شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هەر ژنان بوون وەک کاڵا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرا

_
لە ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی 8ـی 2025، هەتا رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو، کۆنفرانسی هاوپەیمانی حیزبە سۆشیال دیموکراتەکانی وڵاتانی عەرەبی لە سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی دەستیپێکرد و تێیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق ێکی پێشکەشکرد.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند، ئەم کۆنفرانسانە زۆر لەوە پڕ بایەخترە، کە تەنها وەک گردبوونەوەی کۆمەڵێک حیزب و لایەن و وڵات و کەسایەتی لە قەڵەم بدرێت. گرنگییەکەی بریتییە لەوەی زیاتر لەیەکتر تێبگەین و برینەکان بە ئومێدی چارەسەر دەستنیشان بکەین.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “پێویستە لێک نزیکبینەوە تا پەند لەیەک وەربگرین، لە دنیادا هیچ کەس و گەلێک نییە بە بەرزی و نشێویدا تێنەپەڕیبێت، ئێمەش لەو یاسایە بەدەرنین، بەڵام کەسی بوێر ئەوەیە کە هەست بە هەڵەی خۆی بکات و دیسان دووبارە نەبێتەوە.”
وتیشی: “با ببینە کەسی، کەسە بێ کەسەکان، پیویستە زۆر جددی تر بیر لە دواڕۆژی نەوەکانمان بکەینەوە، نەک بەوە دڵخۆشبین کە چەند لایەنێکی سیاسی ناوێکی وەک دیموکراسی بە خۆیانەوە دەگرن. نابێت لەبەر ئەوەی لە پەیڕەو و دەستووری وڵاتەکانمان باسی مافی مرۆڤ دەکرێت، ئیتر دڵمان خۆشبێت، لە کاتێکدا هەندێک هەر لە بەهای واقعی مرۆڤ بێ ئاگان، چ بگاتە مافەکانیان.”
باسی لەوەشکرد، ئێمە لە کێشەیەکی گەورەداین ئەویش کێشەی دەنگ هەڵنەبڕینە، ئەوکاتەی دەبێت بەرامبەر تاوانێک دەنگ هەڵببڕین، بێدەنگ دەبین، گەر جیهان لەسەر هەڵەبجە و ئەنفال، بهاتنایەتە دەنگ و بەرامبەر ئەو هەموو گۆڕە بە کۆمەڵە و کیمیاباران چاویان دانەخستایە، لەوانەبوو چیتر تاوانی وا لە بۆسنە و رواندا و شنگال و ئەمڕۆش لە غەززە دووبارە نەبوایەتەوە. ئەو کارەساتە مرۆییەی تووشی ژن و منداڵانی غەززە دەبێتەوە، بەهۆی بێدەنگی جیهانەوەیە.”
خانمی یەکەمی عێراق وتیشی، “دەپرسم کاتی ئەوە نەهاتووە کە ئێمەی ژنان هەڵوێستی جددیمان هەبێت؟ هەر ژن بوو وەک کاڵا و غەنیمەتی شەڕ لە بازاڕەکانی ڕەققە و دێزرەزوور و موسڵ کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرا. ژن ناچارە لە پاش شەڕ کۆشێک منداڵی برسی بەخێوبکات و رووبەڕووی هەموو ناخۆشییەکان ببێتەوە. “
دووپاتیشی کردەوە کە “لەم پەرۆشی و خەمەدا، زۆر هێز و ئاراستەی دیکە لە جیهان و ناوچەکە هاوبەشمانن، کە هەمان دید و خەمخۆرییان هەیە”.















Post Comment