بافڵ تاڵەبانی: چەکدانانی پەکەکە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ
سەرۆکی یەکێتی لە بارەی چەکدانانی پەکەکەوە دەڵێت، چەکدانانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پارێزگای سلێمانی هەنگاوێکی مێژووییە، بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیا لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە.
ئەمڕۆ هەینی ١١ـی تەمموزی ٢٠٢٥، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە بارەی چەکدانانی پەکەکەوە وتی، خوێنڕشتن کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و ئێستا سەردەمی بێدەنگکردنی چەکەکان و چوونە سەر مێزی گفتوگۆیە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی هەموو لایەک.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارن ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پتەوکردنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبێت.
دەشڵێت، هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبن و چەکدانانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی هەنگاوێکی مێژووییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٩ـی تەمموزی ئەمساڵ، عەبدوڵا ئۆجەلان، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و داوای لە پەکەکە کرد، هێزی سیاسەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و واز لە خەباتی چەکداری بهێنن، وتەبێژی دەم پارتیش باسی لەوەکرد، کە پابەند دەبن بە داواکارییەکانی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ئەمڕۆش هاوسەرۆکان و نوێنەرانی دەم پارتی، لە رێورەسمی چەکدانانی پەکەکە-دا، لە سلێمانی ئامادەبوون و دوای نزیکەی نیو سەدە لە خەبات یەکەم گروپی پەکەکە چەکەکانیان لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی سووتاند.