خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا: ئایا “مۆدێلی فەرەنسی” کۆتایی هاتوە؟
سەرەڕای هەوڵەكانی حکومەتی فەرەنسا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتیەکان، بزووتنەوەی قوتابیانی ئامادەیى چەند هەفتەیەكە بەردەوامەو هێشتا بە گورو تینی خۆیانەوە ماونەتەوە. پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ، کە هەوڵ دەدەن قەبارەی خۆپیشاندانەکان بە کەمتر لە نیو ملیۆن کەس پیشان بدەن، ڕووبەڕووی شەقامێک بوونەتەوە، کە نەک تەنها داوای چاکسازیی پەروەردەیی دەکات، بەڵکو خەریکە لەگەڵ کرێکاران، جوتیاران و بزووتنەوەی ” هێلەگ زەردەکان” دا تێکەڵ دەبێت و بەرەو جەستەیەکی گەورەتری کۆمەڵایەتی هەنگاو دەنێت.
لە قەیرانی خوێندنەوە بۆ قەیرانی بونیەوی سیستەم
ئەو داواکارییانەی قوتابیان بەرزیان کردوونەتەوە — لە نۆژەنکردنەوەی بیناکان و چارەسەرکردنی کەمیی مامۆستاڕا بگرە تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی پلاتفۆرمەکانی وەک “پارکورسوب” (Parcoursup) — تەنها داواکاریەکی کارگێڕی نین، بەڵکو یان بە قەیرانێکی قوڵتری بونیەویەوە هەیە. وەک کۆمەڵناس میشال کوکوریف دەڵێت: سیستەمی پەروەردەی فەرەنسا لەوەتەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە تووشی داڕمان بووە کاتێک ویستی تەنها چەنداتیی (ژمارەی دەرچووان) بەرز بکاتەوە .
ئەمڕۆ، قوتابخانە، کە دەبوو ببێتە ئاسۆی بەرزبوونەوەی کۆمەڵایەتی بۆ توێژە هەژار و جەماوەرییەکان، بوەتە ئاوێنەی نایەکسانیەکی کوشندە. کاتێکيش قەرزی گشتیی فەرەنسا دەگاتە سەروو ۳.۵ تریلیۆن یۆرۆ (نزیکەی ۱۱۹٪ی بەرهەمی ناوخۆیی)، و پشکی مووچەی خانەنشینی بەراورد بە بودجەی پەروەردە دوو قات دەبێتەوە (١٤٪ بەرامبەر بە ٧٪)، دەوڵەت دەکەوێتە ناو هاوکێشەیەکی دژوارەوە.
ئەم دۆخە سیاسیە لەسەر هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٧ قورساییەکی گەورە دروست دەکات. ماکرۆن، کە لەلایەن ڕۆژنامەی “لۆمۆند”ـەوە وەک “سەرۆکی دەوڵەمەندەکان” وەسف کراوە، ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی بوەتەوە. بەکارهێنانی توندوتیژیی پۆلیس، دەستبەسەرکردنی هەزاران مێرمنداڵ، و بریندارکردنی سەختی خوێندکاران، نەک هەر ناڕەزایەتییەکانی نەکوژاندەوە، بەڵکو پەیامێکی گەیاندە نەوەی نوێ (“نەوەی z”) کە ئیتر بڕوایان بە “پەیمانی کۆماری” و بەڵێنەکانی یەکسانی نەماوە.
کێشەی سیستەم، نەك تەنها سیاسەتێکی کاتی
بە قووڵبوونەوە لەم قەیرانانەی فەرەنسا و ئەوروپا (کە لە دوای قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ و داڕمانی ئابوورییەوە بەردەوامە)، ڕوون دەبێتەوە، کە کێشەکە تەنها كيَشەى قوتابيان و نرخی سووتەمەنی و مووچە نیە، بەڵكو ئەمە ئيفلاسی ئایدۆلۆژیای لیبرالیزم و شکستيی پرۆسەی جیهانگیرییە.
سیستەمی سەرمایەداری کە تێیدا ٩٠٪ی جووڵەی پارە تەنها لە کەرتی دارایی و کاڵاکردنی سەروەتدا کۆبۆتەوە بێ بەرهەمهێنانی ڕاستەقینە، وای کردووە جیهان بکەوێتە ژێر چنگی ئۆلیغارشیی مالییەوە. هەر وەک چۆن ڕووخانی دیواری بە رلین کۆتایی بە بلۆکی ڕۆژهەڵات هێنا، ئەم ناڕەزایەتیە بەردەوامانەی ناو فەرەنسا و ڕۆژئاواش نیشانەی سەرەتایی داڕمان و ڕووخانی درزە بونیەویەكانی “بلۆکی ڕۆژئاوا” و مۆدێلە حوکمڕانیەکەیەتی.
بۆیە، خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی فەرەنسا تەنها ڕووداوێکی ناوخۆیی نین، بەڵکو دەنگدانەوەیەکی نێودەوڵەتین؛ لە ئەوروپاوە تاوەکو ئەمریکای لاتین، نەوەیەکی نوێ ڕەتیدەکاتەوە لە جیهانێکدا بژی، کە تێیدا داهاتوو بۆ قەیران و جەنگەکان و هەژاری تەرخان کرابێت. وەک ئەوەی یەکێک لەو بڵاوکراوانەی کە قوتابیان لە بەردەم ئامادەیی “هێنری چوارەم” لە ناوچەی پێنجەمدا بڵاویانکردەوە، باسی دەکات. بڵاوکراوەکە دەڵێت: “نەوەی زيَد (Gen Z) ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ داهاتوویەکی پڕ لە نەداری و جەنگ دەردەبريَت، و جووڵانەوەکە لە فەڕەنسا بۆ نموونەیەک گۆڕاوە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شوێنی پێ دەدەن، لە بەلجیکا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ئیسپانیا و یۆنانەوە بگرە تاوەکو شیلی”. لە درێژەیدا دەڵێت: “لە ماوەیەکی کەمدا، پەیامەکانی هاوسۆزی لەگەڵ قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی لە وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپاوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە گەیشتن و سەرجەم ئەم پەیامانە جەخت لەوە دەکەنەوە: تێکۆشانی ئێوە تێکۆشانی هەموومانە! ئێمە لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبینەوە!”
پرسیاری گرنك ئەوەیە: ئایا ئەم رووداوانە سەرەتاى ” بە ئاگاهاتنەوەو بێداربوونەوەی گەنجان ” ە لە جیهاندا ، وەک گۆڤاری “لۆ نۆڤێل ئۆبس” لە ژمارەی ڕۆژی چوارشەممەی رابردوودا ناونیشانی بۆ داناوە؟ ئايا سەرەتاى بەهاری ئەوروپایە، كە لە فەرەنساوە دەستیپێكرد؟ وەلامێكی سەرپێی بە گوێرەی رەوشی ئەمڕۆی جیهان وناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەیە: كە ئەو رووداوانە ئەنجامێكی پرۆسەی بووژانەوەی شارستانیین، كە لە هەر ووڵات و ناوچەیەكدا بە شێوازی جیاجیا خۆی دەردەخات و كۆتایی بە فكرو سیستەمی سەدەی نۆزدەو بیست دەهێنێت و هەموی هەڵدەوەشێنێتەوەو سەرلەنوێ دایدەڕێژێتەوە، تەنانەت بە دامودوزگا نێودەولەتیەكانیشەوە كە هەموی لەكار كەوتوون و بوونەتە بار بەسەر مرۆڤایەتی پێشكەوتووخوازەوە.















Post Comment