بڕینی قوتی فەرمانبەران و پڕکردنى میلیشیاکان!
ئەحمەد عەبدوڵا ئیسماعیل
لە عێراقی ئەمڕۆدا، بودجەی گشتی لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتییان، بووەتە چەکێکی کوشندە بەدەست دەسەڵاتدارانەوە بۆ بەخێوکردنی هێزە چەکدارەکان و برسیکردنی کۆمەڵگا! کاتێک سەیر دەکەین حکومەتی عێراق بە بیانووی “کورتهێنانی دارایی و نەبوونی نەقدینە” مووچەی مامۆستایان، پزیشکان و فەرمانبەرانی وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان دوادەخات یان دەیبڕێت ، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیە ڕێوشوێنی تایبەت و بەپەلە بگرێتەبەر بۆ دابینکردنی مووچە و بودجەی خەیاڵیی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان ، ئەوە تێدەگەین کە کێشەکە لە “نەبوونی پارە”دا نییە، بەڵکو لە “نەبوونی دەوڵەت”دایە.
ئەمە گەورەترین گاڵتەجاڕیی حوکمڕانییە؛ حکومەتێک کە بانگەشەی سەروەریی یاسا دەکات، ئامادە نییە پارەی مانگانەی فەرمانبەرێکی سڤیل بدات کە ڕۆژانە خزمەتی وڵات دەکات، بەڵام هیچ کێشەیەکی نییە لەوەی ملیارەها دۆلار بڕێژێتە گیرفانی ئەو میلیشیایانەی کە هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەکان، چالاکوانان دەڕفێنن، و لە دەرەوەی دەوڵەت بڕیار دەدەن ! تەنانەت کاتێک ئەمریکا سزای دارایی دەخاتە سەر هەندێک لەم گرووپانە، حکومەت و بانکە فیدراڵییەکانی عێراق دەبنە پارێزەری میلیشیاکان و ڕێگەی جێگرەوە دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی پارەکەیان بێ دواکەوتن پێ بگات. بەم شێوەیە، پارەی باجدەران و داهاتی نەوتی عێراق ڕاستەوخۆ دەبێتە فیشەک و چەک بەدەست ئەو هێزانەوە کە ئاسایشی ناوخۆیی و هەرێمایەتییان خستووەتە مەترسییەوە. ئامارەکانیش دەریدەخەن کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە کاتێکدا کەرتی گشتی ڕووبەڕووی قەیران بووەتەوە، ژمارەی چەکدارانی حەشد و بودجەکەیان بە شێوەیەکی خەیاڵی دوو هێندە زیادی کردووە
لەم نێوەندەدا، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئەی سەرکردە کوردەکان (پارتی و یەکێتی) کە گوایە نوێنەرایەتیی مافی کورد دەکەن لە بەغدا، لە کوێی ئەم هاوکێشەیاندان؟ ئەوان لەبری ئەوەی ببنە بەرەیەک بۆ ڕێگریکردن لەم دزییە سیستماتیکەی بودجەی دەوڵەت و بەرگریکردن لە مووچەخۆرانی هەرێم، خۆیان بەشێکن لەم ئابوورییە تاریکە! پارتی و یەکێتی لە بەغدا خەریکی ڕێککەوتنی ژێربەژێرن لەگەڵ هەمان ئەو میلیشیایانەدا، تا بزانن چۆن دەتوانن پشکی کۆمپانیاکانیان و داهاتی دەروازە سنوورییەکان بپارێزن. ئەوان چاویان لە بڕینی قوتی فەرمانبەرانی کورد و عێراقی داخستووە، بەو مەرجەی حەشد ڕێگەیان پێ بدات لە هەرێمی کوردستان بە ئارەزووی خۆیان قۆرخکاری بکەن.
مەحمود دەروێش، شاعیری گەورە، زۆر جوان دەڵێت: “نیشتمانێک کە نانی خەڵکەکەی دەدزێت بۆ ئەوەی جەللادەکانی پێ گەورە بکات، نیشتمان نییە، بەڵکو قەسابخانەیەکی گەورەیە.” ئەمڕۆ عێراق ڕێک ئەم قەسابخانەیەیە؛ پارەی فەرمانبەر و مامۆستا دەدزێت، بۆ ئەوەی چەکدارەکانی حەشد پێ قەڵەو بکات و بیانکاتە حاکمی ڕەهای سەر شەقامەکان.
ئەو ڕۆژە دەوڵەتداری لە عێراق بە یەکجاری نێژرا، کە داهاتی نیشتمانی لەبری پەروەردە و تەندروستی، بۆ پارەدارکردنی تیرۆر و میلیشیا خەرج کرا. تا ئەو کاتەی مووچەی فەرمانبەر ببێتە قوربانیی بودجەی بێ چاودێریی چەکدارەکان و سەرکردەکانی کوردیش شەریکەبەشی ئەم تاڵانکارییە بن، عێراق و هەرێم تەنها جەنگەڵێکن کە تێیدا خاوەن چەکەکان دەژین و خاوەن قەڵەمەکانیش دەمرن!















Post Comment