دوو هەرێم، دوو ئیدارە، بەڵام نەتەوەیەکی دابەشکراو!

دوو هەرێم، دوو ئیدارە، بەڵام نەتەوەیەکی دابەشکراو!

جار بینراوە: (30)

ئەم عیناد و ئیگۆیستییەی هەردوو لایەن دەیکەن، ئەگەر بەردەوام بێت، هەرێمی کوردستان بەرەو ڕووخانێکی سیاسی، ئابووری و نەتەوەیی دەبات؛ زیانێک کە ڕەنگە نەوەکانی داهاتووش نەتوانن قەرەبووی بکەنەوە.

کێشەی کوردستان تەنها مووچە و نەوت و بودجە نییە؛ بەڵکو پرسیاری چارەنووسی نەتەوەیەکە. دابەشبوونی بڕیاری سیاسی و ئیداری، مەترسی لەسەر یەکپارچەیی دامەزراوەکان، سەرچاوە سروشتییەکان، داهاتی گشتی، هێزە ئەمنییەکان و هێزی دانوستاندنی کورد لە بەغدا و ئاستی نێودەوڵەتیدا دروست دەکات.

ئەزموونی شەڕی ناوخۆیی ساڵانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٨ دەبێت هەمیشە لەبەرچاومان بێت؛ چونکە ئەو ڕووداوانە نیشانیان دا کە ناکۆکیی ناوخۆیی چۆن دەتوانێت هێزی کورد لاواز بکات و دەرفەت بۆ دەستێوەردانی دەرەکی بخوڵقێنێت.

ئەزموونی پەرتەوازەبوونی خۆمان و زاڵبوونی دوژمنانمان زۆرە؛ بەڵام دیارە هێشتا لە وانە مێژووییەکانمان بە تەواوی فێر نەبووین. نابێت جارێکی دیکە هەمان هەڵە دووبارە بکەینەوە و بە دەستی خۆمان ئەو هێزە نەتەوەییە لاواز بکەین کە بە خوێن و قوربانی بەدەستمان هێناوە.

چارەسەری کێشەکانی مووچە و نەوت و بودجە لە ڕێگەی شەفافیەتی دارایی، دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهات و یەکخستنی دامەزراوەکانەوە دەبێت، نەک بە دروستکردنی دوو ناوەندی بڕیاری جیاواز.

بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخەش لە ئەستۆی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارە؛ پارتی و یەکێتی. هیچ کامیان ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتیی دابەشبوونەکە بەدوور بگرێت و هەموو تاوانەکە بخاتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر.

بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر، پرسیاری ویژدان و مێژووە.

با هەردوو لایەن تەنها یەک تۆز بچنەوە ناو ڕۆحیەتی ئەو نەوەیەی کە لەبەردەم پەتی سێدارە و مردندا وەستان، بەڵام لەسەر باوەڕ و ئامانجە نەتەوەییەکانیان سازشیان نەکرد.

ئەوان بە ڕۆح و گیانی خۆیان باوەڕەکانیان پاراست و لە پێناو ئازادیی میللەتەکەیان و مافی چارەی خۆنووسین قوربانییان دا؛ بەڵام ئێوە ناتوانن لەسەر چەند بەرژەوەندییەکی بچووکی حیزبی و کەسیی خۆتان سازش بکەن؟.

شەهیدان، تێکۆشەران و زیندانیانی سیاسی خاوەنی ئەم قەوارەیەن، میراتگرەکەشی گەلە. بۆیە هیچ حیزب و لایەنێک مافی ئەوەی نییە لە گەل داببڕێت و بەبێ گەڕانەوە بۆ ویست و بەرژەوەندیی گشتی، بە تەنها بڕیار لەسەر چارەنووسی بدات.

بەڵکو پێویستە پارتی و یەکێتی ئەم دۆخە بکەنە دەرفەتێک بۆ نزیکبوونەوە لە گەل و ببنە بەشێک لە گەل وهاووڵاتیان؛ لە ڕێگەی پاراستنی قەوارەی هەرێم، پابەندبوون بە دادپەروەری و ئاوردانەوەیەکی جددی لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشە ڕۆژانەکانیان..

دەسەڵات دەگۆڕێت و حیزبەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام خاک و نەتەوە و مێژوو و چارەنووسی نەوەکانی داهاتوو نابێت ببنە قوربانیی ناکۆکییەکانی ئەمڕۆ..

مێژوو لە هەردوو حیزب دەپرسێت: کوردستانتان بۆ نەوەکانی داهاتوو یەکگرتوو بەجێهێشت، یان بەهۆی عیناد و ئیگۆ و بەرژەوەندییە کەسییەکانتان پارچەپارچەتان کرد؟

هێشتا کاتی گەڕانەوە هەیە؛ پێش ئەوەی مێژوو حوکممان بدات

بابەتى تر