ته‌مموز 20, 2025

ئەڵمانیا داواکارە ئاگربەستی غەززە بە زووی رابگەیەندرێت

جار بینراوە: (42)


راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و باسیان لە دۆخی غەززە و دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و قۆناغی دوای شەڕ کردووە.

ئەمڕۆ هەینی ١٨ـی تەممووزی ٢٠٢٥، نووسینگەی راوێژکاری ئەڵمانیا راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، فرێدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.

راوێژکاری ئەڵمانیا باسی لەوەش کردووە، پێویستە هاوکارییە مرۆییەکان بەپەلە و بە شێوەیەکی سەلامەت بگاتە کەرتی غەززە، جەختیشی لە چەکداماڵینی حەماس کردووەتەوە و بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ ناوی بردووە و هیواشی خواست، ئاگربەستی غەززە بە خێرایی رابگەیەندرێت و هەموو بارمتەکان، بە تایبەت ئەوانەی رەگەزنامەی ئەڵمانیان هەیە، دەستبەجێ ئازاد بکرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژەی بەوەش کراوە، راوێژکاری ئەڵمانیا، داوای کردووە، دوای شەڕی غەززە، پێویستە سیستمێکی هەبێت کە هەم پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و هەم مافی چارەی خۆنووسینی فەلەستین لەبەرچاو بگرێت.

هەر ئەمڕۆ فرێدریک مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بارودۆخی غەززە چیتر جێگەی قبووڵ نییە.

وتیشی، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی شەڕەکە ئەنجامێکی دادپەروەرانەی بۆ هەر دوولا هەبێت، ئاماژەی بەوەکرد، لە ئازاری خەڵکی فەڵەستین تێدەگات و هەموو هەوڵێک دەدات، هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتەکە دابەش بکرێن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کاتێک حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، هەزار و ٢١٩ کەس کوژران، کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون.

لە بەرامبەردا، بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا، لانیکەم ٥٨ هەزار و ٦٦٧ فەلەستینی کوژراون کە زۆرینەیان مەدەنین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas