رێباز حه‌ملان واده‌ی هاتنی مووچه‌ی دوو مانگ راده‌گه‌یه‌نێت

رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه “سبه‌ی مووچه‌ی مانگی حه‌وتی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له به‌غداوه ده‌نێردرێت بۆ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان”.
رێباز حه‌ملان بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت: “دوای ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ مووچه‌ی مانگی هه‌شت دێت”.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه كه “رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق له‌پێناو مووچه‌ی مووچه‌خۆران بووه و بۆ ئه‌وه بووه كه هه‌موو مووچه‌ی مانگه‌كانی ئه‌مساڵی هه‌رێمی كوردستان كه نه‌هاتوون، بۆ مووچه‌خۆران بنێردرێت”.
باسی له‌وه‌شكرد كه “وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پابه‌ندی ته‌واوی رێككه‌وتنه‌كان و به‌ڵێنه‌كان ده‌بن له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاساكاندا”.
وتیشی: “ئێمه گه‌ره‌نتی هه‌موو ڕێككه‌وتنه‌كان ده‌كه‌ین و پابه‌ندیان ده‌بین له‌سه‌ر داهاتی نانه‌وتی، هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاسای بودجه‌دا هاتوون”.
رێباز حه‌ملان داواشی له عێراق كرد كه پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه بن و مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ن.
یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم راشیگه‌یاند كه “بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له عێراقه‌وه دێت، ته‌نیا مووچه نییه، به‌ڵكوو بودجه‌ی به‌كاربه‌ر، وه‌به‌رهێنان، سیادی و حاكمهش ده‌گرێته‌وه. ئێستا كه نه‌وت ده‌ستی به هه‌نارده‌كردن كردووه‌ته‌وه و داهاتی ناوخۆ و 120 ملیار دیناریشمان ڕاده‌ستی به‌غدا كردووه، ده‌بێت ئه‌وانیش بودجه‌ی به‌كاربه‌ر و وهبهرهێنانیشمان بۆ بنێرن، چونكه ناكرێت هه‌زاران پرۆژه له عێراق به‌رده‌وام بن و تا ئێستا یه‌ك پرۆژه‌ش بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌كرابێت”.















Post Comment