نوکتەی کۆمەک…

نوکتەی کۆمەک…

جار بینراوە: (12.2K)

ڕێباز عەلى

وا دەگەینە زستان و هێشتا هاوڵاتیانی هەرێم سێ موچەی ئەمساڵیان وەرنەگرتووەو ناشزانن ئاخۆ موچەکانیان وەردەگرن یان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵیش چەند موچەیەکیان ئەچێتە سەر موچە خوراوەکانی دیکەیان. ئەمانە بەلایەک، هەموومان ئەزانین دۆخی خەڵک چۆنە، هەمووشمان ئاگادارین هەفتەی رابردوو چی کارەساتێک لە چەمچەماڵ روویدا و چۆن هەموو شارەکە کەوتە بەر لافاو و هیچ ماڵێک نەمایەوە کە ئاو داینەپۆشێت.

کەچی وەک بڵێی پارتی و یەکێتی گاڵتە بە ئەقڵی هەموو میللەت بکەن، هەر یەکەیان و لەڕێگەی کەناڵەکانیانەوە کە بە پارەی نەوت بەڕێوەدەچن، دەستیان کردووە بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ خەڵکی چەمچەماڵ! ئەرێ یەکێ نییە پێیان بڵێ تەواوی بیرە نەوتەکانی کوردستان لەژێر دەستی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییدایە، داهاتی سەر زەوی و ژێرزەویی ئەم وڵاتە هەر بۆ خۆیان داگیریان کردووە، هەر ئەو چەمچەماڵە کە کێڵگەی غازی کۆرمۆری تێدایە، داهاتەکەی بەشی هەموو کوردستان دەکات، خێرە ئێستا کەوتوونەتە کەمپینی کۆکردنەوەی پارە و کۆمەککردنی خەڵکی چەمچەماڵ؟ سامانی وڵاتەکە دەبەن و بە پارەی خەڵکیش یارمەتی ئەوانی دیکە دەدەن! وەڵا بابە ئەمە نوکتەیە!

ئەوەی زۆر رژدە لەسەر ئەم هەڵمەتە کەناڵەکەی شازادە ئارینە! کوڕەکەی مەسرور بارزانیی سەرۆکی حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەی هەرێم، کە هەرچی موقەدەساتی خەڵکە خستویەتییە ژێر پێی! خەڵکی بێمووچە و بێکار کردووە! گەنج لەم وڵاتەدا نەما هەمووی سەری خۆی هەڵگرت لەتاو زوڵم و ناعەدالەتیی ئەمانە، کەچی کەناڵەکەی جەنابی شازادە خۆی کردووەتە کەواسووری بەر لەشکر و خەریکی کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ چەمچەماڵ! دەستەکەتان کەشفە! ئەمە کۆکردنەوەی هاوکاریی نییە، ئەمە خۆ خۆشەویستکردنە لای خەڵکی ئەو دەڤەرە! ئەو دەڤەرەی رۆژ تا ئێوارە خەریکی لێدان و دروستکردنی کێشەن بۆی! تا سبەینێ بە خەڵکەکەی بڵێن ئەها! ئەها ئێمە چۆن خەمی ئێوەمانە، دەی ئێوەش پشتگیری پارتی بکەن! ئەو پارتیەی قوڕی کردووە بەسەرتانا و رۆژ لە دوای رۆژ زوڵم و ناحەقیی نوێتان بەناوی جیاجیاوە لێ دادەهێنێت و خەریکی رووتاندنەوە و هەڵتەکاندنی گیرفانتانە!

بابەتى تر

👤
Live: 64 Today: 2,551 📊 Click Here