کەمپی مەخموور: سێ مانگە حکومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتە سەرمان

بەرپرسانی کەمپی مەخموور دەڵێن، نزیکەی سێ مانگە حکومەتی عێراق گەمارۆی خستووەتە سەریان و کێشەیان بۆ دروستبووە. وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەبوونی گەمارۆ رەتدەکاتەوە. بەرپرسێکی حیزبیش لە سنوورەکە دەڵێت، عێراق دەیەوێت دوای چەکدادانی پەکەکە راستەوخۆ دانیشتووانی کەمپەکە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
کەمپی مەخموور، دانیشتووانەکەی پێی دەڵێن کەمپی (شەهید رۆستەم جوودی)، لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە.
کەمپەکە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای مەخموورە لە پارێزگای نەینەوا. بە گوێرەی قسەی دانیشتووانی کەمپەکە بۆ رووداو، لە 10ـی نیسانی ئەم ساڵەوە، حکومەتی عێراق “گەمارۆیەکی تووند”ـی خستووەتە سەریان.
ژمارەی دانیشتووانی کەمپی مەخموور ئێستا نزیکبووەتەوە لە 12 هەزار هاونیشتمانی، لە رابردوودا بە پاساوی شوێنی پێگەیاندنی ئەندامی پەکەکە، تورکیا چەندین جارێک بۆردوومانی کردوون.
بە گوتەی کەسانی نێو کەمپەکە: “بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانین نەخۆشیش لە کەمپ ببینە دەرەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. هەروەها رووبەڕووی کەمیی دەرمان و پێداویستی پزیشکیی بووینەتەوە”.
هەر بەهۆی گەمارۆکانەوە، “رێگە نادرێت” پێویستی قوتابیان و خوێندکاران. هەروەها پێداویستی و کەرەستەی خانووبەرە و بیناسازی ببرێتە نێو کەمپەکەوە.
ئەوانەی سەرپەرشتیی کەمپەکە دەکەن، دەڵێن: “لە تەمموزی 2019 لە هەرێمی کوردستانەوە گەمارۆمان لەسەرە، ئەوە نزیکەی سێ مانگە گەمارۆی عێراقیش زیادیکردووە، ئەگەر بەردەوام بێت کارەساتی مرۆیی دروست دەبێت”.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق راگەیاند: “ئەوانە بە فەرمی لە دەوڵەتی عێراق تۆمارکراون و هیچ کێشەیان نییە و ئازادن لە هاتووچۆکردن بۆ هەموو پارێزگاکان”.
دوای ئەوەی 13ـی ئایاری ئەم ساڵ، شاندێکی پێنج کەسی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی کەمی پەنابەرانی مەخموور بۆ کۆبوونەوەیەک چوونەتە بەغدا، رۆژی دواتر لەلایەن هێزێکی عێراقەوە لە سنووری بەغدا دەستگیرکران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسانە دوای زیاتر لە مانگێک لە زیندان، ئازاد کراون و گەڕێندراونەتەوە مەخموور.
بەگوتەی عەلی جەهانگیر، لە دوای ئەو رووداوە، دانیشتووانی کەمپەکە، خۆیان هاتووچۆ ناکەن و مەترسییەکی وەهمییان بۆ خۆیان دروستکردووە.
رەشاد گەڵاڵی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی لە مەخموور، گوت: “دانیشتووانی کەمپی مەخموور لە عێراقدا وەکو ئاوارە بە فەرمی وەرگیراون و کێشەیان نییە، بەڵام بەتایبەت ئێستا کە نزیکبوونەوە لەنێوان پەکەکە و تورکیا هەیە و پرسی چەکدادان نزیکە، حکومەتی عێراق دەیەوێت لەگەڵ سەرگرتنی پرۆسەی ئاشتیدا راستەوخۆ ئەوانە بنێرێتەوە زێدی خۆیان”.