شەقامی پێشمەرگە لە پاریس دەکرێتەوە و بارزانی ئامادەی مەراسیمەکەیە

_
ئەمڕۆ هەینی، شەقامی پێشمەرگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەکرێتەوە و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمەکەدا لەو شارەیە.
پڕۆژەکە لەلایەن شارەوانیی پاریسەوە ناونراوە “رێڕۆی پێشمەرگە” وەکو وەفایەک بۆ رۆڵی ئەو هێزە کوردییە لە تێکشکاندنی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بارزانی و شاندێکی یاوەری، لەوانە عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پاریس ئامادەن و بەشداری لە کردنەوەی شەقامەکەدا دەکەن.
هەر ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلولی 2025، بارزانی گەیشتە باڵەخانەی شارەوانیی پاریس و لەگەڵ ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش، چەند دیارییەکی پێشکەش بە سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد. یەکەمیان کتێبێکی پێشکەشی سەرۆکی شارەوانی کرد کە باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە و سەرکەوتنەکانی دەکات بەرامبەر گروپی تیرۆریستی داعش.
دواتر، تابلۆیەکی پێشمەرگەی پێشکەش کرد و وتی: ئەوە تابلۆی پێشمەرگەیە، ئەو پێشمەرگەی شەڕی داعشی کرد لەبری هەموو جیهاندا.
سەرۆکی شارەوانی پاریس ئاماژەی بەوە کرد، “ئەو دیارییە زۆر بەهادارە لای من، پێویستە لە شوێنێک دابندرێت لە ئۆفیسەکەم، هەر میوانێکم بێت، پێویستە تابلۆی پێشمەرگە ببینن چونکە “ئێمە قەرزاری پێشمەرگەین”.
پاشان بارزانی، هەنگوینی پێشکەشی سەرۆکی پاریس کرد و وتی: “ئەمە باشترین هەنگوینی کوردستانە”.















Post Comment