کاتێک مردنیش ناتوانێت ساتێک بێدەنگیی دروست بکات
لە داستانی ئەلیادەی هۆمیرۆسدا، کاتێک پریامۆس، پاشای پیری تەڕوادە، بە ماتەمینییەوە دێتە بەردەم چادرەکەی ئەخیلی دوژمن و داوای لێدەکات تەرمی هێکتۆری کوڕی پێ بداتەوە، پریامۆس لەوێدا لە چاوی ئەخیلدا ئیتر دوژمنێک نەبوو، بەڵکو باوکێک بوو کە کوڕەکەی کوژراوە.
ئەخیل هێکتۆری لە شەڕی دەستەویەخەدا کوشتبوو. جەنگەکەش نەوەستابوو، وە ڕق و دوژمنایەتییەکە هەر بەردەوام بوو. بەڵام لەو لەحزەیەدا کە باوکێک تەرمی کوڕەکەی دەگاتە دەست، شتگەلێکی گرنگتر و گەورەتر لە بردنەوەی شەڕ و سەرکەوتن بەسەر دوژمندا دێتە ناوەوە:
•یەکەم، ئەو سامە وجودییەی کە لە ڕووداوی پەڕینەوەی مرۆڤێکدا هەیە لە ژیانەوە بۆ مردن،
•دووەم، حەسانەتی ئەو دیگنیتییەی کە هەموو تاکێکی مرۆڤ بە یەکسان لەگەڵ ئەویتردا هەیەتی،
•سێیەم، قووڵیی و بەسوێیی ئەو خەم و دڵتەنگییەی کە کەسە نزیکەکانی مردوویەک لە ناخەوە دادەگرێت و، کەسانی تر قەت ناتوانن ئیحساسی قووڵییەکەی بکەن،
•وە چوارەم، ئەو مەرجەی شارستانییەتی ئینسانیی دایدەنێت کە قەت نابێت بتوانرێت تاکی ئینسانیی ئیختیزال بکرێت بۆ جامی بردنەوەی پاڵەوانێتیی و، لەجیاتی شاندانەبەر تابووتەکەی بە ویقارەوە، بە شادییەوە بە هەردوو دەست بەرزی بکەیتەوە.
ئەو لەحزەیەی ئەخیل تەرمی هێکتۆر دەداتەوە دەست باوکی، یەکێک لە گەورەترین دیمەنەکانی ناو ئەدەبی ڕۆژئاواییە، وە یەکێک لەو ئاکارانەیە کە دواتر شارستانییەتێکی هیومانیستیی لە ڕۆژئاوا لەسەر دادەمەزرێت، کە لە درێژەدا بە گەشەپێدانی کۆنسێپتی دیگنیتیی مرۆڤ، پێشی ڕۆژهەڵاتێکی دایەوە کە لە قوڕی توراسێکی درێژخایەنی ناپیرۆزی پڕ لە ڕاسیزمی دینیی و بێباک لەئاست دیگنیتیی مرۆڤدا گیری خواردووە بەناوی «ئاینی پیرۆزی ئیسلام».
هەر کۆمەڵگایەک لە جۆری مامەڵەکردنیدا لەگەڵ مردندا ڕووخساری ڕاستەقینەی دەردەکەوێت. لەو ساتەدا دەردەکەوێت کاتێک ناکۆکییت لەگەڵ بەرامبەرێکدا ڕەهەندێکی ئیزافیی بۆ دروست دەبێت کە ڕەهەندی دیگینیتیی مرۆڤە و، دەکەویتە بەردەم دووڕێیانێک کە دەبێت بە یەکێکیاندا بڕۆیت: یان سزادان و هەوڵی بردنەوە لەبەرامبەرەکەت کە توانای ڕووبەڕووبونەوە و جەنگانی لاواز بووە، یان داگرتنی لوولەی تفەنگەکەت و بینینی ئەو قیمەتە نەگۆڕ و پارێزراوەی کە ئەویش بە حوکمی مرۆڤبوون بە هەمان ئەندازەی تۆ هەیەتی. قەدەغەی کوشتن یان ئەشکەنجەدان یان شێواندنی تەرمی دیلێک کە تا دوا گوللە سەرسەختانە لەبەرامبەرتا جەنگاوە، ئەو فەزیڵەتەیە کە دونیای مۆدێرن فەرزی کردووە بەسەر خۆیدا لێی دەرنەچێت.
