ته‌مموز 20, 2025

دەستەی وەبەرهێنان: بەشێک لە گەنمی جووتیاران کەرتی تایبەت وەریدەگیرێت

جار بینراوە: (4.5K)



گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، ئەو بەشە گەنمەی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن عێراقەوە وەرنەگیراوە، لەلایەن دوو کۆمپانیای خۆراک ساخ دەکرێتەوە. باسی لەوەش کرد: “15ـی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنم دەستپێدەکات”.

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان  راگەیاند: “دوو ساڵە لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەنمی ئەو جووتیارانەی کە لەلایەن بەغدا وەرناگیرێت، لە هەرێمی کوردستان ساخ دەکرێتەوە، تاوەکو جووتیاران زەرەر نەکەن”.

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای خۆراکی قەیوان لە سلێمانی و خۆشناو لە سنووری هەولێر و دهۆک رێککەوتوون، تاوەکو گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرن.

بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژە بەوە دەدات، بە هەمان تایبەتمەندییەکانی عێراق گەنمەکان وەردەگیرێن، یەک تۆن گەنمی پلە یەک بە 550 هەزار دینارە و پلە دوو بە 525 هەزار دینارە. باسی لەوەش کرد: “15ـی ئەم مانگە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێت تاوەکو 15ـی مانگی داهاتوو”.

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی باسی لەوە کرد: “ئەو کۆمپانیایانە گەنمەکە بۆ دان، ساوەر و ئارد بەکاردەهێنن، جگە لەوەی پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکەنەوە هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەکرێت”.

پار حکومەتی عێراق نزیکەی 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت و بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ـی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد، تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ـی تەممووز بوو کراوە بوون.

ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە 10ـی حوزەیرانەوە دەرگای سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کرانەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas