ته‌مموز 21, 2025

تۆڕی هاوپەیمانی ١٩: مانگی رابردوو خراپترین مانگ بووە بۆ ئازادی رادەربڕین

جار بینراوە: (7.6K)

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی تەمموزی ٢٠٢٥، تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ راپۆرتێکی لەبارەی ناڕەزایەتییەكانی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە و تیایدا جەخت لەوە کراوەتەوە، بەهۆی هەڵمەتەكانی رێگری و دەستگیركردن، مانگی حوزەیران خراپترین بووە بۆ ئازادی رادەربڕین و پارێزبەندنی پەرلەمانتاران، کە سیپان ئامێدی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی لە دهۆك رفێندرا.

تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ راپۆرتێکی لەبارەی ناڕەزایەتییەكانی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ماوەی ئەو مانگەدا، هاوڵاتییانی هەرێم ٣٢ چالاکی ناڕەزاییان رێکخستووە، هەروەها، ئەو مانگە خراپترین بووە بۆ پارێزبەندنی پەرلەمانتاران.لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە شارەكانی هەرێم، هاوڵاتیان ٣٢ چالاكی ناڕەزایی، خۆپیشاندان، بایكۆت، گردبوونەوەیان رێكخستووە، ١٨ چالاكی لە سلێمانی، هەشت چالاكی لە هەولێر، یەک چالاكی لە هەڵەبجە، یەک چالاكی لە ئیدارەی راپەرین، چوار چالاكیش لە ئیدارەی گەرمیان، لەو چالاکییانە، ١٦ چالاكی بۆ مووچە، ٩ چالاكی بۆ داواكاری دامەزراندن، سێ چالاكی بۆ خزمەتگوزاری، یەک  چالاكی بۆ ئیدانەكردنی جەنگ، سێ چالاكی داخوازی جیاجیا بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە میانەی چالاكییەكاندا لە سلێمانی ٨١ مامۆستا و چالاكوان و كادری سیاسی و میدیاكار دەستگیركراون، پاشان ئازاد كراون، یەك رووداوی رفاندنیش لەلایەن هێزێكی دەمامكدار لە دهۆك تۆمار كراوە، پاش ئەشكەنجەدان ئازاد كراوە.

باس لەوەشکراوە، هەندێك لە دەستگیركراوانی شاری سلێمانی، بەهۆی توندوتیژی هێزە ئەمنییەكان، لە كاتی دەستگیركردنیان ئاسەواری لێدان بە گیانیانەوە دیاربووە.

تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ لە كۆمەڵێك رێكخراوی داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، پێكهاتووە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی ١٩ی جاڕنامەكە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas