سەرۆک وەزیرانی قەتەر: پێویستە وەڵامدانەوەیەک لە هەموو ناوچەکەوە بۆ ئەو کارە وەحشیگەرانەی ئیسرائیل هەبن

سەرۆک وەزیرانی قەتەر: پێویستە وەڵامدانەوەیەک لە هەموو ناوچەکەوە بۆ ئەو کارە وەحشیگەرانەی ئیسرائیل هەبن

جار بینراوە: (914)

_

سەرۆک وەزیرانی قەتەر دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی مافی رەوای خۆیەتی وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بداتەوە؛ و “ناوچەکە لە قۆناخێکی چارەنووسساز دایە”.
 
شەوی سێشەممە، 9ـی 9ـی 2025، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئەلسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “قەتەر مافی ئەوەی هەیە وەڵامی ئەم هێرشە ئاشکرایە بداتەوە، ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەمڕۆ گەیشتووینەتە قۆناخێکی چارەنووسساز و پێویستە وەڵامدانەوەیەک لە هەموو ناوچەکەوە بۆ ئەو کارە وەحشیگەرانە هەبن”.
 
هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەشی کرد بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و گەڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە و وتی: “هیچ شتێک ئێمە لە رێگەی نێوەندگیری لە ناوچەکەدا دوورناخاتەوە”.
 
سەرۆکوەزیرانی قەتەر ‘رەخنەی تووند’ـی لە ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر هێرشەکەیدا و بە “تیرۆریزمی دەوڵەت” ناوی برد و وتی، بنیامین نەتەنیاهو ناوچەکە بەرەو بێسەروبەری و گێژاو دەبات.
 
شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان وتیشی، “هێرشەکەی ئیسرائیل لە کاتێکدا روویدا کە تیمی دانوستاندنی حەماس خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تایبەت بە ئاگربەستی غەززە بوو، دەپرس کە ئایا دوای هێرشەکە دەرفەتی دیپلۆماسی ماوە؟ من دەڵێم دەرفەتەکە کەم بووەتەوە.”
 
لەبارەی ئاگادارکردنەوەی قەتەرییەکانیش لە لایەن ئەمریکاوە، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان رایگەیاند، 10 خولەک دوای هێرشەکە ئاگادار کراونەتەوە؛ “سوپای وڵاتەکەمان نەیتوانیوە شکستی پێ بهێنێت، چونکە لە لایەن راداراوە پێی نەزانراوە.”

بابەتى تر

👤
Live: 86 Today: 445 📊 Click Here