×

قسەی باق و بریق باوی نەماوە سەرۆک!

قسەی باق و بریق باوی نەماوە سەرۆک!

جار بینراوە: (16.0K)

دانا محمد ئەحمەد

لەم بانگەشەی هەڵبژاردنەدا شتی سەیر و سەمەرەمان بەر گوێ دەکەوێت، هەر کاندیدە و بەڵێنی وا دەدات مرۆڤ سەری دەسوڕمێت و دەڵێت، ئەرێ هەر بەڕاست ئێمە لە سویسڕا ناژین؟

جیاواز لە بانگەشەی بەشێکی کاندیدەکان ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام بانگەشەکانی سەرۆکی یەکێتی بوو، بافڵ تاڵەبانی، ئەوەی دەوروبەرەکەی لەترسی ئەوەی بە دەردی ئامۆزاکانی بافڵ نەچن، بە سەرۆک سەرۆک بانگی دەکەن!

کوڕە گەورەکەی جەلال تاڵەبانی کە ئەگەر کوڕی ئەو نەبوایە ئێستا خۆی وتەنی حەرەسی بەردەم یانەیەکی شەوانەی لەندەن دەبوو، لەگەڵ دەستپێکی بانگەشە دەیوت، یەکێتی هێزەو هەر ئەو دەتوانێت مافەکانی گەلی کورد لەبەغدا دەستەبەربکات، ئەی کاکە برا خۆ خەڵک هەر دەنگی بە ئێوە دا ٤ ساڵ لەمەوبەر، ئەی ئەم ٤ ساڵە بۆ مافەکانی گەلی کوردتان دەستەبەر نەکرد؟

سەرۆک دەیوت ڕۆڵمان هەبووە لەچارەسەرکردنی کێشەی مووچەو ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا، بەڵام بیری چووە نزیکەی دە ساڵە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەدەست نەبوونی مووچەوە دەناڵێنن کەس خۆی نەکردە خاوەنی مووچەخۆران، هەموو ساڵێک دوو بۆ سێ مووچەی خەڵک دەفەوتێت بەڵام بافڵ تاڵەبانی مانگێک بەر لەهەڵبژاردن دەڵێت ئێمە دەتوانین کێشەکانتان چارەسەر بکەین.

بافڵ تاڵەبانی زۆر بێ باکانە داوا لەخەڵک دەکات دەنگ بە حزبەکەی بدەن و دەڵێت هێزی ئێوەین لەبەغدا، بەڵام ئەم دروشمە باق و بریقانە ناتوانن خەڵک چەواشە بکەن، چونکە یەکێتی نزیکەی هەژدە ساڵە لە بەغدایە بەڵام نەیتوانیوە پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەستوری عێراق بکات کە مافەکانی گەلی کوردی تێدا زامنکراوە، هەژدە ساڵە یەکێتی نەیتوانیوە فشار لەبەغدا بکات بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەکەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان. ئەی ئێستا چۆن دەیکات ؟ مەگەر خوا خۆی بزانێت!

بابەتى تر

👤
Live: 73 Today: 2,506 📊 Click Here