زیاتر لە ٢٠ هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەولێر و دهۆک ماونەتەوە

سەرەڕای ئەوەی ئاوارەیەكی زۆر لە هەرێمی كوردستانەوە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان بەڵام تاوەکو ئێستاش زیاتر لە ٢٠ هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەولێر و دهۆکن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ـی تەمموزی ٢٠٢٥، وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانى عێراق دەڵێت، ژمارەی ئەو کەمپانەی ماونەتەوە ٢٠ کەمپەن کە پێنج کەمپيان لە هەولێرن و ١٥ کەمپیان لە دهۆکن و بە گشتی ٢١ هەزار خێزانی تێدایە.
وتيشى، دۆسیەی ئاوارەکان هەنگاوێكی زۆری بڕیوە و تەنها چەند قۆناغێکی کەمی ماوە، بەڵام کەمی بودجە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ خاوکردنەوەی جێبەجێكردنی هەنگاوەكان.
روونیشیكردەوە، پاڵپشتی دارایی خاڵێكی سەرەکییە لەم بابەتەدا بەتایبەتی دوای ئەوەی چوار ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێک تەرخانکرا کە کەمپەکە بەجێدەهێڵێت، بەڵام راگرتنی تەمویل کاریگەری نەرێنی لەسەر گەڕانەوەی خێزانەکان هەبوو.