عێراق: دیموکراسییەکی ڕووکەش و واقیعێکی تاڵ
محەمەد حوسێن مەولوود
دوو ڕۆژی دیکە هەڵبژاردنە لە عێراق، بەڵام چ جۆرە هەڵبژاردنێک؟ هەڵبژاردنێک پڕ لە فێڵ و تەڵەکەبازی، هەڵبژاردنێک تەنیا بۆ دەوڵەمەندکردنی کەسی و نیشاندانی وێنەیەکی ساختە بە دەرەوە کە گوایە عێراق وڵاتێکی دیموکراسییە. لە ڕاستیدا، ئەمە هەمووی سیناریۆیەکە و دیموکراسییەکەی تەنیا ناوە.
لایەنە سیاسییەکان پێش دەنگدان پۆستەکانیان دابەشکردووە و لە نێوان خۆیاندا ڕێککەوتوون. بۆ نموونە، لە هەرێمی کوردستان، یەکێتی و پارتی وەک جاران لە لووتکەی دەسەڵاتدا دەمێننەوە و باڵادەست دەبن؛ یەکێتی لە زۆنی سەوز و پارتی لە زۆنی زەرددا. لە حکومەتی عێراقیشدا، هاوبەشی دزی و گەندەڵین. حەشدی شەعبی، کە دەستی سورە بە خوێنی کورد و سوننە ، باڵادەستە. لێرە، ئەو لایەنە سەرکەوتووە کە هێزی چەکداری زیاترە، نەک ئەوەی دەنگی زۆرتر بەدەستبهێنێت.
لە عێراق و بەتایبەتی لە کوردستان، هێزی میلیشیا و بنەماڵەکان وڵات بەڕێوەدەبەن، نەک یاسا و دادگا. ئەگەر بیانەوێت، دادگا دادەخەن و بە دڵی خۆیان یاسا دەردەکەن، وەک چۆن لە ڕابردوودا لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥، ڕێگری لە یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی کوردستان، کرا بچێتە ناو بینای پەرلەمان لە هەولێر.
ئەم حیزبانە بۆ بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان هەموو شتێک دەکەن. زیاتر لە سێ دەیەیە دەسەڵاتیان قۆرخکردووە، وڵاتیان تاڵان کردووە و تاڵانی دەکەن، هاووڵاتیانیش بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێننەوە. سادەترین خزمەتگوزارییەکان بە باشی پێشکەش ناکەن. دزی و گەندەڵی لە هەموو سێکتەرەکاندا بڵاوە. هەر کەسێکیش بەرهەڵستیان بکات، بێدەنگی دەکەن، و ئەگەر کەسەکە کاریگەری لەسەر خەڵک هەبێت، چارەنووسێکی نادیار چاوەڕێی دەکات.
سەرەڕای ئەوەی کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی وەک نەوت و گاز، بەڵام هاووڵاتیانی هەژارن و بێبەشن لە زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان. مامۆستایان و فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان پێنادرێت؛ هەندێک جار بە سێ مانگ جارێک یان نیوەی مووچەکەیان پێدەدرێت.
ڕەنگە بپرسی ئەی چۆن خەڵک دەنگ بەوانە دەدات؟
بەدڵنیاییەوە خەڵک دەنگیان پێنادات، کەواتە چۆن دووبارە دەردەچنەوە و دەنگ دەهێنن؟ ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمە بە فڕوفێڵکردنە. ژمارەیەکی کەم لە کۆیلە و دەنگدەریان هەیە کە بە پارە کڕیویانن، بەڵام ژمارەیان کەمە ، ئەم کۆیلانە هەموو کارێک بۆ ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە دەکەن، بە پۆستەری کاندیدەکانی حیزب و لایەنەکان ڕێگاوبان و سیمای وڵات ناشرین دەکەن. دواتر لە کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان، هەر ئەو کۆیلە چەکدارانە یارمەتیدەری لایەنەکانن بۆ فێڵکردن لە دەنگەکان.
هەر بۆیە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیان لە دەنگدان بێئومێد بوون، چونکە دەزانن فێڵی تێدا دەکرێت. لەبەر ئەوە، بەشێکیان ناچنە سەر سندوقی دەنگدان. بەشێکی دیکەش بۆ ئەوەی پیشە و وەزیفەکەی لەدەستنەدات، دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان بەڵام دەنگەکەی دەسووتێنێت. هەندێک لە پێشمەرگە و چەکدارەکان داوایان لێدەکرێت لە کاتی دەنگدان بگرن کە دەنگی بە حیزبە داوە کە چەکی بۆ هەڵگرتووە ، ئەگەر وانەکەن، لە پیشەکەیان دووردەخرێنەوە. چونکە پێشمەرگە و چەکدار لە وڵاتی من سەر بە نیشتمان نین، بەڵکو سەربازی دوو حیزب و دوو بنەماڵەن.
ئیتر ڕوون و ئاشکرایە کە ئەنجامی دەنگدانی ئەمجارەش چۆن دەبێت. هەر وەک جاران پارتی و یەکێتی لە حوکمڕانیدا دەمێننەوە. چەند لایەنێکی بەناو ئۆپۆزیسیۆنیش لەگەڵ خۆیان دەخەنە حکومەتەوە و کەمێک بەشیان دەدەن لەو دزی و تاڵانییەی دەیکەن، بۆ ئەوەی دەمیان بە داخراوی بهێڵنەوە و بە ش بڵێن ئێمە دیموکراسین و لایەنەکانی تریشمان قبووڵە. بەڵام ڕاست ناکەن، ئەمە تەنیا سیناریۆیەکی کۆنە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات.
عێراق وە کوردستان بەتایبەتی هیچی کەمتر نیە لە ئیمارات و کوێت و ئوردن ئەو وڵاتانەی دۆڵەمەندن بە سامانی سروشتی و سامانەکەیان لە خزمەتی و وڵات و هاووڵاتیان بەکار هێناوە …، گەر سامانی سروشتیمان لەوان زیاتر نەبێت کەمترمان نیە بگرە دەوڵەمەندترین بە سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی ناوچەی گەشتیاری و دڵڕەفێن بەڵام بەداخەوە دز و جەردە داگیریان کردووە ڕێگرن لەوەی وڵات پێشبکەوێت.
خۆشیان دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە کە بە دەنگدان و هەڵبژاردن نەهاتوونەتە سەر حوکم، بەڵکو بە چەک هاتوون و بە چەکیش نەبێت ناڕۆن.
هیوادارم ڕۆژێک ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری بکرێت و کوردستان و عێراق لەم سەرکردە فاشیست و حیزبە گەندەڵانە پاکبکرێتەوە. کۆتایی بە حوکمی خێڵەکی و میلیشیاکان بهێندرێت و سەربازەکان ببنە سەربازی نیشتمان، نەک حیزب. هاووڵاتیان بە ئازادی بژین و مافی گەل بە گەل بدرێت.















Post Comment