ئەو دەوڵەتەی ناتوانێت سەقفی ماڵەکەی خۆی بپارێزێت، خێمەیەکی کرێنشینییە
دارەوان بەدرەدین
لە عێراق و هەرێمی ئەمڕۆدا، پرسیارەکە ئیتر ئەوە نییە کێ حوکمی زەوی دەکات، بەڵکو پرسیارە ترسناکەکە ئەوەیە کێ خاوەنی ئاسمانە؟ سەیری ئەم سەرکردە فەنتەڵۆسانە بکەن؛ بە ڕۆژی ڕووناک باس لە “سەروەریی خاکی پیرۆز” دەکەن، کەچی زیاتر لە ٦٥٠ مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاسمانی وڵاتەکەیانی کردووەتە بێژینگ ! لە کونسوڵخانەکانەوە بگرە تا دەگاتە ماڵی بەرپرسە باڵاکان و کێڵگە غازییەکان، هەمووی بووەتە ئامانجی ئاسان بۆ میلیشیا و هێزە تارماییەکان کە لە دەرەوەی هەر جۆرە لێپرسینەوەیەک کار دەکەن. کاتێک دەوڵەت ناتوانێت ڕێگری لە فڕینی تاقە تەیارەیەکی یاریی منداڵان بکات کە بە تەقەمەنییەوە دەنێردرێتە ناو جەرگەی شارەکانییەوە، ئیتر چۆن ئەم دەسەڵاتە کارتۆنییە شەرم ناکات خۆی بە خاوەنی سەروەری بزانێت ؟
گەورەترین کۆمیدیای مێژوو ئەوەیە کە دەسەڵات خۆی پارەی ئەو مووشەکانە بدات کە دواتر بەسەر سەریدا دەبارێنرێن نەبوونی هێزێکی ئاسمانیی گونجاو لەم جیهانەدا، ڕێک یەکسانە بە هەڕاجکردنی بنەماکانی ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوەیەک بەڵام ئەم منداڵە لوسکە و بازرگانانەی بەغدا و هەولێر، نەک هەر نەیانتوانیوە هێزێکی بەرگری دروست بکەن ، بەڵکو ئاسمانیان هەڕاج کردووە بۆ ئەو هێزانەی کە بودجەکانیان لە خودی خەزێنەی دەوڵەتەوە وەردەگرن! ئەو گروپانەی کە مووچەی فەرمانبەری هەژار دەبڕن بۆ دابینکردنی بودجەیان، هەمان ئەو گروپانەن کە درۆنەکانیان دژی ژێرخانی ئابووری و ماڵی هاوڵاتیان بەکاردەهێنن، دەوڵەتیش تەنها وەکو تەماشاچییەکی بێدەسەڵات سەیری ئاسمان دەکات. ئەمە لاوازی نییە، ئەمە ڕێککەوتنێکی قێزەونی ژێربەژێرە بۆ هێشتنەوەی وڵات لەناو ئەو پشێوییەدا
خۆشاردنەوە لەپشت بەیاننامەی دیپلۆماسییەوە لە کاتێکدا شارەکانت دەسوتێن، باڵاترین نیشانەی سەرکردەی بازرگان و ترسنۆکە!
کاتێک درۆنەکان هێرش دەکەن، بەرپرسانی ئێمە و خاڵۆژن و پورەکانیان تەنها یەک شت دەزانن: نووسینی بەیاننامەی “ئیدانەکردنی توند” کە تەنانەت بوێریی ئەوەیان تێدا نییە ناوی گروپە ئەنجامدەرەکانیش بهێنن ! ئەم ستراتیژییەی “بێدەنگی و خۆگێلکردن” بە ئەنقەست دروست کراوە، بۆ ئەوەی ئەم هێزە چەکدارانە بتوانن بەبێ لێپرسینەوە هەرێم و عێراق بکەنە گۆڕەپانی شەڕی هەرێمی، لە بەرامبەریشدا سەرکردەکانمان بتوانن لەسەر کورسییەکانیان بمێننەوە و درێژە بە تاڵانکردنی نەوت و دەروازەکان بدەن. ئەوان ئاسمانیان فرۆشتووە تا زەوییەکەیان بۆ تاڵانکاری بۆ بمێنێتەوە!















Post Comment