ئاو..گەورەترین چەکی کۆکوژیمان
گرفتەکانی
ئەم هەرێمە زۆرن، بەردەوامیش لەهەڵکشاندان، بەڵام هیچیان ناگەنە ئەو گرفتە
ژیانیانەی بەهێواشی و لەژێرەوە، بێ ئەوەی وەک سیاسەت و چەک ببینرێن، کاری خۆیان
دەکەن و لەهەموو چەک و سیاسەتەکانیش کاریگەرترو تۆقێنەرترن بۆ لەناوبردنمان. هەڵبەت
ماوەیەکە لێرەو لەوێ پیسبوونی ئاوی شاری سلێمانی بووەتە باسی ناو تۆڕەکانی
سۆشیالمیدیاو دانیشتنی هەندێک لەگروپەکانی ناو قاوەخانەو شوێنە گشتییەکان. لەم
چوارچێوەیەدا بە پێویستم زانی ئەم ە بنوسم، گەرچی ئەم بابەتە کەرەسەی تەرویجی
میدیایی نییە، بەڵکو پرسێکی ژیانی و مۆڕاڵییەو هێندەی کۆرۆناو بگرە زیاتر
کوشندەیە، چونکە ئەگەر کۆرۆنا مەترسییەکی بووبێت و هەوڵەکان بۆ چارەسەریشی
پرسێکی بووبێت، ئەوا ئەمەی لێرە باسی دەکەم پرسێکە تەنها بەکوردو تایبەتتر
بە پارێزگای سلێمانییەوەیە، بۆیە چارەسەرەکەشی هەر دەبێت لێرەوەو لەنێوخۆی هەرێمی
کوردستاندا بدۆزرێتەوە.
بەڵگە نەویستە
کە وڵاتانی دراوسێ، ئەوانەی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمیان لە بندەستە، بە
دروستکردنی چەندان بەنداوی زەبەلاح ئاستی بەردانەوەی ئاوی روبارەکانیان بەڕێژەیەکی
بەرچاو دابەزاندووەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو کەمی رێژەی بەفروبارانبارینیش
ئەوەندەی تر کێشەی لەبەردەم کواڵتی و بڕی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەدا
دروستکردووە، بەڵام ئەوەی کێشەی پیسبوونی ئاوی لەهەموو ئەمانەی سەرەوە زیاتر
قوڵکردۆتەوە، ئەوەیە ئاوی دوکان، کەسەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی بەشێکی زۆری پارێزگای
سلێمانی و بەشێک لە شارو شارۆچکەکانی دەوروبەریەتی، دوچاری پیسبوونی
مایکرۆبایۆلۆجی[1] هاتووەو مێژووی ئەم
پیسبوونەش دەگەڕێتەوە بۆ پێش قەیرانی هاتنی داعش.
بەڵام
لەمانەش گرفتتر ئەوەیە بەردەوام و بەدرێژای ساڵانی گەشەی و گەورەبوونی
شارۆچکەکە و زیادبوونی گەڕەک و بازاڕو شوێنە گەشتیارەکانی ئەو سنورەدا، بە قۆناغ،
ژمارەی سەرچاوەکانی پیسبوونی ئاوەکەش زیادی کردووەو لە ١٣ سەرچاوەوە لە ٢٠١٣کە هەموو ئاوەڕۆی گەڕەکەکان و ناوچە
بازرگانی و گەشتیارەکانی شارۆچکەکە بوون، گەیشتۆتە ٢٣ سەرچاوە لەمساڵدا. لەمەش
خراپتر شێوازی پاکژکردنەوەیەتی کە تیایدا کلۆرایدێکی زۆر بەکاردێت و
بەمەش ئاستەکەی گەیشتووەتە رادەی
زیانگەیاندن بە تەندروستی پێست و بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی ئەم شارە بەدەست وەرینی
قژ و وشکبوونی پێستیانەوە گیرۆدەن. هەڵبەت من پزیشک نیم بۆیە زۆر لەسەر ئەو بابەتە
ناوەستم، بەڵام ئەوەی بە ئاسایشی گشتی هاوڵاتیان و ئاسایشی نەتەوەی و نیشتمانییەوە
هەیە، وەک پسپۆڕێکی ئەکادیمی بواری سیاسی، بە پێویستی دەزانم تیشکۆی لەسەر راگرم. لەهەموو
ئەمانەش زیانبەخشتر ئەوەیە، هەموو ئەو مەوادە کیمیاویانەی بۆ پاککردنەوەی ئاو بەکاردێن،
لەتوانایاندا نییە ئاوەکە بەجۆرێک خاوێن بکەنەوە کە بەکەڵکی خواردنەوە بێت.
