تاکەی وەهم و خەیاڵپڵاوی؟

تاکەی وەهم و خەیاڵپڵاوی؟

جار بینراوە: (1.3K)

هێزە گەورە و بچوکەکانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکان بۆ پەرڵەمانی عێراق ئەوەندە گورج و گۆڵ و بەپەرۆش بون وەک ئەوەی هەنگوینینان لە داری کڵۆردا دۆزیبێتەوە و بچێکیشی بە منداڵانی کوردستان ببەخشن.

زەمانێکە وتراوە سیاسەت تەنها کارکردن نیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان، بەڵکو هاوکاتیش بۆ رێگریکردنە لە روداوی نەخوازیار و زەرەربەخش. ئەزمونەکانی کورد، تایبەت لە باشور، دەیسەلمێنن کە سەرکردەکانی لەو پرسەدا زۆر کەمتەرخەم بون، بۆیە دوچاری قەیران و گرڤت و شکستی گەورە بوین.

جیاوازیەکی مەزندە لە ئەقڵیەتی سەرکردایەتی سیاسی کورد پێش راپەرین و دواتر تایبەت دوای روخاندنی سەدام و تا ئەم چرکەیەش بەرچاوە: ئەویش زۆربەی هێزەکانی کورد بەرامبەر بەغدا نەک هاوهەڵوێست نین بەڵکو کێبرکێیانە بۆ پچراندنی غەنیمە لە ” حەرامیەکانی” بەغدا و پاشکۆیەتی بۆ ئەجێندای هێزە کاریگەریەکانی جیۆپۆڵیتیکی ناوچەکە. ئەوان زۆر باش دەزانن کورد زیاتر لە سەد کورسیشی لە بەغدا هەبێت یەک زەرە لە هاوکێشە سیاسیەکانی کورد لەگەڵ پایتەختی هۆلاکۆ ناگۆرێت، چونکە لەمێژە زەمینەی عێراق بۆ دیموکراسی ناشێت.

میدیای حزبی و بەشێک بەناو سەربەخۆ لە باشور پەرۆشانە و گرج و گۆڵ هەر چرکەیەک فو دەکەنە ئەم شانۆگەریە، ناهەقیان نیە ئەو نانە نانە ئەمرۆ لەخوانە.

باوەر ناکەم زاکرەی پارتی و سەرکردەکانی ئەوەندە کاڵبوبێتەوە ئەزمونەکانی لە گەڵ بەغدای سەدام و دواتریش بەهەند وەرنەگرن، کەچی زۆر پەرۆشانە لە سێرکی هەڵبژاردندا خۆیان عەرزکردوە. ئێستا گەورەترین هێزی کوردن لە بەغدا و ناهەقیان نیە شانازی پێوەبکەن، بەڵام پرسیارە بنەرەتیەکە ئەوەیە بەم ئەنجامە و نزیکەی ٦٠ نوێنەری کورد چی دەتوانن بکەن بۆ گۆرینی بنەرەتی لە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی بەغدا بەرامبەر کورد و کوردستان لە کاتێکدا بەرپرسە باڵاکانی پارتی و هەرێم جەختیان لەوە کردۆتەوە کە بەغدا نە دیموکراسیە و نە فیدراڵ. ؟

سەبارەت بە یەکێتی، چاران مام جلال هەبو، دۆست و دوژمن، بچوک و گەورەش لێی تێگەیشتبون، سەرەرای بۆچون و هەڵسەنگاندن و هەڵوێستی ناجێگیر و جیاواز رێزی تایبەتیان بۆی هەبو، سەرکردە و سیاسەتمەدارێک بە ئەقڵیەتێکی رۆژانە دیدگای بۆ کورد و عێراق و ناوچەکە و دۆخی ناوخۆی باشور دادەرشت. خوالێخۆشبو لە ئەزمونەکانی لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدە باوەری پتەوی لا دروستبوبو کە: لێکتێگەشتن و سازان و رێککەوتن و تەنانەت نواندنی نەرمی لەگەڵ پارتی بۆ کورد سودبەخشە. رێکەوتنەکانی لەگەڵ پارتی، جێهێشتنی هەرێم بۆ دەسەڵاتی رەهای پارتی و ئومێدی بە پاراستنی پێگەی بنەماڵەکەی دوای نەمانی لەلایەن مسعود بەرزانیەوە راشکاوانە لە نامەیەکی تایبەتدا کە بۆ سەرۆکی پارتی ناردویەتی حاشاهەڵنەگرن. لێرەدا ناشێ بیشارمەوە مام جلال لە سایەی ئەو رێبازەدا مەبەستیشی بو پێگەیەکی بەهێزی لە عێراق هەبێت کە مافێکی رەوای بو.

