بارودۆخی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەژێر حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی..!
فەلاح ئیسماعیل – چالاکوان
ئەوەی کە ئێستا پرسیارە لای خەڵکی هەرێمی کوردستان ئایا نرخی کارەبا کەمدەکرێتەوە؟ ئایا مووچە پاشەکەوتکراوەکان دەگەڕێندرێنەوە؟ بەڵام ئەم دەنگۆیانە هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی نوێی دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ فریودانی خەڵک!
لە ژێر دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان وەک یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند ساڵە خەڵک بە تاریکی و بێمووچەیی و بەقەرز ژیاوە، چەند ساڵە گەنجان بێکارن، خانەوادەکان لەژێر باری قەرزدا وێران بوون، ئێستا کاتێک فشار و ناڕەزایەتی زیاد بووە، دەڵێن (کەممان کردەوە پاشەکەوتی مووچە) یان (مووچەمان گەڕاندەوە)..!
بەڵام ئەو پارەیەی دەگەڕێندرێتەوە، پارە و مافی خەڵک خۆیەتی، نەکە ئێوە بە منەتەوە بە خەڵکی بدەنەوە یان وەک کارێکی خێرخوازی حیزب دەربکەوێت، ئەمە مافە، نەک چاکە..!
ئەگەر ڕاستگۆن بۆچی ئەو کەسانەی وڵاتیان کردە کۆمپانیا، لێپرسینەوەیان لێ نەکرا؟ بۆچی سامانی گشتی و نەوت و داهاتەکان بە شەفافیەت باس ناکرێن؟ بۆچی دادگا و یاسا تەنها بەسەر لاوازاندا جێبەجێ دەکرێت؟
ئایا کەمکردنەوەی نرخی کارەبا چارەسەری قەیرانەکەیە؟
ئایا گەڕاندنەوەی مووچەکان قەرز و زیان و ساڵانی ئازار دەسڕێتەوە؟ ئایا کەرامەتی ئەو کارمەندانە دەگەڕێتەوە کە ساڵانێک بە چاوەڕوانی مووچەکەی ژیا؟
خەڵک زۆر باش دەزانێت ئەم چاکسازیانە زۆرجار یان بە هەڵبژاردن و پاراستنی دەسەڵاتەوە هەیە، نەک بۆ خزمەتکردنی گەل، هەر کاتێک دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەبێتەوە، هەر کاتێک خەڵک دەکەونە سەر شەقام، ئینجا چاکسازیان بیر دەکەوێتەوە
ئێمە داوای شەفافیەت دەکەین، داوای سیستەمێکی یاسایی و بەرپرسیار دەکەین، داوای ئەوە دەکەین سامانی گەل بۆ گەل بەکاربهێنرێت، نەک بۆ پاراستنی دەسەڵات..!
گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بە کەمکردنەوەیەک یان نەهێشتی شتێکی کەم کۆتایی نایەت، بە ڕیشەکێشکردنی فەساد کۆتایی دێت، بە دادپەروەری و لێپرسینەوە کۆتایی دێت، کەبەداخەوە نازانین ئەم خەونی گۆڕانکارییە لە هەرێمی کوردستان دەبێتە ڕاستی یاخوود نا..!















Post Comment