کوشتنی نەتەوەیەک بە کوشتنی هیواکانی دەست پێ دەکات!
لە ڕاستیدا بەشێکی کێشەکانی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خودی پەرلەمان دەگەڕێتەوە، کە لە پێگەی خۆی تەماشای نەکرا، پەرلەمان نەبوو بە چەقی ململانێی سیاسی و بڕیاردان و بەلاداخستنی کێشەکان.
لە سۆنگەی دەستبەکارنەبوونی پەرلەمان، هەرێمی کوردستان لە قەیرانی ڕەوایەتیی حوکمڕانی و بۆشایی یاسایی مایەوە، خودی دەستبەکاربوونی پەرلەمان بوو بە ناکۆکی و هەموو کێشەکان بەو پرسە بەسترایەوە، دوو ساڵە پارتی و یەکێتی لەسەر کارنامەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەش ڕێکنەکەوتن، لە درێژەکێشانی ئەو ڕەوشە، لایەنەکانی دیکە لە هەڵگرتنی ئەرکی بەرپرسیاریی دوورکەوتنەوە، ئەوەی ڕوویدا و ئەوەی ڕوودەدات پەیوەست بە پرسی پەرلەمانەوە، ڕێک شکستی شێوازی حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای نادادی لە حوکمڕانی، هەرێمی تاسەر کەناری لێکترازان و کەرتبوون و گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم بردووە، ئەو ڕەوشە پێویستە لێرەوە بوەستێت، هیچ لایەک خۆی بەناچار نەزانێت، چونکە؛
یەک: هێشتا زووە بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم لە ڕێگەی زۆرینە و کەمینەی ناو پەرلەمان چارەسەر بکرێ.
دوو: دەبێ پەند لە ڕابردوو وەربگیرێ و بە کار و کاردانەوە هیچ شتێک چارە نابێ.
سێ: لێکترازانی زیاتر و لێکەوتەی زیاتر لە بەرژەوەندیی گشتی و خەڵک و سەقامگیریی هەرێم و ناوچەکە نییە.
چوار: بەرپرسیارێتی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لە ناکۆکییەکانیان گرینگ ترە، نابێ کەس ئەو مافە بەخۆی بدات، لایەنەکان بەرەو ئاراستەی لێکترازانی زیاتر هان بدات.
ئەگەر بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسییە، هەرێمی کوردستان بەرەو باشتر هەنگاو نەنێت، نابێ بۆ دواوە بگەڕێندرێتەوە، چونکە هەرێم قووڵایی ستراتیژیی یە و ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دۆزی گەلی کوردستان هەیە.
هێشتا درەنگ نییە بۆ چارەسەر، بەدیلی گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و سازان نییە، دوو ساڵ بەسەر کاتی هەڵبژاردن تێپەڕبووە، واتە دوو ساڵ بۆ هەڵبژاردن ماوە، ئەگەر بەپێی ڕێککەوتنێکی هاوبەش کۆتایی بە بنبەستی سیاسی نەهێنرێ، پێویستە بەئاراستەی دروست هەنگاو بنرێت و ڕێککەوتن لەسەر بژاردەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت. هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕێککەوتن و ڕوانگەیەکی هاوبەشی حوکمڕانی و پتەوکردنی یەکڕیزی و ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتێکی هاوبەش و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ڕەوشی گشتیی ناوچەکە هەیە.
هەرێمی کوردستان بە کاتێکی زۆر هەستیار تێدەپەڕێت، لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، لەبەردەم بەرپرسیاریی قۆناخە و لێکەوتەکانی ئەم ڕەوشە ناهەموارە دانە، بۆیە پێویستە پێکەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ کەسایەتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ڕۆڵی خۆیان ببینن تا کار لەکار نەترازاوە، ئەمەش لانی کەمی بەرپرسیاریی هەموانە.
دابەشبوون بەسەر دوو بەرە، نەک هەر هەرێم بەرەو پارچە پارچە دەبات، بەڵکوو ڕقی سیاسی و کۆمەڵایەتی تاو دەدات و جارێکی دیکە کۆمەڵگەی ئێمە لە ناوەوە دووچاری پارچە پارچەبوون دەکاتەوە، بۆیە دەبێ لە هەموو لایەکەوە بە هەستیارییەوە لەو ڕەوشە مەترسیدارە بڕوانرێت، چونکە ئێستا مەترسییەکان لە ناوەوە، لە مەترسییەکانی دەرەوە لەسەر هەرێمی کوردستان زیاترە.
لەو ڕەوشەدا نەرمی نواندن، واتە هەڵگرتنی بەرپرسیاریی زیاتر.















Post Comment