ته‌مموز 21, 2025

بێ مووچەیی جووڵەی لە بازاڕی رانیە بڕیوە؛ ‘450 ملیۆن دینار قەرزم لای خەڵکە’

جار بینراوە: (3.8K)

دواکەوتنی مووچە جووڵەی نێو بازاڕی پەکخستووە و بەشێک لە دووکاندارانی رانیە بە قەرز کەلوپەل و پێداویستیی نێو دووکانەکانیان دەفرۆشن. دووکاندارێک دەڵێت، 450 ملیۆن دینار قەرزی لای خەڵکە.

سامان جەلال، خاوەن کۆگەی خۆراک  گوت، “450 ملیۆن دینارمان قەرزە، وا دەزانم لە بانکە، لەبەر ئەوەی لە گیرفانی فەقیر و هەژاردایە، لە گیرفانی مامۆستایەکدایە کە رۆژانە دەرسی بە من گوتووە و فێری نووسین و خوێندەواریی کردووم. لە گیرفانی ئاسایشە کە ئەمنیەتی ئەم شارە دەپارێزێت، هەر کەسێک دەیەوێت شت ببات، با بێت بیبات تاوەکو پارەی دەبێت و پێمدەدات.”

فایەق قادر، فەرمانبەر دەڵێت، “لەو کاتەوەی دۆخی مووچە ئاوایە و نایەت، من برنج و رۆن و هەموو شتێکم بە قەرز بردووە، ئەم پیاوە قەرزی لەلای نیوەی خەڵکی رانیەیە.”

دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک جووڵەی بازاڕی پەکخستووە، کە تەنانەت بەشێک لە خاوەن کارەکان باس لەوە دەکەن کرێی مانگانەیان پێ دابین ناکرێت.

ساڵح حوسێن، دووکاندار ئاماژەی بەوە کرد، “مووچە وەکو سووتەمەنی وایە، هەموو سێکتەرەکان بەگەڕدەخات، ئەگەر مووچە نەما هەمووی لەکاردەکەوێت، ئەگەر چارەسەری مووچە نەکرێت ئاییندەیەکی ترسناک روو لە هەرێمی کوردستان دەکات.”

رۆستەم مستەفا، دووکاندار باسی لەوە کرد، “ئەگەر بە قەرز شت بفرۆشم، بە سێ رۆژ دووکانەکەم بەتاڵ دەبێت، 80%ی خەڵک پارەی پێ نییە، خەڵک ئەمڕۆ بۆ نانی زگی هەوڵ دەدات، نایەت لە دووکانەکەی من بۆنێک بکڕێت کە بۆ خۆشییە.”

زیاتر لە دوو مانگە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان پێنەدراوە، خراپیی دۆخی دارایی فەرمانبەران کار و کاسبیی لە بازاڕەکاندا سست کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas