ئامانج لە باگهێشکردنی ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهەڵات عەفرین بۆ پەرلەمانی ئەوروپا چییە؟
پەرلەمانی ئەوروپا کۆمییسیۆنێکی هەیە بە ناوی کۆمیسیۆنی سڤیلی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا.
ئەم کۆمیسیۆنە ساڵانە کۆنفرانسێکی چەند ڕۆژە بە ناوی دیالۆگی تورک و کورد ساز دەکات.
بەرپرسی کۆمیسیۆنەکە خانمە پرۆفیسۆر و توێژەری نەوریجی کاریانا وێستەرهەیمە. پرۆفیسۆر كاریانا یەکێک لە پشتیوانە دیارەکانی ئەزموونی ڕۆژئاوی کوردستان و یەپەژە و پێگەی ژنە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا.
ساڵی ٢٠٠٤، واتە هەمان ساڵ کە لەیلا زانا لە زیندان ئازاد کرا، کۆمیسیۆنەکەی یەکێتی ئەوروپا دامەزرا.
کۆمیسیۆنەکە ڕۆڵێکی ڕاوێژکاریشی سەبارەت بە پەسەندکردنی تورکیا وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا هەیە.
ئەو میوانانەی بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت دەکرێن، بە ڕاوێژی کورد و بە ڕەزامەندی کۆمیسۆنەکە ناویان دەخڕێتە لیستی میوانەکانەوە.
نوێنەرێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە بروکسل، کەنەکە هاوکاری کۆمیسیۆنەکەیە.
من پێشتر لە یەکێک لە کۆنفرانسەکانی ئەو کۆمیسیۆنەدا، وەک ڕۆژنامەنووس بەشدار بووم. لەوێ سەڵاحەدین دەمیرتاش و لەیلازانا و جەنگیز چاندار و چەندین کەسایەتی ترم بینیوە.
ساڵانێکە تورکیا بە فەرمی بایکۆتی ئەو کۆنفرانسەی کردووە، بەڵام کۆنفرانسەکە تا ئێستاش بەردەوامە. لەگەڵ زیاتر گرنگیپەیداکردنی پرسی کورد لە ناوچەکە، کۆنفرانسەکەش گرنگی زیاتر پەیدا دەکات.
بانگهێشتکردنی ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهەڵات عەفرین بۆ بروکسیلی پایتەختی پەرلەمانی ئەوروپا، هەڵگری چەندین ئاماژەی گرنگن:
یەکەم: ئامادەبوونی ئەو دوو ژنە کوردە ڕۆژئاواییە لە کۆنفرانسی دیالۆگی تورکیا و کورد، پرسی کورد لە باکوری کوردستان تێدەپەڕێنێت و لە دیمەنێکی گەورەتردا، پرسی کورد و ئاستتەنگییەکانی تورکیا دژی کورد، دەوژێنێت.
دووەم: بانگهێشتکردنی ئیلهام ئەحمەد و ڕۆهەڵات عەفرین، وەک دوو ژنی کورد، وەک دوو نوێنەری پێکهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە پەرلەمانی ئەوروپا گرنگییەکەی بەهایی و سیمبوڵی قووڵی لای یەکێتی ئەوروپا هەیە.
سێیەم: پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک پرسێکی گرنگ و زیندوو، لە یەکێتی ئەوروپا، لە ناو هۆڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، قورسایی زیاتر پەیدا دەکات.















Post Comment