“عێراق بەرگەی هیچ هێرشێك ناگرێت و بەهاوكاری ئەمریكا نەبێت فڕۆكەكانیان ناتوانن ئامانجێكیش بپێكن”

-
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، پشتگیری لە لێدوانەكەی موقتەدا سەدر دەكات و دووپاتی دەكاتەوە، كە عێراق ناتوانێت خۆی بەرامبەر هیچ هێرشێك رابگرێت، ئەگەر بێتو هێرش بكرێتە سەری.
عەلی ساعدی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵ چوار، كە بەزمانی عەرەبی دیدارەکەی لایپارێزراوە ڕایگەیاند، لێدوان و قسەكانی موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر، زۆر تەواوە و عێراق نەك ناتوانێت بۆ ماوەی 12 كاتژمێر بەرگری بكات بەرامبەر بە هەر هێرشێك بكرێتە سەری، بەڵكو رەنگە نەتوانێت بۆ ماوەی 120 خولەكيش بەرگری بكات.
باسی لەوەشكرد، سوپای عێراق لەڕووی وشكانییەوە زۆر بەهێزە، بەڵام عێراق ئاسمانی خۆی لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا نییە و كەموكوڕی و پۆشایی هەیە لە سیستمی بەرگری ئاسمانى و چەكی ئاسمانی عێراق سیستمێكی سیاسییە، پێش ئەوەی سەربازی و ئەمنی بێت.
بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە عێراقییە، فڕۆكەی ئێف 16، كە عێراق هاوردەی كردووە، كەموكوڕی زۆری تێدایە و ئەگەر فڕۆكەیەكی ئەمریكای لەگەڵدا نەبێت و ئامانجەكەی بۆ دەستنیشان نەكات، فڕۆكەوانە عێراقییەكە هەرگیز ناتوانێت ئامانجەكە بپێكێت و بەبێ هاوكاری فڕۆكەكانی ئەمریكا، فڕۆكەی ئێف 16ی عێراق تەنها پارچە ئاسنێكە و هیچی تر.
ڕۆژی دووشەممە 29ی ئەیلولی 2025، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە رایگەیاند، “عێراق توانای ئەوەی نییە بۆ ماوەی تەنها 12 كاتژمێر خۆی بەرامبەر هەرچ هێرشێك بگرێت كە بكرێتە سەری و هەرەس دەهێنێت”.















Post Comment