فڕێدانەخوارەوەی تەرمی کچە شەڕڤانێک لە باڵەخانەیەکەوە لەلایەن جیهادیستێکەوە .. بڕینی کەزیی ئینسانێک و مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک غەنیمەتی جەنگ و وەک ماتریاڵی شانازیی .. بێباکیی دکتۆر و کارمەندانی نەخۆشخانەیەکی لایەنگر لە کۆمارێکی ئیسلامیی بەرامبەر خوێن لێچۆڕینی برینەکانی کچە پێشمەرگەیەکی قوربانیی دەستی ئەو کۆمارە .. ناردنی درۆن بۆ سەر گۆڕستانێک لەلایەن ڕژێمێکی خاوەن دۆکترینێکی ڕاسیستیی ئاینییەوە بۆ تێکدانی مەراسیمی ناشتنی تەرمی ئینسانێک .. کڕینی سەدان چەپکەگوڵ لەلایەن حیزبەوە تا ئەندامانی حیزب بڕۆن گوڵبارانی ئەو نەخۆشخانەیە بکەن کە ئامادە نەبوو ئینسانێکی بریندار چارەسەر بکات .. کەوتنەخۆی میدیاکان و مایکەبەدەستەکانیان لە کاتێکدا کە خانەوادەیەک پرسەیان هەیە و، دواندنی هەڵگرانی ئایدۆلۆجیای ئیسلامیی بۆ یەکلاکردنەوەی ئەوەی کە ئایا نووسەری کۆچکردوو مولحید بوو یان نا .. وە ئارگیومێنتکردن لە کاتی پرسەدا بە دەوری ئەو پرسیارەدا کە ئایا نووسەری کۆچکردوو فەیلەسووف بوو یان بە ناڕەوا هەندێک بە فەیلەسووفی دەزانن؛ ئەمانە هەر هەموو هەمان کەمیی ڕێز بۆ دیگینیتیی مرۆڤ هۆکاری ڕوودانیانە. ئەم ڕەفتارانە هەر هەموو لەوەدا هاوبەشن کە زادەی کولتورێک و کۆمەڵگایەکی لێقەوماون کە تیایدا تەنانەت ئەو دەنگە وجودییە بە ویقارەش کە لەناو مەرگدا هەیە ناتوانێت ساتێک بێدەنگیی و حەپەسان لەناو خەڵکەکەیدا دروست بکات. ڕەفتاری کەسانێکن کە ناتوانن تووڕەییان لە بەیەکداتەقانی شانیان لەناو گوزەری قەرەباڵغی ژیاندا لەگەڵ کەسێکی تردا، تەنانەت کاتی ماڵئاوایی یەکجارەکییش، بۆ یەک سات بخەنە لاوە و، تەنها بە سەرەخۆشییەک لە کەسوکارەکەی ئیکتیفا بکەن.
کاتێک سەردەشت عوسمان لەسەر ڕەخنەی ڕەوا و کاریگەر، لەسەر جواننووسیی، وە لەسەر جورئەتی قسەکردن کوژرا، خەڵکی کوردستان تووڕەییان لەوە هەبوو کە چۆن دەبێت ئینسان لەسەر ڕای سیاسیی، بە ئەشکەنجە بکوژرێت و تەرمەکەی لە شارێکی تر فڕێ بدرێت. لەناو ئەم ”دوو بەرەییەی” بکوژان و ڕەخنەگرانیاندا، مەسعود بارزانیی کە هاتە قسە، تەنها ئەوەندەی هەبوو بۆ گوتن کە بەڵێ کوشتن کارێکی ناڕەوایە بەڵام ”ئێوە بە هەڵەدا چوون کاتێك بە سەردەشت عوسمان دەڵێن ڕۆژنامەنووس چونکە سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەنووس نەبوو”. بارزانیی زیرەک و هۆشیار بوو و دەیزانی کە لەناو ئەو ”دوو بەرەیی”ەدا کە دروست بووە – بەرەی بکوژان و بەرەی ڕەخنەکردنی بکوژان – دەستخستنە سەر ئەو هەڵەیە لە بەکاربردنی تایتڵی پیشەییدا بۆ سەردەشت عوسمان و پێداگیریی لەسەر ئەو حەقیقەتەی کە سەردەشت ڕۆژنامەنووس نەبوو، دەبێتە پاڵپشتێکی گەورە بۆ بەرەی یەکەم.