ئاماژەکان
بۆ ئەوە دەچن، کە تەنها سەرچاوەکانی ئاوەڕۆ هۆکاری ئەم پیسبوونە مەترسیدارە نین،
بەڵکو بەدرێژای ئەم هێڵەی گەشەی شار، بە سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی دەوروبەریەوە، هەرچی
پاشەڕۆو پاشماوەیەکی بواری تەندروستییە، کە لانی کەم ١٦ نەخۆشخانەی گەورە بە
نەخۆشخانەی هیواو سەدان کلینکی تەندروستی و دەیان نەخۆشخانەی ئەهلیش دەگرێتەوە،
جگە لەو سەدان ساڵۆنی جوانکاری و بشۆری ئۆتۆمۆبیلانەی لەشارەکاندا هەن، هاوکات لە
هەموو هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئامارەکان تا ساڵی ٢٠١٥ لانی کەم ١٧٠ پاڵاوگەی
نەوتی قاچاغ هەبووە، کە بەشێکی باشیان لەسنوری ئەم پارێزگایەدابوون و ئەمانە هەموو
پێکەوە پاشماوە کیمییاوییەکانیان فڕێدەدەنە ناو ئاوەڕۆکانیان و ئەو زەوییە
کشتوکاڵیانەی دەوروبەریان، لەحاڵەتی پاڵاوگەکاندا، بەمەش ئەو کلۆرایدەی بۆ
پاکژکردنەوەی ئاوەکە بەکاردێت ئەگەرچی بڕەکەشی زۆر بێت هێشتا ناتوانێ لەو پاشماوە
کیمیاویانە خاوێنی بکاتەوەو جۆرێکی تریش لە پیسبوون بەرهەمدەهێنێت ئەویش پیسبونی
کیمیاوییە.[2]ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو خەزانانەی کە ئاوەکانیان تیا هەڵدەگیرێت، زۆر کۆن و
ژەنگاوین و بگرە زۆربەیان بەبەڵگەوە کە خۆم یەکێکم لە شایەدحاڵەکانی، سەرەکانیان
داتەپیوەتە ناو تانکییەکانەوەو بەمەش بوونەتە سەرچاوەی کۆبوونەوەی جۆرەها گیانداری
مردوو بە سەگ و پشیلەو جرجەوەو خۆڵ و خاشاکی دەم رەشەباو باوبۆران و تۆزبارین
لەولاوە بوەستێت.
دواخاڵیش،
بۆرییەکانی ئاوی خواردنەوەیە لەهەندێ لەگەڕەکەکاندا دەکەونە ژێر بۆری
ئاوەڕۆکانەوەو لیکی ئەم بۆرییە ئاوەڕیانە راستەوخۆ دەبارێت بەسەر بۆرییەکانی ئاوی
خواردنەوەی ئەو گەڕەکانەدا. ئەمانە هەمووی رێگەخۆشکەرن بۆ بڵاوبوونەوەی دەیان جۆر
نەخۆشی کە لەمەودای درێژدا دەشێ کارەساتی کوشندەیان لێ بکەوێتەوە. لانیکەم
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان هەفتانە ٣٠٠٠ حاڵەتی سکچوون و رشانەوە لەم ساڵدا
بەدرێژای هاوین تۆمارکراوە لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا.
