ئێمە سەرکردەمان هەیە؟

ئێمە سەرکردەمان هەیە؟

جار بینراوە: (15.0K)

ئارام جەمال خدر

بە پێناسەیەکی سادە، سەرکردە ئەو کەسەیە کە توانای پێشڕەویکردنی تاکەکانی کۆمەڵگەی هەیە بە رێگیەکی ڕاست و دروست و بە بڕوای تەواو و بە ئیرادەیەکی مەزنترەوە. بنەماکانیشی دەبێت لەسەر بنەمای پەرۆشی بۆ گەلەکەی بێت و لە خەمی ئەواندا بێت و هەوڵ بۆ باشترکردنی ژیانیان بدات.

سەرکردەکان چەندین جۆرن، جگە لە کەسایەتی و شەخسیەتی خۆیان کە تاموبۆنێکی جیاواز دەداتە هەر سەرکردەیەک، کۆمەڵێک هێڵ و خەسلەتی گشتی هەیە کە سەرکردەکان دابەش دەکات بەسەر چەند جۆرێکی گشتیدا. بۆ نمونە، سەرکردایەتیکردنی خزمەتکارانە کە ئەم جۆرە سەرکردانە خواستێکی بەهێزیان تێدایە بۆ خزمەتکردنی ئەوانی تر و رادەی خۆبوردنیان ئێجگار بەرزە. جۆرێکی دیکە سەرکردایەتیکرنی راستەقینەیە، ئەم جۆرە لە سەرکردە بریتین لە کەسانێک کە زۆر بەباشی خۆیان دەناسن و لە خۆیان تێگەشتون و پاشانیش دەوروبەر، ئەم سەرکردانە توانای هاندانی کەسانی خوارخۆیان و بەرزکردنەوەی متمانەیان زۆر بەرزە، هەمیشە گوێ لە رای جیاواز دەگرن بەشێوەیەکی زۆر کراوە و قبوڵیشی دەکەن.

بە کورتی زانیمان سەرکردە چییە و ئەرکی چییە، بەڵام ئایا ئێمە لە کوردستان سەرکردەمان هەیە؟ ئایا هیچ کام لەو کەسانەی کە ناسناوی سەرکردەیان وەرگرتووە هیچ کام لەم سیفاتانایان تێدایە کە باسمان کردن؟ وەڵامەکەی تەنها یەک وشەیە، نەخێر!

پارتی و یەکێتی کە دەیان ساڵە حوکمی ئەم وڵاتە دەکەن، لەناو خۆیاندا دەیان کەس هەڵکەوتووە، هەر لە کەسانی سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئاینی، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەوانە سیفاتی سەرکردەیان تیادا نەبووە بەڵکوو زیاتر وەک بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک کاریان کردووە، تەنها سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەی زیاتر و بەدەستهێنانی نفوسی زیاتر بوون بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان. هەر کاتێکیش کەسێک پەیدا بووبێت کە رەخنەی لێگرتبن و هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخەکەیان دابێت لەناوبراون، هەر لە بەکر عەلی شاعیرەوە بگرە تا دەگایە سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و دەیان گەنجی دیکەی ئەم وڵاتە کە لە خۆپیشاندانەکانی داواکردنی مافەکانی خۆیاندا بە گولـلەی چەتەکانی پارتی و یەکێتی شەهید کراون! بۆیە بە کوردی و بە کورتی، لە مێژووی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لەم وڵاتەدا، لە سەردەمی پێش راپەڕین و دوای راپەڕینیش، کەسێک نادۆزیتەوە کە بتوانیت بە سەرکردە ناوی بهێنێت، تەنها چەند کەسێکی خێڵەکین کە ئامانجیان زیادکردنی سفرێکی دیکەیە بۆ سەروەت و سامانەکەیان و هیچی دیکە نا!

بابەتى تر

👤
Live: 41 Today: 43 📊 Click Here