ئاسمانی ووڵاتم لەدەست کێدایە؟!
ڕێکار عومەر
جاران باپیرانمان سەریان هەڵدەبڕی بۆ ئاسمان تا نزای باران بکەن، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ئەم سەرکردە فەنتەڵۆسانەوە، میللەت سەری هەڵدەبڕێت بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی بەسەر سەریەوە دەسوڕێتەوە هی ئێرانە، ئەمریکایە، تورکیایە، یان هی میلیشیاکانی ناوخۆیە! ئایا سوکایەتییەک هەیە لەوە گەورەتر بێت کە ئاسمانی وڵاتەکەت ببێتە گۆڕەپانی یاریی منداڵان بۆ درۆنی وڵاتانی هەرێمی و میلیشیاکان، کەچی سەرۆک وەزیران و بەرپرسەکانیش لەناو کۆشکەکانیانەوە باسی “سەروەریی خاکی عێراق” بکەن ؟ ئەمە دەوڵەت نییە، ئەمە هۆتێلێکی بێ دەرگایە کە تێیدا بێگانەکان شەڕی تەسفیە حیساب دەکەن و باجەکەشی بە خوێن و دڵەڕاوکێی هاوڵاتیی هەژار دەدرێت.
درۆنی بۆمبڕێژکراو دەگاتە سەر کونسوڵخانەکان لە هەولێر و بارەگاکانی حەشد لە کەرکوک و بەغدا دەکرێنە ئامانج ، کەچی تاکە وەڵامی ئەم حکومەتە کارتۆنییە دەرکردنی “بەیاننامەی ئیدانەکردن” و سکاڵای بێمانایە لای نەتەوە یەکگرتووەکان ! (وەک چۆن بیرمەندی ئیتاڵی، نیکۆلۆ ماکیاڤێلی زۆر بەوردی دەڵێت: “کاتێک دەسەڵاتدارێک پاراستنی وڵاتەکەی دەداتە دەست هێز و چەکی بێگانە، ئەوا ڕووخانی تەنها کاتی دەوێت.”) ئەمڕۆش سەرکردە بازرگانەکانی ئێمە، لەبری دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی نیشتمانی، ئاسمانی وڵاتیان هەڕاج کردووە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان و فڕۆکە بێگانەکان بیانپارێزن. ئەوان زۆر باش دەزانن کە مانەوەیان لەسەر کورسییەکانیان گرێدراوی ڕەزامەندیی ئەو فڕۆکانەیە کە بەسەر سەریانەوە دەسوڕێنەوە، بۆیە کەرامەتی گەلێکیان کردووەتە قوربانیی کورسییەکانی خۆیان.
بێدەسەڵاتیی حکومەت لە کۆنترۆڵکردنی ئاسماندا هەڵەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو گەورەترین ستراتیژیی ئەم دەسەڵاتە مافیاییەیە بۆ شاردنەوەی دزییەکانی. کاتێک وڵات لە حاڵەتی پشێوی و نائارامیدا بێت، منداڵە لوسکەکان و خاڵۆژن و پورەکانی بەرپرسان زۆر بە ئاسانی دەتوانن داهاتی دەروازەکان و نەوت بدزن بێ ئەوەی کەس بوێرێت لێپرسینەوەیان لێ بکات! کاتێک تۆ دەوڵەتێک بکەیتە پاشکۆی ئەجێندای وڵاتانی تر و باڵەکانی “موقاوەمە” خاوەنی ڕاستەقینەی ئاسمان و زەوی بن ، ئیتر چۆن شەرم ناکەیت داوای باج و پابەندبوون بە یاسا لە کاسبکارێکی داماو بکەیت؟
ئیتر کاتی بێدەنگی نەماوە! ئەی ئەو گەلەی کە شەوانە لە ترسی دەنگی درۆن و مووشەک خەوتان لێ زڕاوە، تف بکەنە ڕووی ئەم سەرکردە ترسنۆکانەی کە کۆشکەکانی خۆیان بە سیستەمی بەرگری تەیار کردووە و ئێوەشیان خستووەتە ژێر ڕەحمەتی ئاسمانێکی کراوە بۆ مەرگ! ڕاپەڕن و ئەو تەختە بڕووخێنن کە سەروەریی نیشتمانی کردووەتە کاڵایەکی هەرزان لە بازاڕی قوماری دەوڵەتاندا. ئەو دەوڵەتەی ناتوانێت یەک مەتر لە ئاسمانی خۆی بپارێزێت، هەرگیز ناتوانێت ژیان و کەرامەتی خەڵکەکەی بپارێزێت، بۆیە ڕاماڵینی ئەم فەنتەڵۆسانە تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی جارێکی تر ببینەوە خاوەنی ئاسمانی خۆمان!














Post Comment