حیزبەکان دەبنە قەسابخانەی نیشتمان!

حیزبەکان دەبنە قەسابخانەی نیشتمان!

جار بینراوە: (1.6K)


محمد کاروان

بوونی دەیان حیزب و سەرکردە لە نەتەوەیەکدا کە هێشتا نەیتوانیوە یەک بست خاکی خۆی بە تەواوی بپارێزێت، نیشانەی فرەیی سیاسی نییە، بەڵکو بەڵگەی نەخۆشییەکی کوشندەی سەرکردایەتییە! ئەگەر سەیری مێژوو و واقیعی ئەمڕۆی حیزبە سیاسییەکانی کورد بکەیت (لە پارتی و یەکێتییەوە بگرە تا دەگاتە هێزەکانی ڕۆژئاوا و باکوور و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنەکانیش)، هەموویان لە یەک خاڵی قێزەوندا هاوبەشن: ئەوان ناتوانن دەوڵەتداری بکەن، بەڵکو تەنها دەتوانن ببنە خاوەنی کۆمپانیا و میلیشیا .

ئەم سەرکردانە هەموویان تووشی نەخۆشیی “تاکڕەوی و بتپەرستیی حیزبی” بوون؛ لەبری دروستکردنی دامەزراوەی نیشتمانی، تەنها وەبەرهێنان لە کەسایەتیی سەرۆک و منداڵە لوسکەکان و خاڵۆژن و پورەکانیاندا دەکەن. هەر کاتێک سەرۆکی حیزبێک دەمرێت یان لاواز دەبێت، تەواوی حیزبەکە و تەنانەت نیشتمانەکەش لەگەڵیدا دادەڕمێت.

ئەمە سەرکردایەتی نییە، ئەمە عەشیرەتگەرییەکی چەکدارە کە جلی مۆدێرنەی پۆشیوە.
گەورەترین کارەساتی حیزبی کوردی ئەوەیە کە هیچ کاتێک ناتوانن ببنە یەک، مەگەر لە کاتی دابەشکردنی پارەی دزراوی میللەتدا نەبێت! لە باشووری کوردستان، پارتی و یەکێتی نزیکەی ساڵێکە پەرلەمانیان داخستووە و ناتوانن کابینەی حکومەت پێکبهێنن، تەنها لەسەر ئەوەی ناتوانن لەسەر کورسی و داهاتی خاڵە سنوورییەکان ڕێک بکەون ؛ لەو پێناوەشدا ئامادەن قەیرانی مووچە دروست بکەن و کەرامەتی فەرمانبەر بشکێنن. لە ڕۆژئاوا و باکووریش، حیزبەکان لەبری دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو دژی داگیرکەران، خەریکی شکاندنی یەکتر و دروستکردنی دەیان پارتی بچووکی بێکاریگەرن کە تەنها بۆ بەرژەوەندیی کەسی دروست بوون . تەنانەت ئەوانەشی کە ناوی خۆیان ناوە “ئۆپۆزسیۆن”، بەهۆی نەبوونی تێڕوانین و بوونی ململانێی ناوخۆیی، زۆر زوو دەبنە پاشکۆی هەمان ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەی کە پێشتر ڕەخنەیان لێ دەگرت . سەرکردەی کورد تەنها یەک ستراتیژی هەیە: “یان من حوکم دەکەم، یان با وڵات وێران بێت.”
دروستکردنی دیوار لە نێوان خۆت و گەلەکەتدا، سەرەتای کۆتاییهاتنی هەر سەرکردەیەکە کە متمانەی بە خۆی نەماوە. (سەرکردەی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ئامادەیە قوربانی بە بەرژەوەندییە کەسییەکانی بدات لە پێناو ئازادیی گەلەکەی؛ بەڵام ئەو سەرکردەیەی کە گەلەکەی دەکاتە قوربانی بۆ مانەوەی خۆی، تەنها جەللادێکە”)

سەرکردەکانی کورد ڕێک ئەم جەللادانەن؛ ئەوان نیشتمانیان پارچە پارچە کردووە و میللەتیان خستووەتە ژێر ڕەحمەتی داگیرکەران، تەنها بۆ ئەوەی پارێزگاری لە کورسی و کۆمپانیا نەوتییەکانیان بکەن . ئەوان هیچ دیدگایەکی نەتەوەییان نییە بۆ ئایندە، بەڵکو تەنها خەریکی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانن بە قەیرانی تر، و مێژوویەکیان دروست کردووە کە پڕە لە خیانەتی ناوخۆیی و ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ دوژمنان بۆ لەناوبردنی براکانی خۆیان.
مانەوەی میللەتێک لەژێر ڕەحمی سەرکردەیەکدا کە هیچ خەسڵەتێکی سەرکردایەتیی تێدا نییە، گەورەترین خۆکوژیی بەکۆمەڵە! ئەی ئەو گەلەی کە سەدەیەکە خوێنتان دەبێتە سوتەمەنی بۆ هەڵەی سیاسیی ئەم مافیایانە، ئیتر باوەڕ بە دروشمە نەتەوەییە ساختەکانیان مەکەن. هاوار بکەن بە ڕووی ئەو حیزبانەدا کە لەبری ئازادی، تەنها قەیران و شەڕی ناوخۆ و بێمووچەییان بۆ هێناون. ئەو مێزە بڕووخێنن کە تێیدا بڕیار لەسەر فرۆشتنی ئایندەی منداڵەکانتان دەدرێت لەپێناو مانەوەی سەرۆکێکدا. نەتەوەیەک کە نەتوانێت سەرکردە دۆڕاو و گەندەڵەکانی خۆی دادگایی بکات و فڕێیان بداتە ناو زبڵدانی مێژووەوە، هەرگیز شایەنی ئەوە نییە ببێتە خاوەنی دەوڵەت و سەروەریی خۆی!

بابەتى تر

👤
Live: 37 Today: 1,576 📊 Click Here