سێبەرە ژەهراوییەکانی سۆشیال میدیا
لە هاوچەرخدا،
تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیا بوونەتە پردێکی گەورە بۆ پێشخستنی هۆشیاریی گشتی، ئاڵوگۆڕی
بیروڕا و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین، کەچی لە هەرێمی
کوردستاندا خەریکە ئەم ئامرازە پێشکەوتووانە بە جۆرێک بەلاڕێدا دەبردرێن، تا ئاستی
ئەوەی بوونەتە ئامرازێکی ترسناک بۆ تێکشکاندنی شکۆی مرۆڤ، شێواندنی ڕاستییەکان و
دروستکردنی کەشێکی ژەهراوی، کە بەهۆیەوە بێڕێزیکردن و تیرۆری کەسایەتی، بوونەتە دیاردەیەکی
باو.
دیاردەی ئەکاونتی ساختە
و پەیجی سێبەر (بەتایبەتی سیاسییەکانیان)، کە ئێستا بۆتە نەخۆشییەکی ناو جەستەی سیاسی
و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، هەر تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی یان سەرپێچییەکی سادەی
سۆشیال میدیا نییە، بەڵکوو مۆدێلێکی داڕێژراوی تێکدەرە، کە لە تاریکی و پشت پەردەوە
بەڕێوە دەبرێت و پاڵپشتیی دارایی دەکرێت.
یەکێک لە خاڵەکانی جێی
سەرنجی ئەم دیاردەیە ئەوەیە، ئەم ئەکاونت و پەیجانە لە ڕووکەشدا بێ خاوەن و سەرچاوە
نادیارن، بەڵام کە لە گو پەیام و مەبەستەکانیان و ئەوانەی دەیانکەنە ئامانج
ورد دەبیتەوە، ناتوانیت باوەڕ بە خۆت بهێنیت کە ئەم کارە هەڕەمەکی و بێ بناغە و بەرنامەیە.
چونکە ناچێتە عەقڵەوە لە پشتی ئەم لەشکری ئەکاونت و پەیجانەوە، دەستێکی ئاراستەکار
و گیرفانێکی پارەدار نەبێت. ئەکاونت و پەیجگەلێک کە بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسییەکی
جیددی بۆ سەر ژیانی کۆمەڵایەتی و کاری سیاسیی سەنگین، مەترسییەک تا ئاستی نەهێشتنی
متمانە لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی کۆمەڵگا. ئەکاونت و پەیجگەلێک کە لە بری
ئەوەی توانا مرۆیی و ماددییەکانیان بخرێنە خزمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی
و کۆمەڵایەتی و بوون بە ئامراز و هۆکاری سەقامگیریی سیاسی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، کەچی
پێچەوانەی ئەمە، بوونەتە ئامرازی کوێرکردنی هۆشیاریی گشتی و هۆکاری تێکدانی شیرازەی
کۆمەڵایەتی و تەبایی سیاسی.
بەداخەوە، ئەم دیاردەیە
بەجۆرێک هەرێمی کردووەتە گۆڕەپانی شەڕێکی نامەردانە، کە تێیدا لە جیاتی
گفتوگۆی مەدەنی و ڕەخنەی بنیادنەر، تیرۆری مەعنەوی و تێکشکاندنی هێز و کاراکتەری سیاسی
و کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی ئەم و ئەو، جێیان گرتووەتەوە. تا ئەو ڕاددەیەی کە سیاسەتمەدار،
ڕۆژنامەنووس، ئەکادیمی، کەسایەتیی کۆمەڵایەتی، پیاوی ئایینی و هەر کەسێک کە سەرنجێکی
ڕەخنەگرانەی ڕاشکاوی هەبێت، ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەم ئەکاونت و پەیجانەوە (هەریەکەو
بەپێی ئەوەی کە ڕەخنەکە چەند لە بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان دەدات!) دەکرێتە
ئامانجی هەڵمەتێکی ڕێکخراوی ناوزڕاندن و جنێو و سوکایەتیپێکردن.
بەداخەوە؛ دێوێکی قێزەونی
ئەم مۆدێلە، گەرمکردنی بازاڕی ئەو کەسانەیە کە لە ڕێگای زمانی زبر، قەڵەمی سووک و
جنێودانەوە دەیانەوێت بژێوی و ناوبانگ پەیدا بکەن. بە داخەوە، لای هەندێک لەو ئەکاونت
و پەیجانە، ئەو کەسەی زمانشڕتر، جنێوبازتر و دەمپستر بێت، زیاتر دەبێتە جێی بایەخ،
پارە و پاداشت و پفدان. ئەمەش فەرهەنگێکی مەترسیدار لە کۆمەڵگادا دەچێنێت، کە تێیدا
بەها بەرزەکان، پیشەییبوون، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ڕێزگرتن و ئاکاری بەرز، دەچنە
ژێر پرسیارەوە و لە بەرامبەردا ناپاکیی مەعنەوی، بێڕێزیکردن و درۆکردن دەبنە خەسڵەتی
پاڵەوانە ساختەکانی سۆشیال میدیا.
دۆخەکە بەجۆرێکە، کە
کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دیاردەیە سنووری سیاسەتیشی تێپەڕاندووە و ڕاستەوخۆ کەوتۆتە
گیانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. چونکە هێرشەکان هەر کەسایەتی و کاراکتەرەکە ناکەنە
ئامانج، بەڵکوو زۆر جار سنووری خێزان، ئابڕووی بنەماڵە و حەوت پشتیشی دەبەزێنن.
دیوێکی دیکەی ترسناکی
ئەم دیاردەیە ئەوەیە، کە ئەم پەیج و ئەکاونتە سێبەرانە بە چەشنێک مێشک و هۆشی گەنجانیان
ژەهراوی کردووە، تا ئەو ئاستەی بگەنە ئەو بڕوایەی کە درۆ، بوختان و سووکایەتیکردن،
تاکە ڕێگای ناوبانگ، سەرکەوتن و بەدەستهێنانی پارەن. لەمەش ترسناکتر، کاتێک گەنج دەبینێت
سۆشیال میدیا بۆتە زێرابێکی پڕ لە درۆ و دەلەسە و ساختەکاری و ملشکاندنی ئەم و قۆڵبادانی
ئەو، چیتر توانای جیاکردنەوەی ڕاستی لە درۆی نامێنێت، بەمەش متمانەی بە هیچ شتێک
نامێنێت. بێ متمانەییەک، کە دواجار دەیگەیەنێتە
لووتکەی بێهیوایی لە ئاستی کۆمەڵگا و نیشتمانەکەیدا.
بەداخەوە؛ ئەم ئەکاونت
و پەیجە سیاسییە سێبەرانە، کە لە هەرێمی کوردستاندا وەک چەکی قەدەغەکراو تەڕ و وشک
بەیەکەوە دەسووتێن، داهاتووی ئەم کۆمەڵگایەیان خستووەتە مەترسییەکی گەورە و کێڵگەیەکی
چڕی مینڕێژکراون لەسەر ڕێی نەوەی داهاتوو. بۆیە هەتا ئەو کاتەی ئەوانەی ئاراستە و
پارەداریان دەکەن، دەستبەرداری ئەم شێوازە نامەدەنی و ترسنۆکانەیان نەبن، یان فلتەرێک
نەبێت بۆ ئاشکرا کردنیان و یاسایەک نەبێت لێیان بپێچێتەوە و سزایان بدات، ئەوا سەقامگیریی
سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەبەردەم هەڕەشەی جیددیدا دەمێننەوە و نەوە دوای نەوەی
ئەم وڵاتەش، لە ئاست نیشتمان و ئاییندەیاندا بێ ئومێد و هەناسەساردتر دەکەن.
25/10/2026
ەکانی تری نوسەر
-

