مووچە بۆ میلیشیا، سزا بۆ فەرمانەبەرانى حکومەت!
دارەوان بەدرەدین
ئەگەر چاوی بخیەنە سەر بودجە و بڕیارە سیاسییەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق، بۆمان دەردەکەوێت کە : ئەم وڵاتە مووچەی خۆی بە چەکدارە میلیشیاکانى دەدات، بەڵام بۆ فەرمانبەرانی یاساییی هەرێمی کوردستان سزا . مووچەی حەشدی شەعبی لە کاتی خۆی دەگات، بە ڕێژەی دیاریکراو، بە پاساوی یاسا، بە هەموو ماف و ئیمتیازەکانەوە؛ لەهەمان کاتدا مامۆستا و پەرستار و فەرمانبەرلە هەرێم، یان مووچەیان دەوەستێت، یان مانگ بە مانگ دواکەوتن و بە ئاواتى گەشتنی موچەکانیانەوە دەژین.
پرسیارەکە زۆر سادەیە، بەڵام قورس: چۆن دەوڵەتێک دەتوانێت مووچەی هەزاران ئەندامی میلیشیا بدات، بەڵام دەڵێت “بودجە نییە” بۆ مامۆستا و پەرستار و کارمەندانی خزمەتگوزاری گشتی لە هەرێمی کوردستان؟ ئەگەر پارە نییە، ئەو مووچەی میلیشیایە لە کوێوە دەهێنرێت؟ ئەگەر هەیە بۆ چەکداران، بۆچی نییە بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانە؟
ئەمە کێشەی ژمێریاری نییە، کێشەی ئاخلاق و سیاسەتە. حکومەت لە کاتی دابەشکردنی پارە، ڕاستەوخۆ ڕەنگەکانی خۆی نیشان دەدات: ئاسایش و هێزی چەکدار لە چاویدا گرنگترە لە ژیانی خێزانەکانى کوردستان. ئەو مامۆستایەی سێ مانگە مووچەی وەرنەگرتووە و بە قەرز نانی منداڵەکانی دەکڕێت، لە چاوێ حکومەتدا کەم تر قیمەتی هەیە لە میلیشیایەکى وەکو حەشد کە تەنها ئەکرى بریتیە لە دەستبەسەرکردن و تۆقاندن و کوشتنى خەڵک .
بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، یاسا بەکاردەهێنرێت بۆ ڕاگرتنی پارە: “ناکۆکیی قانونی”، “پڕۆسیجار”، “بڕیاری دادگا”، “کومیسۆنی ژمێریاری”. بۆ میلیشیایە نکانى حەشدى شەعبى، هەموو شتێک دەگۆڕێت و دەڵێن : هێزێکی “رسمی”، “جزء من المنظومة الأمنية”، “دفاع عن الوطن ) هەرەوەها یاسا بۆ میلیشیا بووە پەرژینێک بۆ پاراستنیان. ئەمە واتە: یاسایەکی خزمەتی چەک دەکات ،هەمان یاسا ماڵى هاوڵاتى وێران دەکات .
ئەوەى دەبێـت ببپرسین
چۆن دەوڵەتێک دەتوانێت میلیاردان دینار بۆ میلیشیا تەرخان بکات، بەڵام دەڵێت “پارە نییە” بۆ مووچەی مامۆستا و پەرستار؟
کەواتە دەبێـ ئەو ڕاستیە بزانین کە عێراق گۆڕدراوە بۆ “دەوڵەتی میلیشیا”، نە “دەوڵەتی هاوڵاتی”.















Post Comment