نێوان پارتی و یەکێتی هەمیشە کاک نەوشیروان رۆڵی کاریگەری جیاوازی هەبوە. لە بەڵگەکانی شەرەکانی ناوخۆ، دروستکردنی بەرەی ، ئامادەسازی بۆ راپەرین و جێبەجێکردنی، یەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرڵەمانی کوردستان و یەکەم کابینەی هەرێم و تا دروستبونی گۆڕان و تا وەفاتیشی دەردەکەوێت سەرکردەیەکی خەمخۆرێکی بنەرەتی کوردایەتی بو لە باشور و کوردستان.

لە سەردەمی خولەکانی شەری ناوخۆ کە کاک نەوشیروان لە لەندەن جێگیر بو و یادەوەریەکانی دەنوسی، مسعود بارزانی نێردەیەکی باوەرپێکروی خۆی

( ناوەکەی لام پارێزراوە) نارد بۆ لای کاک نەوشیروان لە لەندەن. ئەو رۆژەی یەکتریان بینی ( زاکرەم یاوەرم بێت ساڵی ٢٠٠٤ بو) من لە ماڵی کاک نەوشیروان بوم. کاتێک گەرایەوە بۆ ماڵەکەی و بێئەوەی هیچ پرسیارێکی لێبکەم گوتی: مسعود بارزانی هەوڵ دەدات جیاوازیەکانی لەگەڵ مام جلال بۆ راستکردنەوەی لاسەنگی هێز لەگەڵ یەکێتی بەشێوازێکی نوێ بەرێوەبەرێت.

پێشتریش کاک نەوشیروان بەرێگای ئاڵوگۆری چەند نامەیەک لە گەڵ مسعود بارزانی بەردەوام کاری بۆ کۆتایی هێنان بە شەری ناوخۆ کردوە، لە بەرامبەریشدا وەڵامەکانی مسعود بارزانی ئەرێنی بون.

بە پێویستم زانی باسێکی ئەم مێژوە بکەم تا هاوڵاتی کورد بزانێت لەو سەردەمانەدا و سەرەرای ناکۆکی و شەر سەرکردەکانی هەر دو هێز لەیەکتر دانەبرابون و و خولیای چارەیەک بون.

چەندین بەڵگەنامەی ئەمریکی کە لە ویکیلیکس بڵاوکراونەتەوە دەیسەلمێنن کە لە دروستکردنی کابینەکانی حکومەتی هەرێم لە دوای راپەرینەوە تا دوای روخاندنی سەدامیش پارتی و یەکێتی دوای بێنە و بیبە و لەژێر فشاری ئەمریکا گەیشتونەتە رێکەوتن.

ئێستا پاش زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردنەکان بۆ پەرڵەمانی کوردستان شەبەح ئاسا لێرە و لەوێ یەکێتی و پارتی ناوبەناو باسێکی کابینەی نوێ دەکەن.

لە بانگەشەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرڵەمانی بەغدا بەرپرسە باڵاکانی پارتی ئاماژەیان داوە بەوەی مەرجەکانیان بۆ کابینەی نوێی هەرێم قورستر بون، هاوکات یەکێتی زیاتر بیژەنگی لەو بوارەدا هەڵبژاردوە.

ماوەیەکە یەکێتی و پارتی لولەی تفەنگەکانیان لەیەکتر هێناوەتەوە، خۆشبەختانە هێزی دەرەکی و ئەقڵێکی حەکیمانەی کورد تا ئەم چرکەیەش رێگرن لە تەقینەوە، هاوکات شەرەگەرەک و دارلاستیک و قۆچەقانی پرۆکسەکانیان رودەدەن.

ئەگەر ئەو دو هێزە وەهمی ئەوەیان هەبێت پیگەیان لە پەرڵەمانی بەغدا کاریگەری لە سەر یەکلاییکردنەوەی دروستکردنی کابینەی هەرێم دەبێت بێگومان بە دوای سەرابی بیابانەکانی عێراق کەوتون، تایبەت پێگەی کورد لە ناوچە زەوتکراوەکانی باشور لاوازتر بوە.

بەغدا بەردەوام دەیەوێت کورد نێوان خۆیان ناکۆک بن. لاواز بن. هەرێم هەر نەمێنێت… نازانم ئەم دو هیزە کەی تێردەبن … و تۆ بڵێی بە قودرەتی قادر شتێک روبدات ئەو دو هێزە ناچاری زۆر روداوی چاوەران نەکراو بکات … !

چاوەرانین!

نوسینی: چیا عەباس

رۆتەردام: ١٤ نۆڤەمبەر ٢٠٢٥

بابەتى تر

👤
Live: 63 Today: 1,695 📊 Click Here