پەرلەمانێکی بێ کار، حکومەتێکی بێ دامەزراندن!

پەرلەمانێکی بێ کار، حکومەتێکی بێ دامەزراندن!

جار بینراوە: (17.1K)

ڕۆشبین تاهیر

لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە تاکو ئێستا، هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی سیاسی و یاساییدا نوقم بووە کە کەس نایزانێت کۆتاییەکەی کەی دێت! هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ئەنجامدرا، دەنگدان کرا، ئەنجامەکان دەرکەوت، بەڵام دوای زیاتر لە ١٥ مانگ هێشتا نە حکومەت دامەزراوە، نە پەرلەمان بە واتای ڕاستەقینە کاردەکات، نە یاسایەک دەردەچێت!

ئەرکی پەرلەمان یاسادانانە، بەڵام ئەم پەرلەمانە لە ٢٠/١٠/٢٠٢٤ەوە تاکو ئێستا تەنانەت یەک یاسای دەرنەکردووە! چ جۆرە پەرلەمانێکە ئەمە؟ ئایا خەڵک دەنگی دا بۆ ئەوەی ئەندامانی پەرلەمان تەنها مووچە وەربگرن و لە کورسیەکانیان دانیشن؟

لە هەموو وڵاتانی دیموکراسیدا، پەرلەمان پێش هەموو شتێک دەست بە یاسادانان دەکات، چونکە ئەوە ئەرکی بنەڕەتی و مەشرووعیەتی ئەوانە! بەڵام لە هەرێمدا، پەرلەمان بووەتە شوێنێک بۆ مشتومڕی سیاسی و ناکۆکی نێوان حزبەکان، نەک شوێنێک بۆ خزمەتکردن بە خەڵک!

دوای ١٥ مانگ لە هەڵبژاردنەکان، هێشتا حکومەت دامەزراوە نییە! ئەم ماوەیە زیاتر لە ساڵێکە، و خەڵک لە ژێر حکومەتێکی کاتیدا دەژی کە هیچ ئیختیارێکی نییە! بۆچی ئەم دواکەوتنە؟ بۆچی ئەم بێبەرپرسیارێتیە؟

ڕاستییەکە ئەوەیە، حزبەکان نەیانتوانیوە لەسەر دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات ڕێک بکەونەوە! هەریەکەیان دەیەوێت پشکی گەورەتر ببێت، هەریەکەیان دەیەوێت وەزارەتی دەوڵەمەندتر کۆنترۆڵ بکات! ئەمە ئەو دیموکراسیەیە کە باسی دەکەن؟

لە دیدگای یاساوە، هەر پەرلەمانێک و هەر حکومەتێک کاتی دیاریکراوی هەیە بۆ دامەزراندن و دەستپێکردنی کار. کاتێک ئەم ماوەیە بەسەر دەچێت و هیچ نەکرێت، مەشرووعیەتی ئەو دامەزراوانە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە پرسیاردا !

بەپێی یاسا و پێشینەی نێودەوڵەتی، دواخستنی درێژخایەنی دامەزراندنی حکومەت و لەکاردانی پەرلەمان واتای ئەوەیە کە ئەو هەڵبژاردنە شکستی هێناوە و پێویستە دووبارە ئەنجام بدرێت! چونکە ئامانجی هەڵبژاردن بریتییە لە دروستکردنی دامەزراوە کارا، نەک دروستکردنی دامەزراوەی مردوو!

لەم ماوەیەدا، خەڵک لە قەیراندایە: مووچە دوادەکەوێت، خزمەتگوزاریەکان لاوازن، بڕیارە گرنگەکان دەرناچێت، پڕۆژەکان وەستاون! ئەمە هەموو لەبەر ئەوەیە کە سیاسییەکان سەرقاڵی دابەشکردنی کیک و کورسین، نەک خزمەتکردنی خەڵک!

ئایا ئەمە حورمەتی دەنگی ملیۆنان کەسە کە چوونە سندوقی دەنگدان؟ ئایا ئەمە بەرپرسیارێتییە لەبەرامبەر ئەمانەتی خەڵکدا؟

بەپێی یاسا و ئەخلاقی سیاسی، ئەگەر پەرلەمانێک نەیتوانی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و حکومەتێک نەیتوانی دامەزرێت، ئەوا ئەو هەڵبژاردنە مەشرووعیەتی خۆی لەدەست داوە و پێویستە هەڵوەشێندرێتەوە!

خەڵک مافی ئەوەی هەیە پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی بەتوانای هەبێت، نەک دامەزراوەی مردوو کە تەنها لەسەر کاغەز بوونی هەیە! ئەگەر سیاسییەکان نەیانتوانی لە ماوەی ١٥ مانگدا حکومەت دابمەزرێنن، ئەوا با ڕێگا بدەن بۆ هەڵبژاردنی نوێ!

ئەم قەیرانە تەنها نیشاندەری شکستی ئەم هەڵبژاردنە نییە، بەڵکو نیشاندەری شکستی هەموو سیستەمی سیاسی هەرێمە! ٣٥ ساڵە هەمان حزبەکان حوکمڕانی دەکەن، هەمان دەمووچاوەکان کۆنترۆڵ دەکەن، هەمان ناکۆکییەکان دووبارە دەبنەوە!

تاکو کەی خەڵک بەرگەی ئەم یاری و بازیە سیاسییانە بگرێت؟ تاکو کەی چاوەڕوانی ئەوە بکات کە ئەم حزبانە بگۆڕێن؟

هەڵبژاردنی داهاتوو دەرفەتێکە بۆ ئەوەی خەڵک بکات: ئەمە بەسە! ئەگەر سیاسییەکان نەیانتوانی لە ١٥ مانگدا حکومەت دابمەزرێنن و پەرلەمان بەکار بخەن، ئەوا شایستەی دەنگی خەڵک نین!

مەشرووعیەتی یاسایی لەدەست چووە، باوەڕی خەڵک تێکشکاوە، چارەسەر تەنها یەکێکە: هەڵوەشاندنەوەی ئەم هەڵبژاردنە و دەستپێکردنی نوێ لەگەڵ دەستوورە ڕوونەکان کە ڕێگا بە درێژەکێشان و لێشاوی ئەم جۆرە نادات!

بۆ خەڵکی هەرێم: ئەوە یاریە لەگەڵ مافەکانتدا! ئەوە گاڵتەیە بە دەنگەکەتدا! ئەگەر ئێستا بێدەنگ بین، سبەینێ هیچمان نامێنێتەوە!

👤
Live: 198 Today: 1,549 📊 Click Here