گرفتەکە
ئەوەیە ئەم باسە یەکی راستەوخۆی بە ئاسایشی تەندروستی و خۆراک و
شەوە هەیە، تەنها ژیان و تەندروستی هاوڵاتییان نییە کەپێوەی گرفتار دەبن،
بەڵکو کێڵگە پەڵەوەرییەکان، حەوزەکانی ماسی و بەیتەکانی بەرهەمهێنانی سەوزەو
بەرهەمە فرێشەکان و کێڵگە کشتوکاڵییەکانی دانەوێڵەش پێوەی دووچاری پوکانەوە دەبن و
رەنگە لە چەند ساڵی داهاتوودا لەکارکەوتن یاخود بۆ کشتوکاڵ نەشیاوی زەویەکان روو
لە هەڵکشان بکاو بەمەش هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەدەست بدەین. ئەمە سەرباری
ئەوەی دابەزینی ئاستی ئۆکسجین لە ناو ئاوی پیسبوودا بەتایبەتی لە ئاوەکانی قەشقۆڵی
و دوکان دا دەبێتە مایەی لەناوبردنی هەموو گیاندارە ئاوییەکان بە ماسیشەوە. رێگریش
دەبێت لە تروکاندنی هەر گەرایەکی ئەو گیاندارانە بۆ ریپرۆدەکشنیان و زیادکردن و
مانەوەیان لەداهاتوودا، دیارە جێت-سکی کە بەمەبەستی گەشتیاری و یارییە ئاویییەکان
لە ئاوی دوکاندا بەم دواییە زۆر زیادی کردووە، ئەوەندەی تر مەترسییەکانی ئەم
پیسبوونە زیاددەکات و بۆخۆی ئەم جۆرە لە ماتۆڕی یاری ئاوی بۆ ئاوی شیرین نابێت و
وا دروستکراوە لە ئاوە کراوەو سوێرەکاندا بەکار بێت، نەک لە دەریاچە دەستکردو
شیرینەکانی وەک دەربەندیخان و دوکان، کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەشن.
هەندێ لەو
ماددە نیوترانت و کیمیاوییانە کە لەرێگەی ئاودان یان هەر رێگایەکی ترەوە دەچنە ناو
خاکەوە کەڵەکە دەبن بەرێگەیەک خۆیان دەگەیەننە ناو نواتی بەرهەمە خۆراکییەکانەوەو
راستوخۆ لەرێگەی پرۆسەی کەڵەکەبوونەوە دەشێ لە جەستەی مرۆڤ و ئاژەڵ و پەلەوەڕەکانیشدا
کاریگەری زۆر نەرێنی بخوڵقێنن کە بە ئاستێکی بەرچاو لەداهاتوودا مەترسیدار دەبن. بەگوێرەی
ئامارەکانی (WHO) ٨٠% ی درم و دەردە یەکان لە ئاوی پیسەوە بڵاو دەبنەوەو ٥٠%
رێژەی مناڵی مردووش لەجیهاندا هەر بە خراپی کواڵتی ئاوی خواردنەوەوەیە. بەڵگەی
زۆر هەن لەدونیادا کە پیسبونی ئاو کاری لەسەر تەندروستی ژن و کۆرپەو مناڵ کردووەو
هۆکاربووە بۆ لەبارچونی کۆرپەلەو نەزۆکی و تێکچونی هۆرمۆنەکان و نەخۆشییەکانی
بەرگری و خوێن و هەناسەدان تەنانەت شێرپەنجە و زکماکی لەدایکبوان.
پسپۆڕان باس
لە مردنی ئاژەڵ و پەلەوەری ناوچە ماڵاتدارییەکانی تانجەرۆو نەشیاوی زەوییەکە
تەنانەت بۆ بەرهەمهێنانی چەوەندەرو چەوەندەری شەکریش دەکەن کە توانای گەشەو بەرگەگرییان لەهەموو سەوزەکان و
بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی تر زیاترە لە زەوییە ئاست نیوترات و کانزا بەرزەکاندا،
هەڵبەت ئەمە دەرهاویشتەکانی بۆ ناوچەکانی تری وەک دەربەندیخان و ئەو سنورەیە لە
ئاوی تانجەرۆوە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە وەردەگرن، بەڵام دیسانەوە هێشتا ئەم بەشەی
تری پارێزگای سلێمانیش گرفتاری پیس بوونن گەرچی سەرچاوە ئاوییەکەیان جودایە.
