ئایە بارزانی دەیتوانی كۆ كەرەوە بێت

ئایە بارزانی دەیتوانی كۆ كەرەوە بێت

جار بینراوە: (1.2K)

لە دوا قسەی مەسعود بارزانیەوە دەستپێدەكەم ، كە لە زانكۆی ئەمەریكی لە دهۆك وتی ” لایەنە كوردستانیەكان باش گوێ لەم ەی من بگرن، ئەو هەل و مەرجەی دوای هەڵبژاردنی عێراق هاتوەتە ئارا، ئەو هەل و مەرجەی پێش هەڵبژاردن نیە ”

بیرمە بارزانی كاندیدی پارتی و یەكێتی بوو بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، مام جەلال لە خۆی پەرۆش تر بوو بۆ دەرچوونی دەیگوت سەرۆكی ئێستاو داهاتوی هەرێمە ، كاتێك نەوشیروان مستەفا لە هەوڵی تەبایی كوردا بوو چەند جار بێ پاسەوان و سەیارەی درع دەچو بۆ سەری ڕەش بۆ لای بارزانی ، كەمال میراودەلی خۆی بۆ سەرۆكی هەرێم وەک بەرهەڵستکاری بارزانی هەڵبژاردبوو ، یەك میدیایی حزبی بە میدیایی گۆڕانیشەوە لە بەر خاتری بارزانی ڕێگەیان نادا قسەی خۆی بكات ، ئێستا نە نەوشیروان مستەفا نە تاڵەبانی لە ژیاندا نین ، بەڵام بارزانی چ ئەو ساو چ ئێستاش هەر حزبیانە مامەڵە دەكات و نەیتوانی دوای مردنی ئەوان ئەو بۆشایە پڕبكاتەوەو كۆكەرەوە بێت ، نەیتوانی یان نەیانهێشت ئەوە دەبێت حزبكەی بە هێمنی وەڵام بدەنەوە ، نەك جنێو دەر ڕاسپێرن.

مەسعود بارزانی ئەزمونێكی دورو درێژی لە شەڕو ئاشتی و دیرۆكی پەنجا ساڵی ڕابردوی هەرێم و كوردستاندا هەیە ، دەكرا ئەمە فاكتەری بەهێزی ئەو بونایە بۆ ساڕێژی برینەكان ، بە تایبەت دوای مەرگی ئەو دوو كەسایەتیەی ناومان هێنان، كەچی ئەو دەهات باسی شازدەی ئۆكتۆبەرو خیانەت و ئەو شتانەی دەكردو سەركردەو بنكردەی ناو حزبەكەشی پەلاماری برایم ئەحمەد و مام جەلال و یەكێتی و نەوشیروان مستەفاو یەكگرتوو، كۆمەڵ و زۆربەی كوردیان دەداو ئەو بێدەنگی ناكردن، لە كاتێكدا بارزانی دەیتوانی ئەوە بكات ، دەیتوانی كۆكەرەوە بێت ، دەیتوانی نوێنەرایەتیەكی باشی هەموو كورد بكات ، ئەو دەهات لە بری ئەوەی بارەگاكەی ناو بنات بارەگای گەلی كورد ، ناوی دەنا بارەگای بارزانی، خۆی ئاساییە ئەو ناوە، بەڵام ئەگەر بارەگای گەلی كورد بوایە زۆر فراوانترو گشتی تر بو.

چ بارزانی باوك چ مەسرور بارزانی كە ئەو هەموو ماوەیە سەرۆكی حكومەت بوو نەهات مانگێك لە گەرمیان یان لە سلێمانی سەرپەرشتی حكومەت و بەڕێوە بردن بكات ، تا ئەوان ببنە هەوێنی شكانی بەستەڵەكی نێوان هەولێرو سلێمانی كە بە داخەوەدرزەكە بەڕادەیەك گەورە كراوەتەوە لەم هەڵبژاردنەدا زۆر زەقكرایەوە بەوەی هەولێر چەند مەترە جادەیەكی لە كۆیە لێبووبوو بە گرفت و دەیگوت دەسكەوتی ئێمەیە نەك خەڵكی تر، هەروەها ئەوەش دەگوترا دەنگ بدەن بە پارتی با سلێمانی وەك هەولێر لێبكات ، لەوەش خۆشتر سەرۆكی حكومەت لە بری بەیەك چاو ڕوانینە گشت لە بانگەشەی هەڵبژاردنا كێشەی ئەوە بوو ناوبردنی كەركوك بە قودس خیانەتەو ئەوە هەر دڵە، لە كاتێكا مەسعود بارزانی دەیتوانی هەموو ئەو قسەو باسانە بەوە ببڕێتەوە كە سلێمانی و هەلێرو دهۆك و هەڵەبجە شارو شوێنی هەموو كوردن و تاپۆنین لە سەر كەس .

كۆكەرەوە ئەوە نیە كە چوار كۆنەمەكتەب سیاسی یەكێتی ئێستا بۆ هەر بەرژەوەندیەك بێت بەشان و باڵی بارزانیدا هەڵبدەن ، كۆكەرەوە ئەوەیە خەڵكی چەمچەماڵ هەست بە ستەم و نادادی نەكەن لە خزمەت و كارو پڕۆژەداو خەڵكی شوێنێكی تر منەت بەسەریاندا نەكەن، بۆ بارزانی ئەگەر كۆکەرەوە با دەبوو بەیەكدووری لە هەموو حزبەكانەوە دوربوایەو جیاوازی لە نێوان مەسرورو بافڵدا نەكردایە چ جای نێچیرڤان و مەسرور، من تەمەنام دەكرد كۆكەرەوە بوایە ، تەمەنام دەكرد خۆی وتەنی ” هەڵە ئاساییە ، بەردەوام بون لە سەر هەڵە ئاسای نیە ” خۆی و حزبەكەشی بەو واژەیە هەست و كەوتیان بكردایە ، من دڵنیام گەر خۆی بیەوێت ، گەر لێیبگەڕێن ، ئێستاش سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی هەرێمیش نیە، بەڵام دەتوانێت كۆكەرەوە بێت .

بابەتى تر

👤
Live: 136 Today: 661 📊 Click Here