دوو موچەکەمان فت..!
جێگر سەلێمان ساڵح
وا پێ دەنێینە ناو ساڵی نوێوە، کەچی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا موچەی مانگی ١٠ـیان وەرنەگرتووە! حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەی پارتی و یەکێتیش، وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە بۆران، گوێی خۆی لێ کەڕ کردووە و ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبێت ئەوەیە خەڵک پارەی پێیە یاخوود نا، دەژی یان نا!
ئێ ئاخر تازە ئەم حکومەتە، جوانتر بڵێم پارتی و یەکێتی تازە راهاتوون، دەبێت هەموو ساڵێک یەک دوو موچەی خەڵک لووشبەن و دواتر بڵێن کاکە خەتای بەغدایە و پارەکەی نەناردووە! ئێ فەرموو ئێوە لەگەڵ بەغدا رێککەوتبوون کە داهاتی ناوخۆ مانگانە ١٢٠ ملیار رادەستی بەغدا بکەن و بەغداش موچەکە بنێرێت! کەچی تازە بە تازە ١٢٠ ملیاری داهاتی ناوخۆی مانگی ١٠ـتان رەوانەی بەغدا کردووە!
دەستەکەتان کەشفە! دەمێکە ئەوەتان یاوە بە گوێی بەغدادا کە ٢ موچەی کۆتایی ئەمساڵ بخاتە بری ئەو داهاتە ناوخۆیەی ئەمساڵ رادەستتان نەکردووە، ئەمە ئیشی یەکەمجارتان نییە، پاریش موچەیەکتان خوارد و پێراریش ٣ موچە! لە ١٠ ساڵیشدا ٦٠ دانەی موچەی موچەخۆرانتان خواردووە!
دەی فەرموون با بڵێین بەغدا پارە نانێرێت، ئێ خۆ ٣ دانە تریلیۆن دیناری داهاتی ناوخۆتان لەبەردەست ماوە، بەشی ٣ دانە موچە بە زیادیشەوە دەکات، ئێ خۆ ئەم پارەیە لە هیچ شتێکدا سەرف نەکراوە، ئەی بۆ نایەن موچەی پێ دابەش بکەن!؟ کاکە دوو موچەمان ناوێت، تەنها یەک موچەی پێ دابەش بکەن و ئەوی دیکە بە قوزەڵقورتتان بێت! بەڵام نا، تازە ئێوە فێری میللەت رەزیلکردن و میللەت چەوساندنەوە بوون! ئای بۆ ئەو رۆژەی خەڵک بە یەکجاری لێتان رادەپەڕێت و حەقی ٣٥ دانە ساڵ زوڵم و ستەمتان لێدەکاتەوە!















Post Comment