ئامادەکردنی باسی ئەوەی کە ئایا نووسەرێک شایان بە تایتڵی پیشەیی فەیلەسووفە، یان هەر هەموو قسەکردنی چڵ ساڵی ئەو نووسەرە قیمەتی سفریان هەیە، لەکاتێکدا کە سیاقەکە ئەوەیە کە ئەو نووسەرە، لەسەر ڕەخنەی کاریگەر و لەسەر جورئەتی قسەکردن، لەڕۆژانی پرسەکەیدا کەوتۆتە بەر شەپۆلێکی توندی نوێنەرانی ئیسلام کە هەموویان و میدیاکاران و مایکبەدەستانیش وەک بەرەیەک پێداگریی لەسەر لە هەبوونی جیاوازیی لەنێوان بەهای مرۆڤی باوەڕدار و مرۆڤی بێباوەڕدا دەکەن، جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو بەشدارییەی بارزانیی لە دیبەیتی سەردەشت عوسماندا. تاکە جیاوازییەک هەبێت تەنها ئەوەیە کە بارزانیی لە زیرەکیی و هۆشیارییەوە ئەو بەشدارییە دەکات، بەڵام ئەمیان بەبێ مەبەست و، تەنها، وەک زۆربەی جار، بە هۆی گەمژەییەکی بەسوودەوە بۆ بەرەی بەهێزی ڕاسیزمی ئیسلامیی لە کوردستاندا دەیکات.
بزووتنەوەی ئیسلامیزم لە کوردستان، وەک هەموو بزووتنەوەیەکی ئیسلامیزم لە هەر وڵاتێکی تر، لە پراکتیکدا، بەو پرەنسیپەوە کار دەکەن کە هەموو کارێکی نائەخلاقیی حەڵاڵە ئەگەر خزمەت بە ئایدۆلۆجیاکەیان بکات. کاتێك هونەرمەندێکی داهێنەر، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بەربەرییەتە و ئەو پێشێلکارییەی دیگنیتیی ئینسان کە لەو کردارەدا هەیە کە بە هۆکاری ئایدۆلۆجییەوە، چەندین دکتۆر و کادیری تەندروستیی لەناو نەخۆشخانەیەکدا بیستوسێ خولەک بە ئەعسابێکی سارد و ویژدانێکی ڕاحەتەوە دانیشتوون سەیری مردنی بریندارێک دەکەن و ئامادە نین ڕێ لە چۆڕینی یەک دڵۆپ خوێنی بگرن، دێت بۆیەی سوور بە خۆیدا دەکات و ئەو بیستوسێ خولەکە لە بەربەرییەت دێنێتە سەر جادە و بەرچاوی خەڵک، ئیسلامییەکان لەجیاتی هەستکردن بە بچووکیی خۆیان و بینینی ئەو جورعە گەورەیەی بێئەخلاقیی کە لە ئایدۆلۆجیاکەیاندا هەیە، بە هاریکاریی مایکبەدەستە دەبەنگ و زۆر و زەبەندەکانی کوردستان، هەموو فۆکەسێک لەسەر کارە هونەرییەکە لا دەبەن و، هەموو ڕیپۆرتاژەکان دەکەنە باسی ئەوەی کە ئایا چۆن دەبێت شۆستەیەکی شار بۆیەی تێوە بچێت و، ئایا چۆن دەبێت ڕێگە بدەین ئەو هونەرمەندە ئەو خەتەرە گەورەیە لەسەر ژینگەی مرۆڤایەتیی دروست بکات.
