ئاوات شێخ جه‌ناب: چه‌ندین نووسراومان له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌ڵێنده‌ران بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ناردووه

وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان له میانی پێشوازیكردنی له شاندێكی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان رایگه‌یاند كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌ڵێنده‌ران.
وه‌زاره‌تی دارایی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه2025/9/22 ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری، پێشوازیكرد له شاندێكی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان لقی هه‌ولێر.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه له دیدارێكدا كه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ژمێركاری و بانكه بازرگانییه‌كان ئاماده‌ی بوون، وه‌زیری دارایی گوێبیستی كێشه و گرفته‌كانیان بوو و ڕایگه‌یاند: وه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌ڵێنده‌ران و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا چه‌ندین نووسراومان له‌به‌رژه‌وه‌ندی به‌ڵێنده‌ران بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ناردووه تا ڕه‌زامه‌ندی بده‌ن له‌سه‌ری.
له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا شاندی یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان لقی هه‌ولێر چه‌ند داواكاریه‌كیان خسته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌خه‌رجی شایسته‌ی مانگانه‌ی كۆمپانیاكان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بارمته‌ی یاسایی به‌ڵێنده‌ران قۆناغ به قۆناغ و لابردنی هه‌ندێك ڕۆتینی كارگێڕی له به‌رده‌م پرۆژه و كۆمپانیاكان.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا وه‌زیری دارایی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ژمێركاری و بانكه بازرگانییه‌كانی ڕاسپارد له‌گه‌ڵ یه‌كێتی به‌ڵێنده‌ران له‌سه‌رهێڵ بن بۆ وه‌رگرتنی داتای شایسته‌ی كۆمپانیاكان و به‌پێی خشته و قۆناغ به‌قۆناغ مانگانه شایسته‌كانیان هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی تر بۆ خه‌رج بكرێت.
لای خۆشیانه‌وه به‌رپرسانی لقی هه‌ولێری یه‌كێتی به‌ڵێنده‌رانی كوردستان سوپاسی وه‌زیری داراییان كرد كه هاوكار و پشتیوانیان بووه و به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵ بووه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان.


















Post Comment