کوشتنی کیژان تاوانە ھیچ پاساوێک بۆ ئەم تاوانە مەھێننەوە

کوشتنی کیژان تاوانە ھیچ پاساوێک بۆ ئەم تاوانە مەھێننەوە

جار بینراوە: (13)

کیژان بورهانی، تەمەن٣٠ ساڵ، بەدەستی باوکی خەڵتانی خوێن کرا، ئەم تاوانە دەنگدانەوەی گشتی بەدوای خۆیدا ھێنا، لەکاتێکدا بوەتە ھۆی دڵتەنگی و ناڕەزایەتی گشتی و فراوان، لە ھەمانکاتدا ھەندێک میدیا و پێگەی نابەرپرس خەریکی سیناریۆسازی و تەمومژاویکردنی خودی ڕوداوەکەبوون، ئەم پێگە و میدیا نابەرپرسانە کەسایەتی کیژانیشیان تیرۆرکرد، واتە دوو جار قوربانی دووجار تیرۆر کردن.

لەچەند رۆژی رابردوودا بینیمان هەندێک لەمیدیاکان چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم تاوانەدا دەکەن، لەلایەک ژیان و ڕفتار و کەسایەتی قوربانی دەکرێتە پاساو بۆ تاوانەکە و بۆ بەلاڕێدابردنی دۆسیەکەو کێشکردنی ڕای گشتی بۆ سیناریۆسازیەکانیان و سەرەنجام بەکردەوە پەردەپۆشی تاوانەکە دەکەن.

ئەوەی لێرەدا گرنگە تاوانێک ئەنجام دراوە، ژنێک کوژراوە بەدەستی باوکی، بە چ ئامانجێک ژیانی ژنێک کەکوژراوە دەبەسترێتەوە بە(کێشەی بچوکی خێزانی)، پێویستە کار لەسەر گۆڕینی ئەم نەریت و تێڕوانینە بکرێت کەپاساو دەهێنێتەوە بۆ کوشتنی ژنان و توندوتیژی لە دژی ژنان، پێویستە تاوانی کوشتنی ژنان بکرێتە کارێکی نەفرەتلێکراو.

نابێت بھێڵین هیچ یەکی کەسی، هیچ داب و نەریتێک و هیچ پاساوێک رەوایەتی بدات بە کوشتنی ژنان، وە نابێت ڕێگا بدەین ھەر میدیا و پێگەیک ببێتە ئامڕازی سەرزەنشتکردنی قوربانی یان پاکانەکردن بۆ تاوانبار، میدیا دەبێت بەرپرس بێت و پێویستە بە وردبینی، بەرپرسیاری و پاراستنی شکۆی مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکات، نابێت کیژان دوای کوشتنیش قوربانی بێدەنگی و تۆمەتبارکردن بێت، وەنابێت هیچ کەسێک بە پاساوی نەریت و شەرەف لە بەرپرسیاریی یاسایی ڕزگاری بێت، وەک باس دەکرێت کەس و کاری کیژان سکاڵا تۆمار ناکەن، لێرەدا داواکاری گشتی و دادگا بەرپرسیارە کە رۆڵی خۆی ببینێت و تاوانباری کوشتن کیژان و ھەرکەسێکیش ڕۆڵی ھەبوو لەڕوودانی ئەو تاوانەدا ئاشکرا بکات و سزای خۆیان وەربگرن.، کوشتنی ژنان تاوانە، پاساوهێنانەوە بۆ تاوانیش خزمەت بە تاوان دەکات.


👤
Live: 158 Today: 1,640 📊 Click Here