کاتێک دەبینیت دەقێک کە تۆ تیایدا باسی فەیلەسووفنەبوون و بێکەڵکیی موساهەماتەکانی نووسەرێک دەکەیت، پەیتا پەیتا وەک موژدەی گەیشتنی چەکی تازە و کاریگەر، لەلایەن ئەو ئیسلامییانەوە دووبارە شەیر و بڵاو دەکرێتەوە کە لە هەوڵدان ئەو نووسەرە کۆچکردووە تەنانەت گۆڕیشی ون بێت، وە لە هەوڵدان پێش شاردنەوەی بە خۆڵ، زۆرترین زیادەڕۆیی بەرامبەر بکەن، دەبێت ئێستێکت لا دروست بێت و لە خۆت بپرسیت: ئایا ئەم کارەی من دەیکەم، کە هاتووم لەناو هێرشی ئەو ئیسلامییانە بۆ سەر دیگینتیی ئەو نووسەرەدا، باسی فەیلەسووفنەبوون و خراپیی تێز و نووسینەکانی نووسەرەکەیان بۆ دەکەم، ڕێک کردنی ئەو جۆرە خزمەتە نییە کە ئەو مایکەبەدەستە گەمژە و بەسوودانەی کوردستان بۆ ئایدۆلۆجیای ئیسلامیی، بە ئیسلامییەکانی دەکەن؟ ئایا باسی خراپیی بەفەیلەسووفناساندنی ئەو نووسەرە لەم سیاقەدا، ڕێک لە بردنی باس بەرەو پیسبوونی شۆستە ناچێت لەناو باسی هێرش بۆ سەر دیگنیتیی ئینسان و قیمەتی ڕۆحی ئینسانێکدا؟
ئەسڵەن کاتێک دەبینیت ئاوا ئیسلامییەکان تۆ دەکەنە شایەتی دروستیی سیاسەتی دژەئینسانیی خۆیان، دەبێت جیدییانە لە خۆت بپرسیت: ئایا بۆی نییە ئەمە مانای ئەوە بێت کە ئەو مۆدێلی دووبەرەیەی «عەلمانیی توندڕەو-دینداری توندڕەو» کە من ساڵانێکە لە چەپە بێهۆشەکانی ئەوروپام وەگرتووە و لەڕێگەیەوە باسی ڕۆڵی ئاینی مەسیحیی لە ئەوروپا، بەبێ هیچ بیرلێکردنەوەیەک، ئیسقات دەکەم بەسەر ڕۆڵی ئاینی ئیسلام لە سیاقی کوردستاندا، ناحاڵییبوونێکی گەورەی من بێت لە جیاوازیی نێوان سیاقی کوردستان و سیاقی ئەوروپا؟ وە ئایا بۆی نییە ئەم سەردەرنەکەرییەی من لە جیاوازیی نێوان ئەوروپا و کوردستان و، جیاوازیی نێوان مەسیحییەت و ئیسلام، چەند ساڵە منی کردبێتە تەنها پیاوچاک و واعیزێکی چالاکی تەبلیغکردن بۆ برایەتیی نێوان عەلمانیی و ئیسلامیی کە لە پراکتیکدا هیچی لێ نەکەوتبێتەوە جگە لە قورسترکردنی ڕەخنە لەبەرامبەر ئیسلام و ئیسلامیزمدا؟
نەبوونی ڕێز بۆ هەیبەتی مردن لەوێدا دەگاتە لوتکە کە ڕێک ئەو کەسەی کە مردووە، لە چەند پۆدکاستدا ڕاستەوخۆ لەو سەردەرنەکەرییەت لە جیاوازیی نێوان ڕۆڵی مەسیحییەت لە عەلمانییەتی ئەوروپییدا و ڕۆڵی ئیسلام لەناو باسی عەلمانییەت لە کوردستاندا ئاگاداری کردبیتەوە و ڕۆشن پێی وتووبیت: تۆ نازانیت هێنانی ناڕەخنەییانەی ڕوانگەی هابەرماس لەسەر عەلمانییەت بۆ ناو کۆمەڵگای کوردیی بەبێ هەموارکردن و بیرلێکردنەوەی پێویست، خزمەتکردنێکی بەلاشی تۆیە بە توندڕەویی ئیسلامیی. تۆ ئەو کاتە خۆت لەو ڕەخنەیەی خەڵەتاندبێت و خۆت لە وەڵامدانەوەی دزیبێتەوە. بەڵام ڕێک چەند ڕۆژێک دوای مردنی و ونبوونی لەبەرچاو، بێیت وەڵامی بدەیتەوە و بڵێیت ئەو هیچ لە ڕۆڵی ئاین لەناو عەلمانییەتدا نازانێت و وەعزی گرنگیی پێکەوەهەڵکردنی ئاین و عەلمانییەت دووبارە بکەیتەوە.
