ته‌مموز 21, 2025

نەمانزانی هەژماری کێیە!

جار بینراوە: (223)

ڕابەر ئەشرەف

یەکێتی بە تەوتین خەڵک و دەنگدەرانی خۆی فریودا و دواتریش بە هەڕەشە هەژماری منی پێ پڕکردنەوە، بەجۆرێک تا ئێستا سەروو سەدا٥٠ی موچەخۆرانی سلێمانی بە فشار لە هەژماری من تۆمارکردووە.
ئەو دەستەی نەیتوانی ببڕێت، ماچی دەکات،، ئەمە کت و مت بۆ بافڵ تاڵەبانیی وتراوە، لە کاتی بانگەشەدا بافڵ تاڵەبانی هەر لە دژایەتی هەژماری منەوە تا دەگاتە ڕوخانی دەسەڵاتی پارتی بەملاو بەولادا بەڵینی دەدا، بەڵام هەر چەند ڕۆژێک بڕی کرد و هەر دوای بانگەشە بافڵ تاڵەبانی ڕێگای پیرمامی گرتەوەبەر و دووجار چووەوە بەردەم ماڵی مەسرور بارزانی جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی و دەیوت خۆشحاڵە کە توانیویەتی لەگەڵی کۆببێتەوە.
کوڕەکەی جەلال تاڵەبانی هاواری دەکرد و دەیوت هەژماری مەسروووررر… کەچی دوای هەڵبژاردن چووەوە قاوغەکەی خۆی و بە مەجبووری و بە دەستماچکردن چووەوە لای مەسرور بارزانی و جێگری و شاگردی و جانتاهەڵگری خۆی سەلماندەوە بۆ بنەماڵەی بارزانی و بەتایبەت مەسروری کوڕە گەورەی بارزانی و دەیوت پڕۆژەی هەژماری من زۆر باشە و من بە هەڵە لێی تێگەیشتبووم.
شەڕی ساختەی میدیایی پارتی و یەکێتی بەجۆرێک بوو ئەمجارە نەیانتوانی لە کەسی بشارنەوە، کاتی بانگەشە هەموو شتیان دژ بەیەکتر وت و دوای بانگەشە پێچەوانەکەیان کرد، ئەوەی وتیان هەمووی ناراست بوو.
ئێستاش لەگەڵ نزیکبونەوەی هەڵبژاردنی عێراق جوت حزبەکە بەنیازی شەری میدیاین تا دەنگدەرانیان فریوبدەنەوە، چونکە بە دوو دەستی بەتاڵەوە ئەمجارەش دەچنەوە بەردەم خەڵک و هیچ درۆیەکی دیکەیان پێ نەماوە بە خەڵکی بدەن. بەڵام با بزانین ئەمجارە خەڵک چی دەکەن، دەنگیان پێ دەدەنەوە و چوار ساڵی دیکەش قوڕ دەکەنەوە بەسەری خۆیاندا، یان کورد وتەنی سەگیان پێوە دەنێن و بۆ حەوت پشتیان ئاقڵ دەکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas