قەیرانی مووچە دووبارە گەڕایەوە؛ فشاری ئابووری وەک دەرئەنجامی سیاسی!
ئەنداز خالید احمد
مووچە لە هەرێمی کوردستاندا چیتر تەنها بابەتێکی ژمارە و بانک و پەڕتووکی دارایی نییە؛ بووەتە چەکێکی سیاسی بۆ ماندووکردن، برسیکردن و بێهیوابوونی خەڵک. ئەوەی ئەمڕۆ فەرمانبەر هەستی پێ دەکات، قەیرانی ئابووریی سروشتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتێکە کە تێیدا مووچە بووەتە بارمتە.
هەر مانگێک کە مووچە دوا دەکەوێت، تەنها پارەیەک لەژێر دەستدا ناوەستێت؛ بەڵکو ژیانی خێزانێک وەستێت. منداڵێک چاوەڕێی کرێی خوێندنە، نەخۆشێک چاوەڕێی پارەی دەرمانە، مامۆستایەک چاوەڕێی کرێی ماڵە، و فەرمانبەرێکیش چاوەڕێی ئەو مافەیەیە کە پێویست بوو نەک بە منەت، بە بەڕێوەچوونی ئاسایی بگاتە دەستی. باشە دەوڵەتێک کە ناتوانێت مووچەی خەڵک لە کاتی خۆیدا بدات، چۆن دەتوانێت باس لە سەقامگیری و پێشکەوتن بکات؟
کێشەکە تەنها لە کەمبوونی پارەدا نییە؛ کێشەکە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڵاتییە. کاتێک فەرمانبەر دوای هەفتەیان چاوەڕوانی، دواجار ناچار دەبێت بە نۆرەی درێژ و ئازار و بێڕێزی مووچەکەی وەربگرێت، ئەوا مەسەلەکە تەنها “دواکەوتنی مووچە” نییە، بەڵکو شکاندنی کەرامەتی مرۆڤە. مووچەی فەرمانبەر بووەتە یاریی دەستەکان؛ جارێک بەغدا پێی فشار دروست دەکات، جارێک هەرێم پێی قۆرخکاری دەکات، و لە ناوەڕاستدا هاوڵاتی دەسووتێت.
لە لایەک، بەغدا مووچەی هەرێم وەک کارتێکی سیاسی بەکاردهێنێت. لە لایەکی تریش، دەسەڵاتی هەرێم لەبری ئەوەی بەرگری لە مافی فەرمانبەر بکات، زۆرجار قەیرانەکە دەگۆڕێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتر. واتە فەرمانبەر لە نێوان دوو دەسەڵاتدا گیرۆدەیە: یەکێک مووچەکەی ڕادەگرێت، ئەوی تریش لەسەر هەمان مووچە پڕۆژە و بانک و میکانیزمی قۆرخکاریی دروست دەکات. ئەمە چییە جگە لەوەی نەتەوەیەک لەسەر مافە بنەڕەتییەکانی بکڕدرێت و بفرۆشرێت؟
ئەی ئەو حیزبانەی کە دەڵێن نوێنەری خەڵکن، لە کوێن؟ بۆچی هەرکات باس لە مووچە دەکرێت، هەموو لایەک لە دەرکردنی بەرپرسیارێتی خۆی دەگەڕێت، بەڵام کەس نایەت بڵێت ئەم خەڵکە تا کەی دەبێت باجی شەڕی سیاسی بدات؟ ئاخر مووچە منەت نییە، مافە. فەرمانبەر داوای دڵسۆزی ناکات؛ داوای ئەوە دەکات کە ماندووبوونەکەی بە سیاسی لەدژی بەکارنەهێندرێت.
لەم قەیرانەدا خراپترین شت بێهیوایییە. کاتێک هاوڵاتی وا هەست بکات دواکەوتنی مووچە بووەتە دۆخێکی ئاسایی، ئەوا مەترسییەکە تەنها ئابووری نییە؛ مەترسییەکە سیاسی و کۆمەڵایەتییە. چونکە کاتێک میللەت فێردەکرێت لەسەر مافەکەی بێدەنگ بێت، دواتر لەسەر هیچ شتێکی تر ناوەستێت. برسێتی، دوادەکەوتن، و بێهیوایی، هەموویان دەبنە هۆکاری شکاندنی ویستی گشتی.
دەڵێن: “ئەو کەسەی کە هێز لەسەر بژێوی مرۆڤ هەبێت، هێز لەسەر ژیانیشی هەیە.” ئەمڕۆ مووچە لە هەرێمی کوردستاندا بووەتە ئەو بژێویەی کە بەهۆیەوە ژیانی فەرمانبەر کۆنترۆڵ دەکرێت. کاتێک پارەی تۆ لە کاتی خۆیدا ناگاتە دەستت، ئازادیی بڕیاردانتیش کەم دەبێتەوە، هێزت بۆ ناڕەزایی لاواز دەبێت، و دەکرێیتە هاوڵاتییەکی چاوەڕوان.















Post Comment