ئەمە ئیتر هەر نەبوونی توانای ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگیی نییە لەبەرامبەر مەرگدا، بەڵکو ئۆپۆرتۆنیستییەتێکی وا ناشیرینە کە لەوە دەچێت کەسێک بچێت بۆ مەراسیمی ناشتنی مردوویەک کە ئەم قەت نەیوێراوە بچێتە شەڕیەوە، بۆ ئەوەی پێش ناشتنی دەرفەتی دەستکەوێت بۆکسی خستنەسەرئەرز بسرەوێنێتە ناوچەوانی تەرمەکە و، بردنەوەی یەکجارەکیی خۆی لەبەرامبەریدا ڕابگەیەنێت.
تۆ، خوێنەری ئەم دێڕانە! ئایا تۆش وەک من هەست ناکەیت ئەم هەموو عەبەسییەتەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە کە لە سەرەوە باسم کرد، ئێستا پێویستی بەوەیە کەسێکمان هەبێت تووڕە تووڕە، بچێتە بەردەم مایکی پۆدکاستەکەی و بە هەناسەبڕکێ و ڕوخسارێکی گرژکراوەوە، هەوڵ بدات بە قەبەترینی وشەکان و موبالەغەپێکراوترین ڕستەکان، وەسفی ئەم ناڕێکییانەی ناو کۆمەڵگای کوردیی بکات و، وەک باوکێکی توند و پڕ دڵ لە قسە، هەموومان سەرکۆنە بکات؟ جار جارە لە تووڕەییدا ڕستەکەی لەدەست بئاڵۆسکێ. بوەستێت و لەسەرەوە دایڕێژێتەوە. دواتر هەست بکات ڕستەکەی هێشتا بارووتی کافیی تیا نەبوو. هەوڵێکی نوێ بداتەوە و چەندین جار خۆی دووبارە بکاتەوە. نەتوانێت تەواو بە ئارگیومێنتی باش قەناعەتمان پێ بێنێت، بەڵام هەرچییەک بێت ئەو ”تەبلیغی موبین”ی خۆی بکات کە تەنها کاتژمێرێکی ماوە بۆ نیوەشەو.
بەڵێ، ئایا هەست ناکەیت لە کۆمەڵگای کوردیی ئێمەدا، لەبەرامبەر ئەم هەموو عەبەسییەتەی کە تیادا نۆرماڵیزە بۆتەوە، شوێنی بەتاڵی تووڕەییەکانی فاروق ڕەفیق تەواو دیارە و، پێویستییەکە کە بە هیچ قسەکردنێکی هێمنانە و ئارگیومێنتکردنێکی ئەکادیمییانە پڕ نابێتەوە؟
هاوڕێ، جێگەت خاڵیی لەناو ئەم جەنجاڵەدا.
ببوورە، مەرگ هێشتا ئەوەندە سامی نییە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کە بمتوانایە ئەم هەفتەیە تەنها لە عەبەسییەتی ڕۆیشتنی تۆ ڕابمێنم و هیچ نەڵێم.
زۆرێک لە داهاتوویەکی نزیکدا قووڵ بیرت دەکەن.
ئارام بنوو!















Post Comment