هەڵبەت
خەتەرناکییەکی تر کاریگەری ئەم ئاوە پیسبووەیە لەسەر پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی،
بەتایبەت بۆ ئەو بیرانەی کە لە ئاودانی بەیتەکانی سنورەکەدا بەکاردێن و قوڵاییەکی
کەمیان هەیە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نایەت هانی قوڵکردنی بیرەکانیان بدرێ، چونکە
ئامارە زانستییەکان باس لەوە دەکەن بۆ هەر نیو مەتر ئاوی ژێر زەوی کۆبووەوە لانی
کەم پەنجا ساڵ پێویستە تا جارێکی تر ئاستی ئاوە ژێر زەوییەکە بچێتەوە جێگەی خۆی،
کەچی لە سنوری پێنجوێن، بە نموونە، کە لەهەرێمی کوردستان یەکێکە لەناوچە پڕ
ئاوترینەکانی ژێرزەوی، هەشت مەتر ئاستی ئاوی ژێرزەوی دابەزیوە، ئەمەش ئەوە
دەگەیەنێت، بیرە ئیرتوازییەکان زەرەی لانیکەم ٤٠٠ ساڵیان بە خاکی هەرێمی کوردستان
گەیاندووەو قەرەبووکردنەوەی ئەم بابەتانەش، بە پارەو سامان و سوڵحی عەشایەری
ناکرێت. بۆیە چاترە سیاسەتبەدەسەکانی هەرێم بە وریاییەوە بیری لێ بکەنەوەو ژیرانە
پلانی بۆ دابنێن.[3] چونکە ئاو سەرچاوەی ژیانە،
سەرچاوەی دەسەڵات و بەردەوامییدانە بە بوون. وەک باسیش دەکرێ چارەسەرکردنی هەندێ
لەم گرفتانە، بە نموونە پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی سلێمانی کە لەدوکانەوە سەرچاوە
دەگرێت، بە بڕێکی کەم بودجە ئەنجامدەدرێ و کەمتر لە هەژدە ملیۆن دۆلاری پێویستە،
پاکژکردنەوەی ناوچەی تانجەرۆو کەمکردنەوەی کانزاو گیا-ئۆکسجین تێکشکێنەرەکان لە
خاکەکەیدا دەوترێت بە چاندنی رووەکی تایبەت جێبەجێدەبێت و نزیکەی تەنها یەک ملیۆن
دۆلاری تێچوو دەبێت.
هەڵبەت
بەلایەنی کەمەوە بەم ساڵانەی دواین چەندین کۆمەڵگەی نیشتەنی ناپێویست، کە زۆر
زیاترن لە پێویستییەکانی شارە کوردییەکان، بونیادنراون و هێشتا لە بونیادنانیش
بەردەوامن. ئەمانە هەموو پێویستیان بە ئاوەو پەنا بۆ بیری ئیرتوازی دەبەن. ئاویش
تا دێت خراپتر دەبێت چ لەسەر زەوی و چ لەژێر زەوی، بۆیە باشترە ئەگەر لەڕووی
کوانتتیشەوە بێت ئەم پرۆسەیە بۆ ماوەیەک خاوبکرێتەوە یان راگیرێت، هیچ نەبێ مۆڵەتی
نوێ نەدرێت بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و لێدانی بیری ئیرتوازی چەند سەد
مەتری. هاوکات سەرمایەداری خاوەن ئەو کۆمەڵگە زەبەلاحانەی نیشتەجێبوون هانبدرێن
خەمێک لەو دۆخەی ئاو بخۆن و کۆمەکی پڕۆژەی خاوێنکردنەوەی بکەن. چونکە ئەو جۆرە
پڕۆژانە بەرژەوەندی گشتییان پێوە بەندەو خێری گشتیشیان لێدەکەوێتەوە، بۆیە بەدەر
لە بێ پارەی و بێ موچەی و گرفتە سیاسی و ئەمنی و یەکان، بەدەر لە شەڕی
دەسەڵات و یاساو پارە، پێویستە بە جدی چارە بکرێن. چونکە ئاوا بڕوات، رەنگە لە
چەند دەیەی داهاتوودا تەنانەت ئاوی بوتڵەکانیش کە لەم سنورە بەرهەم دێن چیتر
بەکەڵکی خواردنەوە نەمێنن. بۆیە ئەمجارەیان ئەوەی لەناومان ببات، دوژمنە
هەمیشەییەکانمان نەبێت، ئەفیون و کۆرۆناو ئایدز و ڤایرۆسی جگەر نەبێت، بەڵکو ئاوی
بەلوعەی ماڵەکانمان بێت.
[1] پیسبوونی مایکرۆبایۆلۆجی لەئەنجامی فڕێدانی پاشەڕۆ ئەندامییەکانی وەک هی
مرۆڤ و ئاژەڵ بۆ ناو ئاوی پاکژو شیاو بۆ خواردنەوەوە دروستدەبێت. ن
[2] http://ekurd.net/170-illegal-
refineries-in-iraqi- kurdistan-environmentalist-2015-05-18
Kurdistan-list-of-top.htm















Post Comment