بەرهەڵستی ستەمی ناوخۆیش هەر کوردایەتیە

بەرهەڵستی ستەمی ناوخۆیش هەر کوردایەتیە

جار بینراوە: (0)

محمد ئیبراهیم ئاغا

تەمەنی ستەمی دەرەکی بە سروشت کورتە ، هەر کۆتای پێدێ ئەگەر پلان هەبێ! ، ستەمی ناوخۆییە درێژە ، بەشێک لەهۆکاری ستەمی دەرەکییش ، بێ دەنگیە لە ئاست ستەمی ناوخۆیی ، ستەمی ناوخۆی کۆمەڵگا پەرش و بڵاو دەکات ، شیرازەی دەشێوێنێ ، تاکێکی کۆیلەو بێ ئیرادە دروست دەکات ، فێرە گریان و کڕوزانەوەی دەکات بۆ تیکە نانێک ، گەنجەکان ناچار بە کۆچکردن دەکات ، تەنانەت تاکی جاسوسیش بەرهەم دەهێنی ، بۆیەشە ستەمی دەرەکی لەم خاڵی لاوازی تاکی جاسووسەوە دێتە ژوورەوە.

ئەوەی ئێستا ئێرانی داخان کردووە ، کووشتنی ڕابەر و ئەو هەموو سەرکردە سەربازیەییە کە ڕۆژگارێک ستەمیان لە خەڵک دەکرد ، لە ڕێگای تاکی جاسووسەوە بە ئامانج گیراون ، ئەمەش چەندە ووردبینی شەڕکەری بەرامبەر بێ دوو ئەوەندەش بەرهەمی ستەمی ناوخۆییە کە پێشووتر ئەو ڕابەر و سەرکردە کوژراوانەی ئێران ستەمیان لە خەڵک کردووە و خەڵکیان ناچار بەجاسووسی کردووە

خەڵکانێک دەبینم هیچیان نیە لەسەر زۆر و زەوەندی ستەمی ناوخۆیی ، تەنها دەیانەوێ لە ڕێگای نیشاندان و هەڵوێست وەرگرتن لەسەر ستەمی دەرەکی پێمان بڵێن لە خەمی قووڵی نیشتیمانەکەمانین ، لەبەرامبەر ستەمی ناوخۆیش نەوەک بێ دەنگن ، تەنانەت بەشێکن لەو پڕو پاگەندەیەی دەسەڵات کە دەڵێن دۆخەکە هەستیارە!

هیچ هونەر و ئازایەتی تێدا نیە دژی ستەمی دەرەکی بی ، ئەسڵەن تۆ دەبێ لە بنەڕەتەوە دژی بی ، بەڵام دژایەتیەک ئاوێزانی بیر و هۆش بێ نەوەک هەست و سۆز ، زۆرجار بە لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسیەی هەییە دەکرێ ببینە هێزێکی کاریگەر لەناو دڵێ دوژمن ، بۆ نموونە چەند یاریزانێکی کورد دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە لە ڕێگای هەڵبژاردەی عێراقەوە توانا و هونەری ی کورد بگەینن بە دونیا ، ئێ ئەوە دەرفەتێکە ببینە هێزێکی نەرم لەناو جەرگ و هەناوی دوژمن ، بێنە بەرچاوت یاریزانێکی کورد ببێتە سەرنجی میدیا ەکان و بۆندێکی پێشکەش بکرێ لە یەکێک لە یانەکانی ئەوروپا ، ئێ ئەو یاریزانە بتوانێ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق ئاڵای کوردستان هەڵبکات ، لەگەڵ یانەیەکی ئەوروپیش زیاتر دەتوانێ نمایندەی ئاڵا و ڕەمزی نیشتیمانەکەی بکات

کورت و پوخت مەبەستە بڵێم: وەستانەوە بەڕووی ستەمی ناوخۆی دەبێ لە پێشینەی کارەکانمان بێ ، چونکە ستەمی ناوخۆی بە ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و درۆکردن بەناوی نیشتیمانەوە فێڵمان لێدەکات ، لەت لەت و بیمارمان دەکات ، لە بەرامبەردا ستەمی دەرەکی (تورک و فارس و عەرەب )هیچ شەڕعیەتێکیان نیە تا قبوڵیان بکەین ، بەسروشت دژیانین

بیماریەکی ئەخڵاقیە، مامۆستایەکی زانکۆ بڵێ : شەڕی دادپەروەری ، برسێتی و چینایەتی لەپاش دروست کردنی دەوڵەت دەست پێدەکات. ئەوە ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێ: کۆیلە بە و ستەمکاری ناوخۆی قبوڵ بکە ، تەرکیزت لەسەری نەبێ ، دەپرسم دەبێ ئەو مامۆستاییە نەزانێ بەشێک لە ستەمکاری دەرەکی ، قبوڵکردنی ستەمکاری ناوخۆییە؟ ، بەستەمی ناوخۆی تاکێکی بێ ئیرادە دروست دەکەی بۆ نانێکی مەژی و بمرە شکۆی دەشکێنی ، ئاخر لەوسەرەوە گرەنتی چیە نەبێتە (جاسووس و جاش) کە هەمیشە وا نیشانی دەدەی و خەمی ئەوەتە خەڵک نەبێتە جاسووس و جاش.

بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی. نووسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای کۆیباس.I Razhan Ahmed. I have BA in English Language and Literature.I become an active writer and designer for Koibas'a website.

بابەتى تر

👤
Live: 10 Today: 1,734 📊 Click Here