لە خیانەتی ئەمریکییەکان مەترسێن
ناڵێم ئەگەری جارێکی دیکە خیانەتکردن لە کورد نییە، بەڵام خیانەتی ئەمریکا هەزار جار لە پەت و سێدارەی داگرکەر باشتر و سەلامەتترە.
کورد هێشتا نەچۆتە بەرەی ئەمریکاوە، لە ئێستاوە لەسەر قازانج وەستاوە.
هەموو شتێک بەهەق و حیسابە…
لەم ٦ رۆژەدا ئیسڕائیل و ئەمریکا، لانی کەم ٦٠٠ بنکە و بارەگای کۆماری ئیسلامی عەجەمەکانیان لەگەڵ زەویدا تەخت کردووە.
ئەوەی ئەمەریکا و ئیسڕائیل لە کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی عەجەمەکانی کردووە، نە لە عەجەمستان و نە لە خۆزستان و نە لە بەلوجستان و نە لەناوچەی ئازەریەکان نەیکردووە.
وەها بە بەرنامە لە کوردستان کاریان کردووە، خەریکە تلیاککێش و چەقۆکێشە کوردکوژەکانی داگیرکەر، هەر لە بەسیج و ئیتیلاعات و پاسدار، لە کوردستان ئاسەواری نامێنێت.
کورد لانی کەم دەبوایە ٦٠٠٠ رۆڵەی جوامێری شەهید بێت تا بتوانێت ئەو ٦٠٠ بارەگایە لە عەجەمە کوردکوژەکان پاک بکاتەوە.
کورد لەرۆژهەڵات دەرفەتی هاتنەوەی بۆ سەر سەحنەی مێژوو بۆ رەخساوە.
لە بیستەکانی سەدەی ٢٠دا، زلهێزەکان نەیانویست و داگیرکەرە ئەعڕاب و عەجەم و تورکەکانیش نەیانهێشت کورد ببێتە دەوڵەت و سەرەنجام کورد خرایە دەرەوەی مێژوو.
ئێستا و لە بیستەکانی سەدەی ٢١ دا زلهێزەکان بوار دەرەخسێنن کورد بگەڕێتەوە سەر سەحنەی مێژوو و ئەعڕاب و عەجەم و تورکەکانیش بێ هێز و بێ ئیرادەن لەبەردەم ئەم ئاڵوگۆڕانەدا.
ئەمریکا خیانەت لەکورد ناکات، ئەگەر خیانەتیش بکات، بەشی ئەوە دەتهێڵێتەوە و دەتپارێزێت، هەروەک چۆن لە باشوری دوای کۆڕەو و دوای ریفراندۆم کردی و لە رۆژاڤای دوای ٦ی ژانیوەری کردی.
ئەم ستاتۆیەی رۆژاڤا و باشور، بەهەموو کەم و کوڕییەکانیشییەوە، دوای خیانەتی ئەمریکیەکان و لەژێر سێبەری ئەواندا دروست بوون و پارێزران.
کوردی رۆژهەڵاتیش بەهەمان شێوە و لەهەر هاوپەیمانی و هاوکاریەک لەگەڵ ئەمریکییەکاندا، تەنانەت ئەگەر خیانەتیشی لێبکرێت، هاوشێوەی باشور و رۆژاڤا، لەهیچەوە دەبێتە دیفاکتۆیەک و دەگەڕیتەوە ناو کەنارەکانی مێژوو.
ئەم دیفاکتۆ و نیمچە کیانانەی باشور و رۆژاڤا و لە داهاتووشدا هی رۆژهەڵات بەردی بناغە و ناوکی سەربەخۆیین لە دە بۆ بیست ساڵی داهاتوو.
تاچەند ئەمە روودەدات پەیوەست دەبێت بەکارامەیی و لێهاتووی کوردان و هاوکێشە و ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتیەکان.
کوردی رۆژهەڵات نابێت بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم وزە نەگەتیڤەی لە هەندێک کوردی ئەقڵ و ئیرادە داگیرکراوەوە ئاراستەی دەکرێت.
بەشێکی بەرچاوی ئەهلی پشت ئەم وزە نەگەتیفە و تیۆری خیانەتی ئەمریکییەکان، خەمێکی دیکەیان هەیە نەک خەمی زەرەر و قازانجی کورد .
خەمی ئەوان خەمی نەمان و روخانی کۆماری ئیسلامی عەجەمەکانە.
ئەوان لەنەمانی کۆماری ئیسلامی عەجەمەکاندا ، دەترسن کۆی هەژموونی ئیخوان و ئەردۆغانی و داعشەکان لاواز بێت و هەرەس بێنێت.
هاتنی ئەمریکا بۆ کەنداو و ئەم شەڕەی دژی ئێران و چرای سەوزیان بۆ هەماهەنگی و هاوکاریکردنی کورد، دەرفەتێکی مێژووییە و لەبەردەم رۆژهەڵاتدایە.
ئەگەر قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە جارێک مەترسیدار بێت، لەدەستدانی دەرفەتەکە و نەچوونە ناو پڕۆژە و بەرەی ئەمریکا، هەزار و یەک جار مەترسیدار ترە.
هاوپێچ؛
نموونەی بارەگایەکی تەختکراوی داگیرکەر لە کوردستان لەلایەن ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە.















Post Comment