كۆمپانیا بیانییەكان گەڕاونەتەوە بۆ كەركوك و دەستیان كردووەتەوە بە كاركردن
.jpg)
–
دوای گەڕانەوەی كۆمپانیا بیانییە باوەڕپێكراوەكان بۆ پارێزگای كەركوك كه لە ساڵی 2015وە ئیشەكانیان راگرتبوو، لەئێستادا پارێزگاكه بە قۆناغێكی نوێی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت.
رێبوار تەها، پارێزگای كەركوك بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، “ژمارەیەك لە كۆمپانیا بیانییە باوەڕپێكراوەكان دەستیان كردووەتەوە بە چالاكی وەبەرهێنان لە پارێزگاكە و گرێبەستیان واژۆ كردووە بۆ ئیشكردن لە كێڵگەكانی نەوت و غاز، دوای ئەوەی بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە نزیكەی 10 ساڵە كارەكانیان راگرتبوو، ناوچەكەشیان بەجێهێشتبوو”.
ئاماژەشی كرد، “ئەم كۆمپانییانە لە رابردوودا قازانجی ساڵانەیان دەگەیشتە 26 ملیار دۆلار و دووبارە كاركردنەوەیان كەرتی وزە لە كەركوك دەبوژێنێتەوە و داهاتی پارێزگاكە بەهێز دەكات و هەلی كار بۆ هاوڵاتییان دەڕەخسێنێت و جوڵە دەخاتە بواری خزمەتگوزاری و بیناسازیەوە”.
باسی لەوەشكرد، “پلانەكەیان لەئێستادا جێبەجێكردنی زنجیرەیەك پڕۆژەی ستراتیجی لەخۆدەگرێت، كە بۆ یەكەمجارە پارێزگای كەركوك بەخۆیەوە بیبینێت و یەكێك لە كۆمپانیاكان وێستگەیەكی كارەبا دروست دەكات، كە توانای بەرهەمهێنانی 400 میگاواتی هەیە بۆ پڕكردنەوەی بەشێكی گەورەی پێداویستییەكانی كەركوك لە وزە”.
بە وتەی پارێزگاری كەركوك، كۆمپانیاكان ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن دۆلار تەرخان دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی لە خزمەتگوزارییەكانی كۆمەڵگە، بۆ پێشكەوتنی كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و ژێرخانی ئەو ناوچانەی میوانداری پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەكەن.
ئاشكراشی كرد، “گرێبەستێك كراوە بۆ دروستكردنی پاڵاوگەیەكی وەبەرهێنان كە توانای وەبەرهێنانی 70 هەزار بەرمیلی هەیە لە رۆژێكدا بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستییەكانی پارێزگاكە لە نەوت و بەدیهێنانی خۆبژێوی لە باوری وزەدا”.















Post Comment