چۆن دەسەڵات لە کوردستان ژیانی ڕۆژانەی گۆڕیوە بۆ دۆزەخ؟

چۆن دەسەڵات لە کوردستان ژیانی ڕۆژانەی گۆڕیوە بۆ دۆزەخ؟

جار بینراوە: (0)

زەردەشت عەبدوڵڵا

لە هەرێمی کوردستان، کاتێک گوێت لە وشەکانی “سەقامگیری، ئاوەدانکردنەوە، یان ژێرخانی ئابووری” دەبێت، بزانە کە دەسەڵات خەریکی داپۆشینی قەیرانێکی کوشندە یان فرۆشتنی درۆیەکە بە خەڵک! لێرە، تێکچوونی ژیانی ڕۆژانە بە ڕێکەوت ڕوو نادات و خزمەتگوزارییەکانیش بە ڕێکەوت پەک ناکەون؛ بەڵکو “لەکارخستنی ژیانی ئاسایی و هێشتنەوەی خەڵک لە لێواری داڕماندا” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتییە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا و کوشتنی خەونی گەنجان، “تێکدانی بچووکترین وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەیە”. بۆیە دەبینین هیچ شتێک لێرە وەک وڵاتێکی ئاسایی کار ناکات، لە کارەبا و ئاوی خواردنەوە بگرە تا دەگاتە هاتووچۆ و بازاڕ!

با سەیری قەیرانی ژیانی ڕۆژانە بکەین. بۆچی دوای دەیان ساڵ حوکمڕانی، هێشتا هاوڵاتی نازانێت کەی کارەبای دەبێت یان کەی ئاوی بۆ دێت؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە کوردستان سەرچاوەی نییە؟ نەخێر، ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار لە سامانی ئەم وڵاتە دەچێتە گیرفانی کۆمپانیا حیزبییەکانەوە، بەڵام خزمەتگوزارییەکان وێران دەکرێن چونکە “سەرقاڵکردنی خەڵک بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانەوە” باشترین چەکە بۆ ئەوەی هاوڵاتی تەنها بیر لە بەدەستهێنانی ئاو و نان بکاتەوە، نەک بیر لە لێپرسینەوە و گۆڕینی ئەم سیستەمە فاشیلە. کاتێک تۆ مرۆڤەکان دەخەیتە ناو جەنگێکی بەردەوام لەپێناو مانەوەدا، چیتر کاتیان نامێنێت بیر لە ئازادی و کەرامەت بکەنەوە!

هەمان سیاسەت لە کەرتی تەندروستی و پەروەردەشدا جێبەجێ دەکرێت. نەخۆشخانە حکومییەکان بە مەبەست وێران دەکرێن تاوەکو هاوڵاتی ناچار بێت ڕوو لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی بەرپرسان بکات. قوتابخانەکان بەبێ مامۆستا و پێداویستی دەهێڵرێنەوە، تاوەکو پەروەردە ببێتە کاڵایەکی بازرگانی لەو زانکۆ و قوتابخانە ئەهلییانەی کە خۆیان خاوەنین. دەسەڵاتداران ئەم قەیرانانە بەکاردهێنن نەک وەک شکستی حوکمڕانی، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ سەپاندنی باج و ڕسومات بە ناوی پڕۆژەی “هەژماری من و ڕووناکی”، و درێژەدان بە تاڵانکارییەکانیان. ئەوان خزمەتگوزاری دەکوژن، ژیان سەخت دەکەن، و پاشان وەک بازرگانێکی بێویژدان چارەسەری ساختەمان پێ دەفرۆشنەوە.

تەنانەت کاتێک باس لە “ئاسایش و سەقامگیری” دەکرێت، ئەم دەسەڵاتە تەنها سەقامگیریی کورسییە حیزبییەکانی دەپارێزێت، لە کاتێکدا شەقامەکان پڕن لە بێکاری، تاوان، و نائومێدی. کێشەی نەبوونی مووچە، گرانیی بازاڕ، و کۆچی بەلێشاوی گەنجان بە مەبەست پشتگوێ دەخرێن، تا خەڵک بێهیوا ببێت و قبوڵی بکات کە ئەم وڵاتە تەنها شوێنی ژیانی ئەو مەسئولانەیە کە لە ڤێلا پارێزراوەکانیاندا دەژین.

“کاتێک دەسەڵات ناتوانێت نان و کەرامەت بۆ گەلەکەی دابین بکات، ئیتر هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی نامێنێتەوە.” ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی بە زەبری “تێکدانی ژیانی ڕۆژانە” دەیانەوێت ڕاستییەکان بشارنەوە و کەرامەتی میللەتێک لەناو قەیرانە دەستکردەکاندا بخنکێنن.

👤
Live: 72 Today: 2,261 📊 Click Here