پڕۆژەی ڕووناکی و دۆزەخی ATM؛ تاڵانکردنی گیرفانی میللەت!

پڕۆژەی ڕووناکی و دۆزەخی ATM؛ تاڵانکردنی گیرفانی میللەت!

جار بینراوە: (0)

فەرمان محمد حاجى

ئەگەر لە وڵاتانی پێشکەوتوو پرۆسەی بەدیجیتاڵکردن بۆ خزمەتی هاوڵاتی و ئاسانکردنی ژیان بێت، ئەوا لە هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، ئەم پرۆسەیە بووەتە گەورەترین مەکینەی ڕووتاندنەوەی فەرمانبەران و قەبەترکردنی کۆمپانیا حیزبییەکان! پڕۆژەکانی وەک “ڕووناکی” بۆ کارەبا و “هەژماری من” بۆ مووچە، دوو ڕووی یەک دراوی قۆرخکارین، کە ئامانجیان تەنها یەک شتە: بەتاڵکردنی گیرفانی خەڵکی ڕەشۆکی بۆ پڕکردنی خەزنەی بنەماڵە و دەسەڵاتداران. بەم سیاسەتە تاڵانکارییە، حکومەت نەک هەر نەبردووەتە پێشەوە، بەڵکو گەڕاندوویەتییە دواوە بۆ سەردەمی کۆیلایەتیی ئابووری.

لە سایەی پڕۆژەی “هەژماری من” کە مەسرور بارزانی بە زەبری هەڕەشەی بڕینی مووچە بەسەر زیاتر لە ملیۆنێک فەرمانبەردا سەپاندی، ژیانی خەڵک بووەتە دۆزەخێکی ڕاستەقینە. فەرمانبەرێک کە چەند مانگێکە مووچەی وەرنەگرتووە، کاتێک دەچێتە بەردەم ئامێرەکانی “ئەی تی ئێم” (ATM) بۆ وەرگرتنی مافەکەی، دەبێت بە سەعات لە ڕیزە درێژەکاندا بوەستێت و ڕووبەڕووی بێڕێزی ببێتەوە. زۆرجار ئامێرەکان یان پارەیان تێدا نییە، یان سیستەمیان پچڕاوە، یان سنووری ڕاکێشانی پارە دیاریکراوە کە ڕێگە نادات فەرمانبەر تەواوی مووچەکەی خۆی وەربگرێت! لە کاتێکدا فەرمانبەر ناتوانێت پارەکەی خۆی دەربهێنێت، کۆمپانیا و بانکە حیزبییەکانی سەر بە پارتی مانگانە بە ملیۆنان دۆلار لە کرێی مانەوەی پارە و عمولەی ڕاکێشان قازانج دەکەن.

لە پاڵ ئەمەشدا، پڕۆژەی “ڕووناکی” کە گوایە بۆ پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە، تەواوکەری ئەم زنجیرە تاڵانکارییەیە. حکومەت لەبری ئەوەی کێشەی کارەبا چارەسەر بکات، ئەم سێکتەرەی داوەتە دەست کۆمپانیاکانی خۆی و نرخی یەکەی کارەبای بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز کردووەتەوە. ئێستا فەرمانبەرێک کە مووچەکەی لەناو ئەی تی ئێمەکاندا گیری خواردووە و ناتوانێت دەریبهێنێت، دەبێت بە پارەیەکی خەیاڵی باجی کارەباش بداتە هەمان ئەو دەسەڵاتەی کە مووچەکەی زەوت کردووە! ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دزینی سیستماتیکە کە تێیدا مەسرور بارزانی و کۆمپانیاکانی پارتی، پارە لە گیرفانی خەڵک هەڵدەتەکێنن و دەیکەنە سەرمایە بۆ خۆیان.

ئەلێکساندەر هامیلتۆن، لە دامەزرێنەرانی ئەمریکا، دەڵێت: “ئەو دەسەڵاتەی کە کۆنترۆڵی بژێوی و سەرچاوەی ئابووریی مرۆڤ دەکات، کۆنترۆڵی تەواوی ئیرادە و ئازادیشی دەکات.” مەسرور بارزانی ڕێک ئەمەی کردووە؛ بە دەستبەسەرداگرتنی مووچە لەناو بانکە حیزبییەکان و قۆرخکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئیرادەی خەڵکی شکاندووە و کردوونی بە دیلی کۆمپانیاکانی.

ئەو ڕۆژە کوردستان هەنگاوی بۆ تاریکستان نا، کە پڕۆژە نیشتمانییەکان کرانە پڕۆژەی تایبەتیی بنەماڵە، و بانکی دەوڵەت کرا بە بانکی حیزب. تا ئەو کاتەی گیرفانی میللەت بەتاڵ بکرێت بۆ پڕکردنی گیرفانی سەرۆک وەزیران و کۆمپانیاکانی، ئەم هەرێمە نەک هەر ڕووناکی نابینێت، بەڵکو لەناو ڕیزە بێکۆتاکانی ئەی تی ئێم و تاریکستانی قۆرخکاریدا بە یەکجاری وێران دەبێت!

بابەتى تر

👤
Live: 32 Today: 1,748 📊 Click Here