عەجەب تەڕنابن

عەجەب تەڕنابن

جار بینراوە: (17.8K)

بەڵێن جەمال بابەکر

شکستی ڕیفراندۆم لە دەستدانی ٪٥١ خاک بەس نەبوو،نەوتەکەشی هاتە سەر!


بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر خەڵکی کوردستان شایەتی ئەوەبوون کە چۆن سەرکردەکانمان هەرچی سەرچاوەی ئەو هەرێمە هەیە دزیان وتاڵانیان کرد، خۆیانیان پێ دەوڵەمەند کرد .ڕێکەوتنی ئەو ماوەیەیە نێوان حکومەتی عێراقی و کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێی تورکیا بە سەرکەوتنێکی مەزن نیشان دەدرێت لەلایەن حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی پارتی ویەکێتی ، لە کاتێکدا بۆ دەیان ساڵە کۆمەڵە چالکوان و کەسایەتیە ئۆپزسیۆنەکان ئەوەیان ڕاگەیاندووە باشترین ڕێگاچەرە تەسلیم کردنی نەوتە بە حکومەتی ناوەندی بەڵام ئەوان ئینکاریان دەکرد و خاوەنی ئەو بیرۆکانەیان بە خیانەتکار و جاش ناو دەبرد.

لەو کاتەوەی کە ڕژێمی سەدام حوسێن ڕوخاوە حکومەتە خێڵەکیەکەی بارزانی تاڵەبانی لە کوردستان زۆربەی بیرە نەوت وغازی هەرێمە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندایە،بەڵام چۆن کۆنتڕۆڵکردنێک؟! خێرو بێر بۆ خۆیان و قەرزو قۆڵیش لە سەر شانی خەڵکی بێ موچەو بێ پارە.سەیر لەوەدایە جوت بنەماڵەی خۆسەپێن نەوت،گاز و هەرچی سەرچاوەی پارەی ئەو هەرێمەیە وەک موڵکی تایبەتی خۆیان سەیر دەکەن،ملیارەها دۆلار بۆ باخەڵی خۆیان و قاتوقوڕی بێ موچەیش بۆ خەڵەکە داماوەکەی کوردستان.

شانزە ساڵە پارتی و یەکێتی پێماندەڵیێن خۆمان ڕادەستی بەغدا ناکەین ئابووری سەربەخۆی خۆمان دەوێت ، دەیان ووت نەوت و غاز تەسلیمکردن بە بەغدا واتا بوون بە کۆیلەی بەغدا،بە بۆنەی ئەو بیانوەوە ڕەوایەتیان دەدا بەو دزی قاچاخچیەتیەی دەیان کرد لەگڵ تورکیا و ئێران. وە ئەگەر کەسێک داوی کردبا کە لەگەڵ عێراق ڕێک بکەون ئەوە بە خیانتکار خۆفرۆش تاوانباریان دەکردن.

خەڵکی کوردستان گەمژەو بێ ئاگا نین ،دەزانن کێ خۆی پێگەیان بە دزی وگەندەڵی لە کاتێکدا میللەت بە دەست هەژاری دەناڵێنێ،دەزانین کێ خاوەنی کۆشک تەلارەکانە لە کاتێکدا مامۆستاو فەرمانبەران دەبێت بە سێ مانگ جارێک چاوەڕێی مووچەی بە پاشکەوتەوە بکات. وە لە بیریشمان ناچێت کێ دەنگە ئازادەکان بە فیشەک و زیندانی بێ دەنگ دەکا.
ڕێکەوتنی نەوت لەگەڵ حکومەتی ناوەند دەکرا ببێتە ئارامی خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان بەڵام دە پانزە ساڵ لەوەوپێش نەک ئێستا ، پاش ساڵانێک لە دزی بە قاچاخبردنی نەوت، ئەوە دەرخەری ئەوەیە سەرانی پارتی و یەکێتی جگە لە دەسەڵات وسەروت وسامانی خۆیان هیچ شتێکی تریان بەلاوە گرنگ نییە
مێژوو ئەوتان بە سەرکەوتن بۆ نانوسێتەوە بەڵکو بەلوتشکان و ملدان بەرامبەر بەغدا لە لاپەڕەکانی خۆیدا تۆماریدەکا.
ئەوە ئێوە بوون واتان لە کورد کرد کە حوکمی بێگانەی پێ باشتر بێت لە حوکمی زاتی.واتان لە تاکی کورد کرد کە هیچ ئینتیمایەکی نیشتیمانی نەبێت .

ئەی مەگەر ئێوە نەبوون میللەتان والێکرد حوکمی دوژمنی لە حکومی ئێوە پێ باشتر بێت؟

بابەتى تر

👤
Live: 85 Today: 1,474 📊 Click Here