جەنگ و کاریگەریەکانی لەسەر پەروەردە

جەنگ و کاریگەریەکانی لەسەر پەروەردە

جار بینراوە: (25)

جەنگ و کاریگەریەکانی لەسەر پەروەردە

ڕەووف محەمەد ئالانی

جەنگ واتە ململانێی دوو لایەن، یان دوو بەرەی دژبەیەک لەپێناو سەرخستنی ئامانجی دیاریکراوی هەر لایەک لەوانە لە بەرژەوەندی خۆی.

دیارە لە ناساندن و پێناسە کردنی ڕاستیدا بۆ جەنگ، زۆر ئەستەمە بگەیینە پەیامی ڕاستی، چونکە هەر لایەک لەوانە خۆیان بەخاوەنی پەیامی ڕاستی و هەق دەزانن، لەڕوانگەی تێڕوانینی بیری خۆیان بۆ ئامانجەکانیان.

بەڵام بۆ پرۆسەی پەروەردە هۆکارەکانی جەنگ دەتوانین، فاکتەرەکانی و کاریگەری جەنگ لەسەری ئاماژەی پێبدەین و کاریگەرییە نەرێنیەکانی دیاری بکەین کە ئەمانەن:

١-داخستنی قوتابخانەکان: لە کاتی جەنگدا زۆرجار قوتابخانەکان بەهۆی بوونی مەترسی گیانی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران دادەخرێن، یان دەبن بە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک، ئەمەش دەبێتە هۆی وەستانی خوێندن.

٢-تێکچوونی سیستەمی پەروەردە:

جەنگ دەبێتە هۆکاری تێکچوونی سیستەمی پەروەردە، چونکە زۆر مامۆستایان و فەرمانبەران ناتوانن لە کارەکانیان بەردەوام بن.

٣-کەمبوونی مامۆستا و کەسانی پەروەردەیی و شارەزایان:

هەندێک لە مامۆستایان و شارەزایان بەهۆی جەنگەوە کۆچ دەکەن یان لە جەنگدا زیان دەبینن، یان بەهۆی مەترسی لەسەر گیانیان وەک پێویست نوتوانن لە سەر کارەکانیان بەردەوامبن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونی کادری پەروەردەیی.

٤-کاریگەری دەروونی لەسەر قوتابیان و خوێندکاران:

جەنگ ترس و فشار و کێشەی دەروونی دروست دەکات، ئەوانەش کاریگەری نەرێنی لەسەر فێربوون و سەرنجی قوتابیان و خوێندکاران جێدەهێڵن. کە هۆلارێکە بۆ دابڕان و دواکەوتن لە فێربوون.

٥-کەمبونەوەی دەرفەتی خوێندن و فێربوون:

زۆر لە منداڵان ناچار دەبن خوێندن جێبهێڵن بۆ کارکردن یان یارمەتیدانی خێزانەکانیان.

٦-تێکچوونی شوێن و بیناکانی قوتابخانە و خوێندنگەکان:

بەشێک لە قوتابخانە و خوێندنگەکان بەرشاڵاوی بۆردومانی جەنگ دەکەون و وێران دەبن یان زیانێکی گەورەیان پێدەگات بۆیە پرۆسەی خوێندن تیایاندا ڕادەگیرێت.

٧-کەمبوونەوە و سەرچاوە و کەرەستەی خوێندن:

ئەو پێداویستیانە و کەرەستانە بەردەست نابن وەک: کتێب و کەرەستەی فێرکاری و ئامرازەکانی فێرکاری وهۆیەکانی فێربوون و پەروەردەییەکان کەم دەبن یان بەردەست ناکەون.

٨-دواکەوتنی ئاراستەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە:

کاتێک پەروەردە زیان دەبینێت، پێشکەوتنی زانستی و کۆمەڵایەتی وڵاتیش دوا دەکەوێت.

زۆرجار وتراوە پەروەردە چەکێکی کاریگەرە بۆ ئاراستەکردنی گۆڕانکاری ژیان و جیهان، وەک چۆن (نێڵسۆن ماندێلا) دەڵێ:(پەروەردە بەهێزترین چەکە کە دەتوانیت بەکاری بهێنیت بۆ گۆڕینی جیهان). بەڵام لەکاتی ڕوودانی جەنگدا ئەم وتەیە، ناتوانێت ئامانج بپێکێت و ڕۆڵ ببینێت، بەڵکو ڕادەوەستێت. چونکە پەروەردە لەکاتی ئاشتی و ئاساییدا دەبێتە فاکتەری بەدیهێنانی ئامانجە بەرزو باڵاکانی کۆمەڵگە، کە گەیشتنە بە شارستانی وخۆشنوودی وو پێشکەوتن.

کاتێ زەنگی جەنگ لەهەر ووڵاتێک لێدەدرێت، گوێهەڵخستن و چاوەڕوانی لە ژیانی ئاسایی کۆتایی دێت و نیشانەی هەواڵی ناخۆش و تاسان و چاوەڕوانی ئایندەی نادیار دەبێتە، یەکەم وێستگەی بەرکەوتنی هەستی مرۆڤەکان لە شوێنی ڕوودانی جەنگەکە.

ەکەم بە وتەیەکی زانای ناوداری جیهان (ئەلێرت ئەنیشتاین)کۆتای دێنم کە لەسەر جەنگ وتوێتی:(ئاشتی بە هێز ناپارێزرێت، بەڵکو تەنها بە تێگەیشتن و زانست بەدەست دەهێنرێت).

خۆزگە دەوڵەتان و ئەوانەی ئاگری جەنگ دادەگیرسێنن جوانتر بیریان لە مەترسییەکانی جەنگ دەکردەوە و بە وتەکەی ئەنیشتاین کاریان دەکرد، تێگەیشتنیان دەکردە سەرچاوەی بەدیهێنانی ئاشتی، تا پەروەردەش بیتوانیایە جیهانێکی پڕ لە شارستانی و ئارامی بەدیبێنێت.

بابەتى تر

👤
Live: 164 Today: 1,461 📊 Click Here