رەشبەڵەکی رزگاری رۆژهەڵات
لە ئەورۆدا بەربینگی ئاسمانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوێن تەم و دوکەڵی شەڕ تەنیوێتی، دوژمنی ستەمکاری داگیرکەر لە خوێنی خۆیدا دەگەوزێت، بەخت و تەختی لە شۆڕی وداروخاندایە، چرۆی رزگاری لە بەهاری رۆژهەڵات دا لە پشکیندایە. رۆژهەڵات بۆن و بەرامی رزگاری گرتویەتی، رەشبەڵەکی سەرفرازی ساز دەکات.
تابلۆ و دیمەنی رزگاری و سەرفرازی رۆژئاوای کوردستان لە رۆژ هەڵاتیدا فۆرم دەگرێت و دونیای سەرفرازی پڕ لە هیوای، سەوز دەبێتەوە. ئەز بەم هەڵچونی تەمەنەوە، بە دەست و مەچەکی لەرزۆک و چاوی کز و دڵی لاوازەوە، خەیاڵ و ئاوەزەی ئازادی لە خەونی بێ هیوایی ڕامدەچەڵەکێنێ و لە جێگادا دەمخزێنێ و خەیاڵ هەڵم دەگرێت، سۆزی خەبات و تێکۆشان ئاوی ئاوەزەم دەدات، هیوایەکی نەرمی مێخۆش لە دەمارەکانمدا سەما دەکات، ئۆقرەی لێهەڵگرتووم، ئارامی تێدا نەهێشتووم، بڕستم لێدەبڕێت، ئەرکێک وە ئەستۆم دەخات، ئەگەر تەنیا بە زاریش بێت ویژدان ئاسودە بکەم.
ئەم کەتوارە هەلێکە مێژوو یەک دەفعە بۆمانی دەرەخسێنێ، رەنگە تا گڵەبانی چاومان دەکرێت، جارێکیتر ئەم هەلە نەرەخسێتەوە، بۆیە دەبێت لە دەستی نەدەین، مەچەک و بازوی لێ هەڵماڵین، لە کوێوە نوزەی بای ئازادی بێت، شەن و کەوی ماف و خواستەکەمان بکەین. لە هەر جێگایەکی ئەم سەر زەمینە بۆمان بلوێت نمایشی سەرفرازی و بە گویدانی مافی ژیان و مرۆ بوونمان لە زیهنیەتی مرۆڤدۆستاندا بچەقێنین. بەرگری و بەرخودان تەنیا ئەرکی کوردانی رۆژهەڵات نیە، ئەرکی هەموو کوردێکە لە هەر جێگاو پێگەیەکدا بێت.
لەم بەهارە پڕ لە خێر و جوانی سروشت و تابلۆی رنگاو رەنگی دەشت و دەری کوردستاندا، نەرمە غاری ئاژەڵان بە سەمفۆنیای بلوێری شوانان سەما دەچڕن، نەغمە و جریوەی باڵندەکان ئاوازی سەرفرازی بە گوێی نەرمەبادا خۆش هەواڵی رزگاری نیشتمان دەدەن. لەم وەختەدا، کە هێشتا سروشتی نیشتمان بەرگی زستانی فرێنەداوە، تینی هەتاو دڕی بە سەرما و تەزینی جەستە و سەر نەداوە. شەوق و زوەقی مژدەی هاتنی بەهاری ئازادی رۆژهەڵاتی شیرین و رەنگین دەدات بە گوێماندا. رووداوەکان ئەوەندە خێران ماوڵ نادەن زمانمان گۆ بگرێت، سرودی رزگاری بچرێت. بانگەوازی ڕاپەرین و هەڵمەتبردن، خەیاڵمان مەستی شادیەک دەکات، رەنگە دڵ بەرگەی نەگرێت.
لاوانی وڵاتەکەم ئەی ئەوانەی بە دەنگی زوڵاڵ و بازوی پۆڵاین دڕتان بە پیلانگێری و خەونی تۆرانیەکان لە رۆژئاوای کوردستان دا، ئێستا ساتی هاتنەوە مەیدانە بۆ بەرگری لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی بونیادنانەوەی شکۆمەندیە.















Post Comment