سێبەرە ژەهراوییەکانی سۆشیال میدیا -

هاوپەیمانەکان دەڕۆن و نیگەرانییەکان دەمێننەوە -

کێ زیانمەندە و کێ مەلە لە گۆمی لێڵدا دەکات؟ -

ئەمریکا و ئێران.. هێرشی زەمینی لەنێوان دڕدۆنگی و سەرکێشیکردندا -

جەنگێک، هیچکەس نایەوێت و هەمووان بەپیرییەوە دەچن! -

لەکەی کورد! -

تراژیدیا، یادەوەری و ناسنامە
(شیعە و کورد وەک نموونە)
-

سەرۆکی وەزیران لە نێوان لۆژیکی سیاسەت و پێداویستیی دەوڵەتدا
-

نێچیرڤان بارزانی، گی میانڕەو لە جوگرافیایەکی ناجێگیردا
-

دەرهاویشتە نەرێنییەکانی کۆچبەریی نایاسایی
-

لە جەنگەوە بۆ هەژاریی.. ڕاستییە تاڵەکانی پشتی کۆچی نایاسایی
-

بێدادی و گەندەڵی -

حیزبی سامان و سەرمایە!
-

ئەنکارا بیناقاقای بەغدا دەگرێت -

دادپەروەری و دەوڵەت!
















Post Comment