۆیە هەر ڕۆژە و بە بیانوویێک، هەر هەفتەیە و بە پاساوێک، هەر مانگە و بە تۆمەتێک، هەر وەرزە و بە بوختانێک و هەر ساڵ و سەدەیەک بە میزاجێکەوە و بە جۆر و شێوازێکەوە، سزات دەدەن. جار بە ئەشکەنجە، جار بە ڕاونان، جار بە کوشتن، جار بە خنکاندن، جار بە سووتاندن، جار بە زیندەبەچاڵکردن و جار بە سات و سەودا!

وەک ئەوەی نەفرەتێک بیت، لەسەر نەخشەی پانوپۆڕی ئەو جیهانەی جێی هەمووانی تێدا دەبێتەوە، گۆشەیەکی بچووک و کونجێکی تاریکیشت پێ ڕەوا نابیینن. وەک ئەوەیە تۆ بۆ ڕاکردن و ڕاگواستن، بۆ دەربەدەری و دڵشکان، بۆ کوشتن و کەنارخستن، بۆ خەم و خوێن، بۆ ترس و تەرەکردن، بۆ شین و شەپۆڕ، خوڵقابیت!

ڕاپەڕینە، ڕاپەڕیت.. ڕاسانە، ڕاسایت.. شۆڕشە، هەڵتگیرساند.. بەرخۆدانە، کردت.. خوێنە، ڕشتت و قوربانیدانە، دات. کەچی هەمدیس دەبێت لە سفری تێهەڵچوونەوەوە دەست پێ بکەیتەوە.

(٢)

لەکەیەکیت بە نێوچەوانی خۆتەوە!

کوردۆۆۆ، تۆ قوربانیی ناوی خۆتیت.. وەک چۆن هەر سەدەیەک خاکەکەت دەکەنە گۆشتی خێر، ئاواش خۆت دەکەنە فیدیەی ڕێککەوتنەکانیان.. وەک چۆن هەر سەدەیە و وڵاتەکەت دەخەنە بازاڕی هەڕاج، ئاواش خۆت دەکەنە سوو و قازانجی دەستەوارەکانیان.. وەک چۆن هەموو سەدەیەک ژن بە ژنی بە نیشتمانەکەت دەکەن، ئاواش خۆت دەکەنە کاڵای بازاڕی بەرژەوەندییەکانیان و تۆش هێشتا سادە و ساویلکە، خۆشباوەڕ و خۆشخەیاڵ، دەکەویتەوە ناو تەڵەی برایەتیی گەلان، لە چاڵی دۆستایەتیدا گیر دەخۆیت و دەستت بە پەنگری ئاشتی داغ دەکەیت!

دوژمنەکانت وەک مار سەدان کاژی دڕندەییان فڕێ دا، تۆش هێشتا بەرگی دانوستاندنت دانەکەنیوە و مەستیی ئاشتەوایی بەری نەداویت.. بەناو دۆستەکانت وەک حەڕبا، ڕەنگ نەما نەیگۆڕن، تۆش هێشتا ڕەنگی خۆشباوەڕیی بە ڕووخسارتەوەیە و سەرخۆشی وادە و بەڵێنەکانیانیت. دوژمنەکانت یەک بەرەن و تۆ هێشتا سەد بەرەیت.. بەناو دۆستەکانت هەر پاشقۆڵت لێ دەگرن و تۆش هێشتا لە پشتتەوە خەنجەر لە جەستەی ئەنجن ئەنجنت دەدەیت. تۆ چ نەفرەتێکیت؟

سەرت نەما، نەبڕدرێن.. چاوت نەما، کوێر نەکرێن.. دەستت نەما، نەپەڕێندرێن.. قاچت نەما، نەشکێندرێن.. خوێنت نەما، نەڕژێندرێت و هەناسەت نەما، نەخنکێندرێت. ڕۆڵەکانت چیتریان ماوە بیبەخشن و چەندی تر بەرگەی بەخشین بگرن؟

درۆمان کرد و دەکەین کە هاوار دەکەین “داگیرکەری دڵ پڕ لە قین، دڕندەی بێ ویژدان و دین، ناتوانیت وا بکەین کورد نەبین، هەر کورد بووین و هەر کورد دەبین”. دەی ئەوەتا، داگیرکەر ڕۆژ دوای ڕۆژ لە ئاستتدا دڵ پڕ قینترە و تۆش بەردەوام لەگەڵ خۆتدا، دڵڕەقتریت.. دوژمن بەردەوام لەگەڵتدا دڕندە و بێ ویژدانترە و تۆش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگەڵ خۆتدا قەستەسەری خۆت و خۆخۆرتریت.. دوژمن توانی وا بکات کورد نەبین و بۆ خۆشت ئامادە نیت کورد بیت.. ئاخر چۆن کوردبوون بەم جەستە پارچەپارچە و هەلاهەلایە، بەم سەری سەد سەودایە، بەم سەد دەنگی و سەد ڕەنگییە، بەم پەرتیی و پەرتەوازەییە، دەکرێت؟

بابەتى تر

👤
Live: 92 Today: 1,269 📊 Click Here